وێب سایتی "The American Conservative" ئەگەری ئەوەی بەدوور نەزانیوە کە ئۆکراین بەرپرسیار بێت لەو تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوانەی کە لەم دواییانەدا لە پاڵاوگە نەوتییەکانی هەنگاریا و رۆمانیا روویانداوە.

وێب سایتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "میدیاکانی هەنگاریا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ئۆکراین لەپشت هێرشەکانی سەر هەردوو وڵاتە ئەوروپییەکەوە بێت. هەروەها چەندین شیکار گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە رەنگە ئۆکراین سەرچاوەی هێرشەکان بێت."

بەپێی راپۆرتەکە، تەقینەوەکان لە هەنگاریا و رۆمانیا روویانداوە، کە دوو وڵاتن هێشتا نەوتی روسیا دەکڕن و ئەو پاڵاوگانەش کە کراونەتە ئامانج، کاریان پاڵاوتنی نەوتی خاوی روسیا بووە. بەتایبەتی لە رۆمانیا، تەقینەوەیەک پاڵاوگەیەکی سەر بە کۆمپانیای "لوکئۆیڵ"ی روسیای هەژاند.

هۆکارێکی دیکەی گومانەکان ئەوەیە کە رووداوەکان لە 20ی تشرینی یەکەمدا روویانداوە، کە هەمان رۆژ وەزیرانی وزەی یەکێتیی ئەوروپا کۆتوبەندی نوێیان خستەسەر هاوردەکردنی نەوتی روسیا.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە شاری براتیسلاڤای پایتەختی سلۆڤاکیاش کەوتووەتەوە، کە ئەم پاڵاوگەیەش سەر بە گروپی MOLی هەنگارییە و نەوتی خاوی روسیا لە رێگەی هێڵی بۆریی "دروژبا"وە دەپاڵێوێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا رایگەیاندووە، بوداپست ئەگەری ئەوە رەتناکاتەوە کە ئاگرکەوتنەوەکەی پاڵاوگەی گروپی MOL بەهۆی هێرشێکی دەرەکییەوە بووبێت.

وێب سایتە ئەمریکییەکە سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە "بێدەنگییەکی بەرچاو" لە میدیاکانی رۆژئاوادا لەبارەی ئەم رووداوانەوە هەبووە.