سەرۆکی پێشوی روسیا دەڵێت: لەوانەیە ترەمپ خۆشی نەزانێت مەبەستی چی بووە کە باسی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کردووە.

دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا و سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە رایگەیاند، کەس نازانێت ترەمپ مەبەستی چی بووە کاتێک باسی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کرد، لەوانەیە خۆشی نەزانێت بۆ باسی ئەتۆمی کردووە.

مێدڤێدێڤ وتیشی، لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی، روسیا ناچار دەکات کە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمیی گشتگیر لەلایەن خۆیەوە هەڵسەنگێنێت.

لەچەند رۆژی رابردوودا  ترەمپ رایگەیاندبوو، رێنمایی بە وەزارەتی جەنگی دابوو بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی.

لەلایەکی دیکەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، ئاشکرایکرد، مۆسکۆ لەوانەیە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەستپێبکاتەوە ئەگەر واشنتۆن ئەو کارە بکات.

جێگەی ئاماژەیە، هیچ وڵاتێک، جگە لە کۆریای باکور، لە سەدەی بیست و یەکدا هیچ تاقیکردنەوەیەکی چەکی ئەتۆمیی ئەنجام نەداوە کە تەقینەوەی ئەتۆمی بەدوادا هاتبێت.