کیم یۆنگ نام - سەرۆکی تەشریفاتی کۆریای باکور، لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور ئەمڕۆ ئاشکرایکرد، کیم یۆنگ نام - سەرۆکی تەشریفاتی کۆریای باکور لە تەمەنی 97 ساڵیدا بەهۆی لەوەستانی چەند ئەندامێکی جەستەیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور، سەردانی تەرمی "کیم یۆنگ نام"ی کردووە بۆ دەربڕینی هاوخەمی قوڵ لەسەر کۆچی دوایی. هەروەها رایگەیاند، پرسەی "کیم یۆنگ نام" رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت.

کیم یۆنگ نام لە ساڵی 1998 تا نیسانی 2019 وەک سەرۆکی تەشریفاتی کۆریای باکورخزمەتی کردووە.

کیم یۆنگ نام کە بە وتارەکانی پڕ لە پڕوپاگەندە و دەنگە بەرز و کاریگەرەکەی لە بۆنە گرنگەکانی دەوڵەتدا ناسراو بوو، زۆرجار لە میدیای رەسمیدا دەردەکەوت لەکاتی پێشوازیکردن لە گەشتیارە بیانییەکان لەبری کیم جۆنگ ئون و باوکی کۆچکردووی کیم جۆنگ ئیل.