
میدیایەکی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانن، لەوەی ئێران بەرنامەی موشەکی بالیستیکی فراوانتر دەکات، دەیانەوێت لە کۆبونەوەی داهاتووی ناتانیاهۆ و ترەمپدا ئەو دۆسییەیە گفتوگۆ بکەن، کە دەبێتەهۆی دروستکردنی مەترسییەکی نوێ لە ناوچەکەدا و رەنگە ناتانیاهۆ پێشنیازی دووبارە هێرشکردنە سەر ئێران بخاتە بەردەم ترەمپ.
کەناڵی NBCـی ئەمریکی ئاشکرای کردوە، بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی، ئێران بەرهەمهێنانی بەرنامەی موشەکی بالیستیکی فراوانتر دەکات، لە دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە لە سەرەتای ئەمساڵدا زیانیان پێگەیشت.
کەناڵە ئەمریکییەکە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەهۆی هەوڵەکانی تاران بۆ خۆبەهێزکردنەوە لە روی سەربازییەوە بەرپرسانی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بژاردەکانی دووبارە هێرشکردنە سەر تاران ئاگادار بکەنەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی ئێران لە هەوڵی چاکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا، کە پیتاندنی یۆرانتۆمی تێدا ئەنجامدەدات و لەلایەن ئەمریکاوە کرانە ئامانج، هەروەها هەوڵەکانی ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو دامەزراوانەی کە موشەکی بالیستیکی تێدا بەرهەمدەهێنن و چاککردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، کە زیانی پێگەیشتبوو.
ئەم کارانەی ئێران وایکردوە، ئیسرائیل ئەو هەنگاوانە بە مەترسیەکی نوێ بزانێت بۆسەر وڵاتەکەیە و بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ کەناڵیNBC ئەمریکی کردوە، ئیسرائیل دەیەوێت دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران و بۆ ئو مەبەستەش ناتانیاهۆ ترەمپ ئاگاداردەکاتەوە.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆببنەوە و سەرچاوەکان دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت ناتانیاهۆ ئەو دۆسیەیە بۆ ترەمپ بخاتەڕوو، کە فراوانکردنی بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێران هەڕەشە دروست دەکات و رەنگە پێویسی بە کاردانەوەی خێرا بێت.
سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بە مەبەستی کۆتای هێنان بە شەڕ واشنتۆن پێشنازی نوێی کردوە بۆ ئەنجامدانی خولێکی تری گفتوگۆ لە نێوان وڵاتەکەی و روسیادا، سەرۆکی ئۆکراین راشیگەیانداوە ئەگەر ئاسایش گەرەنتی بکرێت، دەتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ شەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئەمریکا پێشنیازی کردووە لەسەر ئاستی راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی دانوستان لەنێوان تیمەکانی ئۆکراین و روسیا لە میامی ئەنجام بدرێت، وتوشیەتی دڵنیا نییە، لە جددیەتی ئەو کۆبوونەوە پێشنیاز کراوە، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕی دیلەکان یان رێگە خۆش بکات بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکان، ئەوا قبوڵ دەکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، بە گوێرە پێشنیازەکەی واشنتۆن، کۆبونەوەکە لە نێوان ئەمریکا و ئۆکراین و روسیا دەبێت و ئەو پێی وایە لۆژیکی دەبێت ئەگەر وڵاتە ئەوروپییەکانیش ئامادەیان هەبێت لە کۆبوەوەکەدا.
لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندوە، لەگەڵ لایەنی ئەمریکی باسیان لە پرسی دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان کردوە، ئەوانیش دەزانن چۆن دەتوانن هاوکاریان بن و ئەگەر ئاسایش گەرەنتی بکرێت، دەتوانرێت هەڵبژاردن لە ئۆکراین ئەنجام بدرێت سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ روسیادا لە جەنگدان.
سەرۆکی ئۆکراین ئەوەشی رونکردەوە، پوتن بڕیار نادات، کە چۆن هەڵبژاردن لە ئۆکراین بەڕێوەدەچێت، ئەگەر هەڵبژاردنیشیان ئەنجامدا ئەوا ئەو شوێنانە ناگرێتەوە، کە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی روسیادایە.
وەزارەتی داد-ی ئەمریکا بەشێکی نوێی لە بەڵگەنامە چاوەڕوانکراوەکانی تایبەت بە دۆسیەی "جێفری ئێپستاین"، ملیاردێری کۆچکردووی ئەمریکا بڵاوکردەوە، کە وردەکاریی نوێ و شۆکهێنەری تێدایە و پێدەچێت دەرهاویشتەی سیاسیی لێبکەوێتەوە.
شاردنەوەی ناوی 254 "مەساجکەر"
لەو کۆمەڵە بەڵگەنامە زۆرەی کە بڵاوکراونەتەوە و قەبارەکەیان دەگاتە 3 گێگابایت، حەوت لاپەڕە هەن کە تێیدا ناوی 254 "مەساجکەر" هاتووە، بەڵام بە پاساوی "پاراستنی زانیاریی قوربانییە ئەگەرییەکان" سەرجەم ناوەکان بە رەش داپۆشراون و شاراوەن.
کلینتۆن بە عەزی و پێڵاوی پاژنە بەرزەوە:
یەکێک لە سەیرترین ئەو بەڵگانەی ئاشکرا بوون، وێنەیەکە کە لە شوقەکەی ئێپستاین لە مانهاتن هەڵواسراوە و تێیدا بێڵ کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بە عەزییەکی رەنگ شین و پێڵاوی پاژنە بەرزەوە دەردەکەوێت.
هەروەها لە بەڵگەکاندا وێنەی کلینتۆن بڵاوکراوەتەوە کە پشوویەک لەگەڵ ئێپستاین و گیسلێن ماکسوێڵ و ژنێکی نەناسراودا بەسەر دەبات.
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکاندا، وێنەیەکی جێفری ئێپستاین لەگەڵ مایکڵ جاکسۆن، ئەستێرەی پۆبی جیهانی دەردەکەوێت. هاوکات وێنەیەکی دیکەی ئێپستاین بڵاوکراوەتەوە کە بە "شەوقەوە" سەیری کێکێک دەکات کە لەسەر شێوەی سنگی ژن دروستکراوە.
ترەمپ و یاسای بڵاوکردنەوەکان:
سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناوی لە دەفتەرێکی پەیوەندییەکاندا هاتووە کە لەناو دۆسیەکەدا دۆزراوەتەوە، بەڵام روون نییە دەفتەرەکە هی کێیە.
بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەی چەند مانگێک پرۆسەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی دواخستبوو، بەڵام دواجار لەژێر فشاری کۆنگرێسدا مانگی رابردوو یاسایەکی ئیمزا کرد کە پابەندی دەکات بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان.
تۆد بلانچ، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی داد و پارێزەری پێشووی ترەمپ رایگەیاند، وەزارەتەکە دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە شاردنەوەی ناو و زانیارییە هەستیارەکان بۆ پاراستنی سەدان قوربانیی ئێپستاین.
ململانێی دیموکراتەکان:
ئەم شێوازە لە بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان توڕەیی دیموکراتەکانی لێکەوتووەتەوە؛ چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران دەڵێت یاساکە روونە و دەبێت "هەموو بەڵگەکان" ئاشکرا بکرێن.
هاوکات ئانجێل ئۆرێنا، بەڕێوەبەری نووسینگەی کلینتۆن رایگەیاندووە، دواخستنی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان لەلایەن کۆشکی سپییەوە بۆ پاراستنی کلینتۆن نەبووە، بەڵکو "بۆ پاراستنی خۆیان بووە".
جێفری ئێپستاین ساڵی 2019 لە زیندانێکی نیویۆرک بە مردوویی دۆزرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدا بوو چاوەڕێی دادگایی کردن بوو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ.
سەرۆكی ئۆكراین هۆشداری دەدات و دەڵێت ئەگەر وڵاتەكەی شكست بهێنێت روسیا دەستبەرداری پێشێلكاریەكانی نابێت و هێرش دەكاتە سەر پۆڵەندا.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراین، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ كارۆڵ ناوڕۆكی، هاوتا پۆڵەندییەكەی، هۆشداری دایە ئەو وڵاتە و رایگەیاند، ئەگەر روسیا لە شەڕی ئۆكرایندا سەركەوتوو بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە پەلیش دەهاوێژێت بۆ خاكی پۆڵەندا.
سەرۆكی ئۆكراین جەختیشی لە گرنگیی یەكڕیزیی نێوان كیێڤ و وارشۆ كردەوە و وتی، ئەگەر ئۆكراین سەربەخۆیی لەدەستبدات، ئەوا گومانی تێدا نییە مۆسكۆ بەرەو پۆڵەندا دەڕوات.
زیلینسكی ئاماژەی بەوەشكرد، مانەوەی هەردوو وڵات بە یەكترەوە بەستراوەتەوە و پێویستە لە بەرەیەكدا دژی داگیركارییەكانی روسیا بوەستنەوە.
ئەو لێدوانانەی زیلینسكی لەكاتێكدان، فشارە سەربازییەكانی روسیا بۆسەر ئۆكراین بەردەوامن و ئۆكراینیش هەوڵ دەدات پشتگیریی هاوپەیمانە نزیكەكانی لە ئەوروپای رۆژهەڵات بە پتەوی بهێڵێتەوە بۆ پێشگیری لە فراوانتربوونی جەنگەكە.
سەرۆكی ئەمریكا راگەیاند، دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ڤەنزوێلا بەدوور نازانێت، ئەو بابەتە كۆتایی نەهاتووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنوسدا سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ڤەنزوێلادا، راگەیاند، ئەو ئەگەرە بەدوور نازانێت و تا ئێستاش لەسەر مێزی گفتوگۆكانیانە
وتیشی، ئۆپراسیۆنی زیاتر دژی كەشتیە نەوتهەڵگرەكانی ڤەنزویلا بەردەوامە.
ئەو قسانەی لە كاتێكدایە، كە رۆژی دوو شەممەی رابردوو، ترەمپ جارێكی دیكە زۆر بە توندی كەرتی وزەی حكومەتی ڤەنزوێلا كردە ئامانج و رایگەیاند، گەمارۆ دەخاتە سەر تەواوی ئەو كەشتیە نەوت هەڵگرانەی ڤەنزوێلا كەپێشتر سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
سێرگی مێلیک بۆگداسارۆڤ، باڵیۆزی روسیا لە ڤەنزوێلا، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە ژمارەیەک لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە و باس لەوەدەکەن، ڤەنزوێلا داوای لە روسیا کردوە هێزی سەربازی لە خاکەکەیاندا جێگیر بکات.
لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، باڵیۆزەکەی روسیا پشتراستیکردوەتەوە،کە دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا هیچ داواکارییەکی لەو جۆرەیان لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پێشکەش نەکردووە، رونیکردوەتەوە، کە هاوکارییە سەربازی-تەکنیکییەکانی ئێستای نێوان مۆسکۆ و کاراکاس سنووردارە بە جێبەجێکردنی ئەوەی کە لە گرێبەستەکانی پێشوودا لەسەری رێککەوتوون، بەبێ هیچ فراوانکردنێک و داواکارییەکی نوێ.
جەختیشیکردوەتەوە لەوەی روسیا پشتیوانییەکی بێوچانی خۆی بۆ حکومەتی ڤەنزوێلا بە سەرۆکایەتی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا دوپاتدەکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا روون نییە ئەمریکا چۆن فەرمانەکەی ترەمپ جێبەجێ دەکات، کە بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوە یان دەرچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لە ڤەنزوێلاو سزادانیان، لە کاتێکدا نیکۆلاس مادۆرۆ فەرمانی بە هێزە دەریای وڵاتەکەی کردوە، یاوەری ئەو کەشتیانە بکەن، کە نەوتی وڵاتەکە دەگوازنەوە.
دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا بە پاڵپشتیکردنی ئۆکراین بە 90 ملیار یۆرۆ لە سامانە بلۆکراوەکانی روسیا، ئیمانوێل ماکرۆن داوایکرد، رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ دەستپیکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ روسیا لە هەفتەکانی داهاتوو دا.
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندوە؛ لە هەفتەکانی داهاتوودا، دەبێت رێگە و هۆکارەکان بۆ ئەورووپییەکان بدۆزینەوە، لە چوارچێوەیەکی گونجاودا، بۆ ئەوەی جارێکی تر دەست بە گفتوگۆیەکی تەواو و روون لەگەڵ روسیا بکەن.
ماکرۆن پێی وایە، گفتوگۆکردن لەگەڵ روسیا لە بەرژەوەندی ئەوروپیەکان و ئۆکرایندایە، سەرەڕای پابەندبوونی بەردەوامی یەکێتیی ئەوروپا بە دابینکردنی پارە و پشتیوانی بۆ ئۆکراین، جەختیکردوەتەوە پێویستە لە هەفتەکانی داهاتوودا رێگە و میکانیزمێک بدۆزرێتەوە، کە رێگە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیەکی تەواو لەگەڵ روسیا بدات.
ئەم قسانەی ماکرۆن لە دوای ئەوە دێت، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا لە پارە بلۆکراوەکانی روسیا، بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ پاڵپستی دارایی ئۆکراین بکات لە دوو ساڵی داهاتوودا.
جیی باسە، لە مانگی تەمموزی رابردوودا یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا لە نێوان پوتن و ماکرۆن ئەنجامدرا و لە پەیوەندییەکەدا هەردوو سەرکردەکە روشی ئۆکراین و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا 90 ملیار یۆریۆ وەک پاڵپشتی دارایی بە شێوەی قەرزی بێ ئەوەی سووی بچێتە سەر بداتە ئۆکراین ئەمەش لە دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئۆکراین هۆشداری دابوو، ئەگەر پاڵپشتی نەکرێن رەنگە شکستبهێنن و یەکێتی ئەوروپاش بە خوێن بەجاکەی دەدات.
دوای کۆبوەنەوەی یەکێتی ئەوروپا، لەسەر پاڵپشتیکردنی ئۆکراین بە پارە بلۆکراوەکانی روسیا، یەکێتی ئەورپا بڕیاریاندا 90 ملیۆن یۆریۆ بە شێوەی قەرز بدەنە ئۆکراین و قەرزەکەش لە پارە بلۆکراوەکانی روسیا نییە، ئاماژەی بەوەش کردوە ئەو پاڵپشتییە داراییە بۆ ساڵەکانی 2006 و 2027 دەبێت.
ئەنتۆنیۆ كۆستا سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند، سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا رۆژی هەینی رێككەوتنێكیان ئەنجامدا بۆ پێدانی قەرزێكی 90 ملیار یۆرۆیی بە ئۆكراین بۆ پڕكردنەوەی كۆرتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاینی سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، ئۆكراین لە كاتی وەرگرتنەوەی قەرەبوی جەنگ دەبێت قەرزەكانی بداتەوە.
ئەمە لە کاتێكدای، پێشتر لەسەر هەمان پرس دۆناڵد تاسک سەرۆک وەزیرانی پۆڵەنداش رایگەیاند، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسیل، رێکککەوتون لەسەر ئەوەی لە ساڵەکانی 2026 و 2027 دا بە بەکارهێنانی سامانە بلۆکراوەکانی روسیا پاڵپشتی دارایی ئۆکراین بکەن، نەک پشت بەستن بە قەرزکردن.
تاسک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بە دڵنیاییەوە ئامانجیان پێشکەوتنە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە شایەنی هەوڵدان و بەکارهێنانی سەروەت و سامانی روسیا بۆ بەرژەوەندی ئۆکراین رەوا و باش دەبێت بۆ ئەوروپا.
لە دوای لەشکرکێشییەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، 210 ملیار یۆرۆ لە سەروەت و سامانی روسیا لە یەکێتی ئەوروپا بلۆکراوە، کە 185 ملیاریان لە بەلجیکایە و ئەو وڵاتە ترسی ئەوەی هەیە ببێتە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی روسیا ئەگەر رازی بێت بە پێدانی پارەکانی روسیا بە ئۆکراین وەک ئەوەی لە پلانی یەکێتی ئەوروپادا هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا هەڕەشی کردبوو، لە ئەگەری پێدانی پارە بلۆکراوەکانی بە ئۆکراین، لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئۆکراینیش رایگەیاندبوو، لە قەیرانی دارایی قوڵدان، ئەگەر یەکێتی ئەوروپا ئەو پارەیان پێنەدەن، کە پێوستیانە ئەوا رەنگە بەرانبەر روسیا شکست بهێنن و یەکێتی ئەوروپاش باجەکەی بە خوێن دەدات.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێیان بەسەر ژمارەیەک کەشتی دا سەپاندوە، کە بە ناڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن و نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو وڵاتەیان بە شێوازێکی فریودەرانە گواستوەتەوە، ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەردەوام دەبن لە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی تاران، کە بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە سەربازی و چەکدارییەکانی بەکاری دەهێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییەکانی بیانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاندوە، سزای نوێی بەسەر 29 کەشتی دا سەپاندوە کە بە ناڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن و بە گوێەری راگەیەندراوەکە سزاکان، کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکانی پەیوەندیدار بەوانیش دەگرێتەوە کە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بەرهەمی نەوتیی ئێرانیان گواستووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، لە نیو سزادراوەکاندا، حاتم ئەلسەید فەرید ئیبراهیم سەکر، بازرگانی میسڕیش دەگرێتەوە، کە کۆمپانیاکانی لەگەڵ حەوت لەو کەشتیانەدا کاری کردوە کە نەوتی ئێرانیان گواستوەتەوە.
لەبارەی ئەم سزایانەوە، جێگری وەزیری خەزێنە لە کاروباری تیرۆر و زانیارییە داراییەکانی ئەمریکا وتویەتی؛ هەروەک سەرۆک ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی هەبێت و وەزارەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی تاران، کە بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە سەربازی و چەکدارییەکانی بەکاری دەهێنێت.
سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، کورتهێنانی دارایی کاریگەری تەواوی کردوەتە سەریان لە شەڕی روسیادا، ئاماژەی بەوەشکرد زۆر بەی سەرکردەکانی ئەوروپا پشتگیری ئەوە دەکەن قەرزێکیان پێبدرێت، لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤۆلۆدیمێر زیلینیسکی، سەرۆکی ئۆکراین هۆشداری دا لەوەی توشی قەیرانی دارایی دەبن و ئەوەش کاریگەری تەواو دەکاتە سەر تواناکانیان لەشەری روسیادا، بە تایبەت لە سەنگەرەکانی پێشەوە.
سەرۆکی ئۆکراین ئەوەشی ئاشکراکرد، زۆرینەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا پشتگیریی ئەوە دەکەن، کە قەرزێکیان پێبدرێت، کە سەرچاوەکەی پارە بلۆککراوەکانی روسیایە لە ئەوروپادا و هۆشداریشیدایە وڵاتانی ئەوروپا لە ئەگەری هاوکاری نەکردنی ئۆکراین، ئەوان رەنگە نەتوان بەردەوام بن.
زینلینسکی، پەیامێکیشی ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا کرد، دەڵێت ئەگەر هاوکاری نەکرێن، تەنها ئۆکراین زەرەر ناکات، بەڵکو ئەوروپاش باجەکەی دەدات و جەختیکردوەتەوە باجەکەش بە خوێن دەبێت.
سەرۆکی ئۆکراین ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ئێستادا لە قەیرانێکی گەورەی داراییدان و ئەگەر وڵاتەکەی ئەو پارەیەی پێویستیەتی دەستی نەکەوێت، ئەوا بە ناچاری بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کەمدەکەنەوە، کە لە شەڕی روسیادا یەکێکە لە چەکە بەهێزەکانی وڵاتەکەی و ئەمەش کاریگەری لەسەر سوپاکەیان دەبێت.
سەڕەڕای گەمارۆكانی ئەمریكا، ڤەنزوێلا جەخت لە بەردەوامی هەناردەكردنی نەوت دەكاتەوە و دەڵێت هەرەشەكانی ترەمپ ناتوانێت رایانبگرێت.
ئیڤان جیل،وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاند ، كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی ، پێترۆلیۆس دی ڤەنزوێلا، بەردەوامە لە هەناردەكردنی نەوت وەك كاتی ئاسایی، جەختیشی لەوەش كردەوە ، تانكەرەكانی كۆمپانیاكە بە گەرەنتی ئاسایشی تەواوەوە دەڕۆن.
سوپای ڤەنزوێلاش بە دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی رەسمی یەكگرتووی خۆی، رایگەیاند، هەڕەشەكانی ترەمپ ناتوانێت رایانبگرێت.
لەلایەكی ترەوە، ئەمڕۆ لە دەستپێكی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە لەندەن، نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، ئەمەش دوای هەفتەیەك لە دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوت هەڵگرەكانی ڤەنزوێلا دێت لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئیدارەکەی لە ماوەی رابردوودا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و توانیویەتی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا رایگەیاند، ئیدارەکەی لەو ماوەی 11 مانگی رابردوودا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، هەروەها توانیویەتی کۆتایی بە جەنگ لە غەززە بهێنێت و مەترسیی ئەتۆمیی ئێران بنبڕ بکات، دەشڵێت، بۆ یەکەمجار لە دوای سێ هەزار ساڵەوە ئاشتیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێناوە.
وتیشی، کۆتایی بە هەشت جەنگ هێناوە لە ماوەی دە مانگدا و بارمتە ئیسرائیلییەکانی لە غەززە گەڕاندووەتەوە بە زیندوو و مردووەکانیشەوە.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، هێزی سەربازی بۆ وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە و ئێستا ئەوان بە جیاوازییەکی زۆرەوە بەهێزترین سوپایان هەیە لە جیهاندا.
لە بارەی ناوخۆی وڵاتەكەشیەوە، ترەمپ ئاشکرایکرد، یاسای بێ وێنەیان دەركرد بۆ پاراستنی سنوورەكانیان كە بەهۆیەوە لە مانگی رابردوو هیچ كۆچبەرێكی نایاسایی نەچووەتە ناو ئەمریكاوە، وتیشی ،واشنتۆنی پایتەخت لە جاران سەلامەتترە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریكی ئاشكرایكرد، هاوپەیمانانی ئۆکراین لە ئەوروپا، بەردەوامی جەنگیان پێباشترە لەوەی رێککەوتنێکی "ئاشتی لەرزۆک" قبوڵ بکەن، کە ببێتە هۆی بەهێزبوونی روسیا و دروستبوونی مەترسی نوێ لەسەر کیشوەرەکە.
بەپێی راپۆرتەکە، سەرکردەکانی ئەوروپا جگە لە پاڵپشتیكردنی دیموكراسی و یاسای نێودەوڵەتی بۆ بەرگریکردن لە کیێڤ، ترسێکی گەورەیان هەیە لەوەی هەر رێککەوتنێک لە بەرژەوەندی مۆسکۆ بێت، دەرگا بۆ جەنگێکی فراوانتر دەکاتەوە کە رەنگە هەموو ئەوروپا بگرێتەوە. ترسەکە لەوەدایە روسیا بە هێزێکی سەربازی و بەرهەمهێنانی گەورەوە لە دانوستانەکان دەربچێت و متمانەی ئەوەی هەبێت سنورەکان بە زەبری هێز بگۆڕێت.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریكا و تیمەکەی هەوڵی چارەسەرێکی خێرا دەدەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە کە خەریکە پێ دەنێتە ساڵی پێنجەمەوە. بەڵام بۆ ئەوروپا و ئۆکراین، "ئاشتییەکی خراپ"، کیێڤ دەکاتە نێچیرێکی بریندار و لاواز لەبەردەم مۆسکۆدا، بۆیە بەردەوامی جەنگ و بەرگرییان پێ باشترە.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هۆشداریدا و وتی: "داهاتووی ئۆکراین بە توندی بەستراوەتەوە بە داهاتووی ئێمەوە، ئەگەر ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ ئۆکراین مسۆگەر نەکرێت، هیچ گەرەنتییەک بۆ ئاسایشی ئێمەش نامێنێت".
ئەم جیاوازییە لە بۆچوونەکان، درزێکی قوڵی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریكا دروستکردووە؛ ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لەپێناو "سەقامگیری ستراتیژی" و دەرفەتی بازرگانی لە روسیا نزیک بێتەوە، بەڵام ئەوروپییەکان مۆسکۆ وەک مەترسییەکی درێژخایەن دەبینن و پێیانوایە دەبێت سزای دەستدرێژییەکەی وەربگرێت و متمانە بە دەستبهێنێتەوە.
راپرسییەک کە لەلایەن پەیمانگای زانکۆی ئەوروپاوە ئەنجامدراوە و رای زیاتر لە 500 شارەزای ئەمنی وەرگرتووە، دەریدەخات کە "ئاگربەست لە بەرژەوەندی روسیا" یەکێکە لە دوو مەترسییە گەورەکەی سەر یەکێتیی ئەوروپا بۆ ساڵی داهاتوو، چونکە پەیامێک دەبێت بەوەی ئەوروپا توانای پاراستنی خۆی و رێگریكردن لە مەترسییەکانی داهاتووی روسیای نییە.
سەبارەت بە هەنگاوە کردەییەکان، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە سەرکردەکانی ئەوروپا لە برۆکسل کۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی روسیا بۆ پێدانی قەرزێک بە بڕی 105 ملیار دۆلار بە ئۆکراین، تا بتوانێت پێداویستییە سەربازییەکانی دوو ساڵی داهاتووی پێ دابین بکات.
پوتن رایگەیاند، لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە 300 شار و شارۆچکەیان لە ئۆکراین کۆنتڕۆڵکردوە، دەشڵێت؛ ئەگەر دیپلۆماسی شکستی هێنا، ناچار دەبن خاکە مێژووییەکانیان بە رێگەی سەربازی کۆنتڕۆڵبکەنەوە.
فلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتارێکیدا رایگەیاند، ئەوان سورن لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە شەڕی ئۆکرایندا و دەشزانن، کە وڵاتانی زلهێزی ناتۆ لە پشت ئۆکراینەوەن و چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ کێیڤ دابین دەکەن.
پوتین جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە پشت بەستن بە هێزی سەربازی وەک گەرەنتییەکی یەکلاکەرەوە بۆ سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی روسیا.
ناوبراو ستایشی هێزە چەکدارەکانی کرد وەک "قەڵغانی پاراستنی دەوڵەت" ناوی بردن وبەڵێنیدا هەموو شتێک بکات بۆ دەستەبەرکردنی کەرامەت و خۆشگوزەرانی خۆیان و خیزانەکانیان.
پوتن ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانیان لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە 300 شار و شارۆچکەیان لە ئۆکراین کۆنتڕۆڵکردوە و ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ پێشەوە لە بواری سەربازیدا و بەم نزیکانە روسیا مووشەکی نوێی هایپەرسۆنیک دەخاتە خزمەتی سەربازییەوە.
سەرۆکی روسیا جەختیکردەوە ئەوان، هێشتا پێیان باشترە لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەری رەگ و ریشەی ململانێکان بکەن، هۆشداریشیدا لەوەی روسیا "رێگای گونجاو دەدۆزێتەوە" بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکە مێژوییەکانی ئەگەر لایەنە دوژمنکارەکان و لایەنگرانیان بەردەوام بن لە پشتگوێخستنی چارەسەرە دیپلۆماسییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی ناعەقڵانی هەوڵ دەدات گەمارۆی دەریایی بەسەر ڤەنزوێلادا بسەپێنێت بە ئامانجی دزینی سامانی میللەتەکەیان.
وەزارەتەکە ئەوەشیان خستوەتەڕوو، وڵاتەکەیان جارێکی تر هەرگیز نابێتەوە بە داگیرکراوی هیچ ئیمپراتۆریەتێک یان دەسەڵاتێکی بیانی و بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردنی بێ مەرجی سەربەخۆیی خۆی.
داواش لە گەلی ئەمریکا و گەلانی جیهان دەکات، بەرانبەر بەم هەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ بێدەنگ نەبن، کە بە ئاشکرا مەبەستی بردنی سامانی وڵاتەکەیانە.
وەک وەڵامیک بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا جەختدەکاتەوە، گەلی ڤەنزوێلا، بە یەکگرتوویی جەماوەری سەربازی تەواوەوە، دەزانێت چۆن بەرگری لە مافە مێژووییەکانی بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، گەمارۆی تەواوی ئەو کەشتیانە دەدەن، کە دەچنە ڤەنزوێلا و ئەوانەشی ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن، ترەمپ ڤەنزوێلای بە بردنی نەوتی ئەمریکا تۆمەتبار کردوە و رایگەیاندوە، گەمارۆکان بەردەوام دەبن تا ئەو نەوت و سامانەی ئەمریکایان بردوە نەیگەڕێننەوە.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی گەمارۆدانی تەواوەتیی بەسەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکان بۆ چونە ژورەوە و هاتنەدەرەوەی لە ڤەنزوێلا دەرکرد، دەسەڵاتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆشی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشان کرد و تۆمەتباری کرد بە بەکارهێنانی سەروەت و سامانی دزراوی ئەمریکا بۆ دابینکردنی بودجەی تیرۆر و قاچاخچێتی و چالاکییە تاوانکارییەکانی تر.
سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی تروس، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی؛ ڤەنزوێلا بە تەواوی دەورە دراوە و گەمارۆکە بەردەوام دەبێت تا هەموو ئەو نەوت و زەوی و سەروەت و سامانانەی تر کە لێیان دزیوین بۆ ئەمریکای دەگەڕێنرێنەوە.
ئاماژی بەوەشکردوە؛ دەسەڵاتی ناشەرعی مادورۆ نەوتی ئەم کێڵگە نەوتییە دزراوانە بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی بودجەی خۆی بۆ مادەی هۆشبەر، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کوشتن و رفاندن.
ترەمپ نوسیویەتی؛ بەهۆی دزینی سەروەت و سامانەکانیان و بەهۆی چەندین هۆکاری دیکەوە، لەوانە تیرۆر، بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ، دەسەڵاتی ڤەنزوێلا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانکراوە.
ترمپ دەشڵێت؛ ئەمڕۆ فەرمانی گەمارۆی تەواوەتی بەسەر هەموو کەشتییە نەوت هەڵگرەکەندا دەدات و هەموو ئەو کەشتیانە سزادەدات، کە دەچنە ڤەنزوێلا یاخود ئەو وڵاتەا بە جێدەهێڵن.
ترەمپ جەختیکردوەتەوە لەوەی، ئەو کۆچبەر و تاوانبارانە نایاساییانەی کە دەسەڵاتی مادۆرۆ لە سەردەمی ئیدارەی لاواز و ناکارامەی بایدندا بۆ ئەمریکا ناردوە، بە خێرایی دەگەڕێندرێنەوە بۆ ڤەنزوێلا و ئەمریکا رێگە نادات تاوانباران، تیرۆریستان، یان وڵاتانی دیکە هەڕەشە لە گەلەکەیان بکەن و تاڵان بکەن یان زیانیان پێ بگەیەنن.