ئیسرائیل لە دەریاشدا بەدوای "مۆبایلە ونبووەکە"دا دەگەڕێت
راهۆز
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
گەڕان و پشکنینەکان لە ئیسرائیل بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی مۆبایلی یفعات تۆمەر یەروشالمی، داواکاری گشتیی پێشووی سوپا، کە پۆلیس گومانی هەیە بە ئەنقەست فڕێیدابێتە دەریاوە بۆ ئەوەی دەستیان بە بەڵگەکان نەگات و نەزانن چی تێدایە.
رۆژنامە ئیسرائیلییەکان وێنەی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانیان لە کەناری هاتسوک لە تەلئەبیب و تەنانەت لەناو ئاوی دەریاشدا بڵاوکردووەتەوە.
پێشتر ترسی ئەوە هەبوو کە ئەو بەرپرسەی پێشوو زیانی بەخۆی گەیاندبێت، بەهۆی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەسەر دزەپێکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کرابووەوە و کاردانەوەی گەورەی لە ئیسرائیل لێکەوتبووەوە. دواتر یەروشالمی بە زیندوویی دۆزرایەوە، بەڵام مۆبایلەکەی نەدۆزرایەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ناوبراو بە لێکۆڵەرانی وتووە کە بیری نایەت چی بەسەر مۆبایلەکەیدا هاتووە، لە کاتێکدا پۆلیس گومان دەکات رەنگە هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەی دابێت کە لە دۆسیەکەدا لە دژی بەکاردەهێنرێت.
رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل دەستگیرکردنی داواکاری گشتیی پێشووی سوپای راگەیاند، ئەمەش چەند رۆژێک دوای دەستلەکارکێشانەوەی و دانپێدانانی بەوەی کە نووسینگەکەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دزەپێکردووە کە تێیدا سەربازان دەستدرێژی دەکەنە سەر دەستگیرکراوێکی فەلەستینی لە زیندانێکی سەربازیدا لە ساڵی 2024.
دزەپێکردنی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدان:
سوپا رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، یەروشالمی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی رەسمیدا دەستی لەکارکێشاوەتەوە کە لەسەر دزەپێکردنی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوێک بە چاوبەستراوی لە بنکەی سدی تێمان کرابووەوە. بەپێی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی، داواکارە گشتییەکە دانی بەوەداناوە کە فەرمانگە یاساییەکەی ساڵی رابردوو ڤیدیۆکەی داوەتە میدیاکان.
لە مانگی شوباتی رابردوودا، پێنج سەربازی یەدەگ بە تۆمەتی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوێکی فەلەستینی لە تەموزی 2024 تۆمەتبار کران، کە بەهۆی "توندوتیژییەکی زۆرەوە" توشی "برینی سەخت" بووبوو، لەوانە شکانی پەراسوەکانی و کونبوونی سییەکانی.
ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، رایگەیاند: "رێککەوتن کراوە کە دەزگای زیندانەکان وریایی زیاتر بنوێنێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی دەستگیرکراوەکە." هەروەها جەختی لە "گرنگیی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی زۆر پیشەییانە بۆ دەرخستنی راستیی تەواوی دۆسیەکە کردەوە، کە بووە هۆی هەڵمەتێکی شێواندن دژی سەربازانی سوپای ئیسرائیل."
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، دادگایەک لە تەلئەبیب بڕیاریداوە تا نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بە دەستبەسەرکراوی بمێنێتەوە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، داواکاری گشتیی پێشوو رووبەڕووی چەندین تۆمەت بووەتەوە، لەوانە "فێڵکردن، خیانەت لە ئەمانەت، خراپ بەکارهێنانی پۆست، رێگریکردن لە دادپەروەری و ئاشکراکردنی زانیاری لەلایەن فەرمانبەرێکی گشتییەوە."
کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، پۆلیس گومانی هەیە کە داواکاری گشتیی پێشوو نیازی خۆکوشتنی نەبووە، بەڵکو رووداوی دیارنەمانەکەی دروستکردووە بۆ ئەوەی لە مۆبایلەکەی رزگاری بێت، کە پێیان وایە زانیاریی هەستیاری تێدایە.



