جیهانجیهان

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەلەمێکی لاستیکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی لیبیا نوقمبووە و بەهۆیەوە 42 کۆچبەر بێسەروشوێنن و وا گریمانە دەکرێت گیانیان لەدەستدابێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی رێکخراوەکە، بەلەمەکە 49 کۆچبەری هەڵگرتبوو، بەڵام تەنها حەوت کەسیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیاوە رزگارکراون. رزگاربووان بۆ ماوەی شەش رۆژ لە دەریادا مابوونەوە تا لە نزیک کێڵگەی نەوتی ئەلبوری دۆزرانەوە.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن بریتین لە 29 هاووڵاتیی سودانی، هەشت سۆماڵی، سێ کامیرۆنی و دوو نەیجیری.

هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان دەستیپێکردووە، هەرچەندە هیواکان بۆ دۆزینەوەیان بە زیندوویی زۆر کەمبوونەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی سوریا رایگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ یەكخستنەوەی هێزەكان لە سوریادا ئەوەیە ئەمریكا سەرپەرشتی پرۆسەكە بكات. دەشڵێت: لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر سنورەكانیان.

ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی راگەیاندووە، باشترین چارەسەر بۆ یەكخستنەوەی هێزەكان لە سوریا و تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات 'هەسەدە' بە سوپای سوریا ئەوەیە، ئەمریكا سەرپەرشتیی ئەو یەكگرتنەوەیە بكات، بە جۆرێك كە دەوڵەت ئەركی پاراستنی سوریا لە ئەستۆ بگرێت.

شەرع وتووشییەتی، لەئێستادا لەگفتوگۆدان لەگەڵ ئیسرائیل و بەرەو رێككەوتن هەنگاو دەنێین، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتاییش پێویستە ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەر لە رووخانی رژێمی ئەسەد لێی بووە.

سەرۆكی سوریا ئەوەشی خستووەتە روو، ماوەی 10 ساڵ وەك ئۆپۆزسیۆن شەڕی روسیایان كرد، بەڵام لە ئێستادا حكومەتی سوریا پێویستی بە روسیایە و بەرژەوەندی ستراتیژیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سورن لەسەر دادگاییكردنی ئەسەد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند؛  لە دوو هێرشدا بۆسەر دوو بەلەم کە کاریان گواستنەوە مادەی هۆشبەر بووە لە زەریای هێمندا شەش کەس کوژراون، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەمریکا کردونیەتییە ئامانج و کوژراون وەک بازرناگی مادەی هۆشبەر گەشتە 76 کەس.

ئەمڕۆ دووشەممە، ، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، درەنگانێکێ شەوی یەکشەممە، لە دوو هێرشدا شەش کەس کوژراون کە سوپای ئەمریکا بە بەلەمی گومانلێکراوی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر وەسفی کردبوو، بەمەش ژمارەی کوژراوانی هەڵمەتی مشتومڕاوی واشنتۆن دژە بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان گەیشتە 76 کەس.

هێگسێت لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس پشتڕاستیکردەوە کە هێرشەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن ئەنجامدراون و دوو بەلەمیان کردوەتە ئامانج کە "مادەی هۆشبەریان هەڵگرتبوو"، ئاماژەیبەوەشکردوە هەریەکەیان سێ کەسیان تێدابوو، تەواوی سەرنشینەکانی کوژراون.

وەزیرەکەی ئەمریکا نوسیویشیەتی؛ لە سەردەمی سەرۆک ترەمپدا ئێمە نیشتمان دەپارێزین و ئەم بازرگانانەی مادەی هۆشبەر دەکوژین کە دەیانەوێت زیان بە وڵات و گەلەکەمان بگەیەنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئۆكراین رەتیدەكاتەوە ترسیان لە ئەمریكا هەبێت و دەشڵێت پەیوەندییەكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەكی پیشەیی و بنیادنەرە .

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند ، هەموو جیهان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەترسن ، بەڵام ئەو ترسە ئۆكراین ناگرێتەوە چونكە كیێڤ دوژمنی ئەمریكا نییە بەڵكو هاوبەشن لە چەندین بواری گرنگدا

سەبارەت بە پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ ترەمپ رایگەیاندوە ، پەیوەندییەكەیان ئاساییی و بنیادنەرە  .

رەتیشیكردەوە، لە كۆبونەوەكەیاندا كە لە مانگی تشرینی یەكەم بەرێوەچوو ،  سەرۆكی ئەمریكا توڕە بوبێت و نەخشەی گۆرەپانی شەڕی فڕێ دابێت

  زیلینسكی هیواشی خواست ترەمپ بریار بدات لەسەر دابینكردنی موشەكی تۆماهۆك بۆ ئۆكراین .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، پڕۆژەیاسای پارەداركردنی حكومەتی پەسەند كرد، بۆ كۆتاییهێنان بە درێژترین ماوەی داخستنی حكومەت لە مێژووی وڵاتەكەدا.

بەپێی تۆڕی سی ئێن ئێن،ئەنجومەنی پیران  بە دەنگی 60 بەڵێ بەرامبەر 40 نەخێر پڕۆژە یاساكەی پەسەند كردووە، كە لە قۆناغی یەكەمدا تا 30ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو، حكومەتی ئەمریكا پارەدار دەكرێت.

دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش پڕۆژە یاساكە پەسەند بكات و دواتر رەوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكرێت بۆ ئەوەی ئیمزای بكات، ئەو رێكارانەش چەند رۆژێك دەخایەنێت.

ئێوارەی یەكشەممە، 40 رۆژ بەسەر داخستنی حكومەت لە ئەمریكا تێپەڕی، كە درێژترین ماوەیە لە مێژووی وڵاتەكەدا، هاوكات  ترەمپ سورە لەسەر هەڵوەشانەوەی پاڵپشتی تەندروستی لە چوارچێوەی بەرنامەی "ئۆباما كەیر"، دیموكراتییەكانیش مانەوەی ئەو پاڵپشتییەیان وەك مەرجێك داناوە بۆ كۆتاییهێنان بە داخستنی حكومەت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزی ئاسمانی ئەمریکا رایگەیاند کە ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری ستراتیژی B-52H Stratofortress بۆ بنکەی مۆرۆن لە باشووری ئیسپانیا گواستوەتەوە و ئامانجیش لەم کارە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەشە لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ.

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزی ئاسمانی ئەمریکا پشتراستیکردوەتەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆشەڕ و هەماهنگی کردن بۆ ئۆپراسیۆن لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە ناتۆ، ژمارەیەک، فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری B-52ـی گواستراوەتەوە بۆ  بنکەی ئاسمانی مۆرۆن لە ئیسپانیا.

لە ئۆپراسیۆنەکەدا، تیمە ئەمریکییەکان مەشقی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی فینلاند، لیتوانیا، سوید و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەوروپا ئەنجام دەدەن.

بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە ئەوروپا، بوونی فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری ستراتیژی لە ناوچەکەدا نیشاندەری "توانای واشنتۆنە بۆ بڵاوەپێکردنی خێرا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەماهەنگ لە هەر شوێنێکی جیهان".

ئەم مانۆڕە سەربازییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پراپی پەیوەندییەکانی ناتۆ و روسیا لە زیادبوندایە و بەردەوام هەڕەشە لەیەکتری دەکەن و ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری دروستبونی جەنگ لەگەڵ روسیادا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتی ناوەندی بومەلەرزەزانی ئەوروپی-دەریای ناوەڕاست (EMSC) و ئاژانی فرانس پرێس، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.7 پلە بە پێوەری رێختەر لە کەناراوەکانی ژاپۆن  داوە و دوای بومەلەرزەکەش سێ بومەلەرزی دیکەی بە پلەی کەمتر سنورەکانی ژاپۆنی هەژانوە و هۆشداریش  لە دروسبونی سۆنامی دەدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری کەشناسی ژاپۆنەوە رایگەیاندووە، بوومەلەرزەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 5:03 خولەکی ئێوارە بەکاتی ژاپۆن رویداوە و ناوەندی بوومەلەرزەکە بە دووری 127 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری میاکۆ دوربوە، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 51هەزار کەسە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 19 کیلۆمەتر رووی داوە و بەهۆی بەهێزی بومەلەرزەکەوە،  شارەزایان پێشبینی  ئەگەری رودانی تسونامی تا بەرزی یەک مەتر دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە توندی هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند، ئەو تەنها خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەمەندەکان دەکات نەک خەڵکی ئاسایی.

بایدن دوێنێ هەینی، لە وتارێکیدا لە ئاهەنگێکی حزبی دیموکرات لە شاری ئۆماها لە ویلایەتی نێبراسکا وتی، "تۆ بۆ ئێمە کار دەکەیت بەڕێز سەرۆک. ئێمە بۆ تۆ کار ناکەین. تۆ بۆ ئێمە کار دەکەیت، نەک تەنها بۆ ملیاردێر و ملیۆنێرەکان." بایدن وتیشی، "من توڕەم."

سەرۆکی پێشوو ئاماژەی بە روخاندنی باڵی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی کرد لەلایەن ترەمپەوە بەمەبەستی دروستکردنی هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان بە رووبەری 90 هەزار پێی چوارگۆشە و وتی، "دەمزانی ترەمپ وڵاتەکە بە زەبری روخاندن وێران دەکات، بەڵام دان بەوەدا دەنێم، نەمدەزانی روخاندنی راستەقینەش لە ئارادایە."

بایدن وتیشی، "ئەوە هێمایەکی تەواوە بۆ سەرۆکایەتییەکەی. ترەمپ زەبری روخاندنی نەک تەنها ئاڕاستەی ماڵێک کرد کە موڵکی گەلە، بەڵکو ئاڕاستەی دەستوور، سەروەریی یاسا، و خودی دیموکراسییەکەشمان کرد."

هەروەها بایدن گاڵتەی بە لێدوانە دووبارەکانی ترەمپ کرد کە گوایە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی "سەردەمێکی زێڕین"ی بۆ ئەمریکا هێناوە و، بە ئاماژەکردن بەو زیادکراوە زێڕینانەی ترەمپ بۆ ئۆفیسی شێوە هێلکەیی، وتی، "ئێستا دەڵێت ئێمە لە سەردەمێکی زێڕینداین. تاکە زێڕ ئەوەیە کە بەسەر ئاگردانەکەوە هەڵیدەواسێت."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ، 8ی 11 /2025، 36 ساڵ بەسەر ئەو شەوە مێژووییەدا تێدەپەڕێت تێیدا دیواری بەرلین، کە وەک هێمای دابەشبوونی جیهان لە سەردەمی شەڕی سارددا دەبینرا، روخێنرا. ئەم دیوارە بۆ ماوەی 28 ساڵ نەک تەنها شارێکی دابەشکرد، بەڵکو بووە سنورێکی بەرجەستە لەنێوان دوو ئایدۆلۆژیای دژ بەیەک: سەرمایەداریی رۆژئاوا و کۆمۆنیزمی رۆژهەڵات. چیرۆکی ئەم دیوارە، چیرۆکی دابڕان، هیوا و دواجار سەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤە بەسەر بەربەستەکاندا.

دیواری بەرلین تەنها کۆمەڵێک بلۆکی کۆنکرێتی نەبوو، بەڵکو برینێکی قووڵ بوو کە بۆ ماوەی28 ساڵ جەستەی نەتەوەیەک و دڵی هەزاران خێزانی لەت کردبوو. لە 13ی ئابی 1961، حکومەتی ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی ژێر هەژموونی سۆڤیەت، بە شەوێک قەڵایەکی دروست کرد کە هاوڕێی لە هاوڕێ، برای لە برا و دایکی لە رۆڵەکانی جیاکردەوە. ئەم دیوارە بووە زیندانێکی گەورە بۆ ملیۆنان کەس کە خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی و بووە سیمبولی بەرجەستەی "پەردەی ئاسنین" و جەنگی سارد.

هۆکاری دروستکردنی دیوارەکە:

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی 1945، ئەڵمانیای دۆڕاو لە کۆنفرانسەکانی یاڵتا و پۆتسدامدا کرایە دوو ناوچە و بەسەر چوار هێزدا دابەشکرا: رۆژهەڵات بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، و رۆژئاوا بۆ ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا. شاری بەرلین، هەرچەندە بە تەواوی دەکەوتە ناو بەشەکەی سۆڤیەتەوە، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە دابەشکرا.

ئەم دۆخە بووە هۆی دروستبوونی دوو دەوڵەتی ئەڵمانی: کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی (ئەڵمانیای رۆژئاوا) و کۆماری دیموکراتیی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای رۆژهەڵات). بەرلینی رۆژئاوا وەک دوورگەیەکی سەرمایەداری لەناو دەریایەکی کۆمۆنیستیدا مایەوە، خاڵێک کە نیکیتا خرۆشۆڤ، سەرکردەی سۆڤیەت، بە "ئێسکێک لە قوڕگی سۆڤیەتدا" وەسفی کرد.

بۆشایی گەورەی ئابووری و سیاسی لەنێوان هەردوو بەشەکەدا بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردن لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا. تا ساڵی 1961، نزیکەی 3 ملیۆن ئەڵمانیی رۆژهەڵات، کە زۆربەیان کرێکاری شارەزا، پزیشک و مامۆستا بوون، بەرەو رۆژئاوا هەڵهاتبوون. تەنها لە 11 رۆژی یەکەمی مانگی ئابی 1961دا، 16هەزار کەس سنووریان بەزاند.

لە بەرەبەیانی 13ی ئابی 1961، خەڵکی بەرلین بەدیمەنێکی چاوەڕواننەکراو خەبەریان بووەوە؛ حکومەتی کۆمۆنیستیی ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەستیکردبوو بە دروستکردنی دیوارێکی تەلبەند و کۆنکرێتی، کە بە رەسمی ناوی "قەڵغانی دژە فاشیزم"ی لێنرابوو. بەڵام ئامانجی سەرەکی، رێگرتن بوو لەو لێشاوی کۆچکردنە.

لەناکاو، خێزانەکان دابڕان، کرێکاران لە کارەکانیان دوورکەوتنەوە و دەرگای نێوان رۆژهەڵاتی سۆسیالیستی و رۆژئاوای ئازاد بۆ ماوەی 28 ساڵ داخران. ژیان بە تەواوی گۆڕا.

ژیان لە پشتی دیوارەوە: ٢٨ ساڵ دابڕان:

ژیان لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات کەوتە ژێر چاودێریی توندی پۆلیسی نهێنی "ستازی". وەک خانمێک کە دوای رووخانی دیوارەکە سەردانی رۆژئاوای کردبوو دەیگێڕێتەوە، "بۆ ماوەی 28 ساڵ بوو خەیارێکی تازەم نەبینیبوو" و سەرسام بوو بە بینینی فرۆشگاکانی پڕ لە سەوزە و میوەی فرێش. خێزانەکان خەونیان بە بینینی پاریسەوە دەبینی و بە ئۆتۆمبێلە بچوکەکانی جۆری "ترابانت" و بە ساندویچی ماڵەوە گەشتێکی دوو رۆژەیان بۆ ئەوێ دەکرد.

سەرەڕای مەترسییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار کەس، لەنێویاندا 600 پاسەوانی سنوور، توانییان لە رێگەی سەرسوڕهێنەرەوە هەڵبێن: بازدان لە پەنجەرەوە، خۆهەڵواسین بەسەر تەلبەندەکاندا، فڕین بە باڵۆنی گەرم، خشین بەناو ئاوەڕۆکاندا و لێخوڕینی خێرا بەناو بەشە لاوازەکانی دیوارەکەدا. بەڵام ئەم هەوڵانە بێ قوربانی نەبوون؛ بەلایەنی کەمەوە 171 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەدا کوژران.

ڕووخانە چاوەڕواننەکراوەکە: هەڵەیەکی بیرۆکراسی کە مێژووی گۆڕی

لە ساڵی 1989دا، شەپۆلی شۆڕش و گۆڕانکاری بەسەر بلۆکی رۆژهەڵاتدا هاتبوو. ریفۆرمەکانی میخائیل گۆرباچۆڤ ("گلاسنۆست" و "پەرەسترۆیکا") و سەرکەوتنی بزوتنەوەی "یەکبگرن" لە پۆڵەندا و کردنەوەی سنووری نەمسا لەلایەن هەنگاریاوە، کۆڵەکەکانی سیستمی کۆمۆنیستییان لەرزاندبوو.

شەوی 9ی تشرینی دووەمی 1989، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، گونتەر شابۆڤسکی، وتەبێژی حزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیای رۆژهەڵات، بەبێ ئەوەی بە وردی ئەو یاداشتەی بەدەستییەوە بوو بیخوێنێتەوە، رایگەیاند؛ رێوشوێنی نوێ بۆ گەشتکردن گیراوەتەبەر و هاووڵاتیان دەتوانن گەشت بکەن. کاتێک رۆژنامەنووسێک پرسی "کەی؟"، ئەو بە شڵەژانەوە وتی: "تا ئەو شوێنەی من بزانم... دەستبەجێ، بێ دواکەوتن."

ئەم هەواڵە وەک بۆمبێک لە تەلەفزیۆنەکاندا تەقییەوە. هەزاران هاووڵاتیی رۆژهەڵات روویان لە خاڵە سنوورییەکان کرد و هاواریان دەکرد "دەرگاکە بکەنەوە!". پاسەوانەکان کە هیچ فەرمانێکی روونیان پێنەگەیشتبوو، دواجار ناچاربوون دەروازەکان بکەنەوە. دیمەنی باوەشپیاکردنی ئەڵمانییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، پێشکەشکردنی گوڵ و شامپانیا و سەماکردن لەسەر دیوارەکە، بووە یەکێک لە زیندووترین دیمەنەکانی مێژووی هاوچەرخ.

رووخانی دیواری بەرلین تەنها کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا نەبوو، بەڵکو سەلماندی کە هیچ دیوارێک، هەرچەندە بەرز و پتەو بێت، ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە ئیرادەی مرۆڤەکان بۆ ئازادی زەوت بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای 36 ساڵ چاوەڕوانی و گەڕانێکی بێوچان، دایکێک توانی چارەنووسی کچەکەی ئاشکرا بکات کە لە تەمەنی ساواییدا بۆ هەڵگرتنەوە دابووی بە کەسێک، بەڵام دەرکەوت لەلایەن ئەو باوکەیەوە کە هەڵیگرتبووەو کوژراوە و لە حەوشەی ماڵەکەیدا نێژراوە. چیرۆکی کاتی تەرکانیان، چیرۆکی دایکێکە کە هەرگیز کۆڵی نەدا تا راستیی مەرگی کچەکەی، ئەلێکسیس، ئاشکرا بکات.

لە ساڵی 2010دا، "کاتی تەرکانیان"، کە پەرستارێکی خانەنشین بوو، نامەیەکی لە فەرمانگەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا پێگەیشت. تێیدا داوای نمونەی DNAی لێکرابوو بۆ بەراوردکردن لەگەڵ تەرمێکی نەناسراودا کە رەنگە هی کچە ونبووەکەی بێت. هەرچەندە ئەنجامی پشکنینەکە نەرێنی دەرچوو و هیوابەخش بوو، بەڵام ئەمە سەرەتای گەشتێکی درێژی "کاتی" بوو بۆ دۆزینەوەی راستییەکان.

"کاتی" خودی خۆی، لە تەمەنی14 ساڵیدا لە ماڵەوە هەڵهاتبوو بەهۆی ژیانی سەختی خێزانەکەیەوە. لە نیو ئۆرلیانز، لەگەڵ راندی بێجەر ئاشنا بوو و پێکەوە لە سێرکێکدا کاریان دەکرد، کە کاتی رۆڵی "کچە گۆرێلا"کەی دەبینی. لە تەمەنی 15 ساڵیدا دووگیان بوو و کچەکەی ناونا ئەلێکسیس. بەڵام بەهۆی فشاری دایکییەوە کە توشی شێرپەنجە ببوو، ناچاربوو کچەکەی بداتە خێزانێک بۆ هەڵگرتنەوە.

دوای وەرگرتنی نامەکە، "کاتی" دەستیکرد بە لێکۆڵینەوەی خۆی و زانیارییەکانی کۆکردەوە. بۆی دەرکەوت کە کچەکەی، کە ناوی گۆڕدرابوو بۆ ئاندریا بۆومان، لەلایەن دێنیس و برێندا بۆومانەوە هەڵگیرابووەوە. هەروەها زانی کە باوکە هەڵگرەوەکەی، دێنیس بۆومان، خاوەنی رابردوویەکی تاوانکارییە و پێشتر بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیی سێکسی زیندانی کرابوو.



کاتێک پۆلیس هاوکاریی پێویستی نەکرد، "کاتی" بڕیاریدا خۆی بجوڵێت. بیلبۆردێکی گەورەی لە نزیک ماڵی بنەماڵەی بۆومان بە کرێ گرت، خەڵاتێکی 11 هەزار دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک دانا و بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دێنیس بۆومانی بە کوشتنی کچەکەی تۆمەتبار کرد. ئەو دڵنیابوو کە تەرمی کچەکەی لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەیاندا لەژێر پارچە زەوییەکی کۆنکرێتکراودا شاردراوەتەوە.



وەرچەرخان لە کەیسەکەدا لە ساڵی 2019دا روویدا، کاتێک دێنیس بۆومان بە تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی دیکە بەناوی کاتلین دۆیڵ لە ساڵی 1980دا، دەستگیرکرا. پۆلیس ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و بە بۆومانیان وت ئەگەر دان بەوەدا بنێت چی بەسەر ئەلێکسیسدا هێناوە، رێگەی پێدەدەن لە زیندانێکی نزیک لە هاوسەرەکەی بمێنێتەوە.


ئەم تاکتیکە سەرکەوتوو بوو. بۆومان دانی بەوەدانا کە دوای ئەوەی زلەیەکی لە ئەلێکسیس داوە، کچەکە کەوتووە و ملی شکاوە. دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی، تەرمەکەی پارچە پارچە کردووە و لە حەوشەی ماڵەکەیدا ناشتوویەتی.

لە ساڵی 2020دا، پۆلیس حەوشەی ماڵی بۆومانی هەڵکۆڵی و پاشماوەی مرۆڤیان دۆزییەوە. دوای پشکنینی DNA، دەرکەوت کە پاشماوەکە هی ئەلێکسیسە.


دێنیس بۆومان بە دوو زیندانیی هەتاهەتایی بۆ کوشتنی کاتلین دۆیڵ و 35بۆ 50 ساڵی دیکەش بۆ کوشتنی ئەلێکسیس سزادرا.

ئەلێکسیس بۆ ئەوەی لەبیربکرێت، لە داهاتوو بێبەشکرا، بەڵام دایکە راستەقینەکەی هەرگیز لەبیری نەکرد و دواجار، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، دۆزییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، رۆژی شەممە، شکستی دوایین خولی گفتوگۆکانی ئاشتیی لەگەڵ پاکستان راگەیاند کە لە تورکیا بەڕێوەچوو و بەرپرسیارێتیی شکستەکەشی خستە ئەستۆی "رەفتاری نابەرپرسیارانە و ناهاریکارانەی" ئیسلام ئاباد.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "لە میانی گفتوگۆکاندا، لایەنی پاکستانی هەوڵیدا بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایشی خۆی بخاتە ئەستۆی حکومەتی ئەفغانستان، لە کاتێکدا هیچ ئامادەییەکی نیشان نەدا بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ئەفغانستان یان ئاسایشی خۆی."

زەبیحوڵا موجاهید جەختیکردەوە: پاکستان نایەوێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین زۆری خایاندوە  و روسیا نایەوێت کۆتایی پێبهێنێت، ئەمەش تێچویەکی زۆری بۆ روسیا  و ئۆکراین هەبوە، دەشڵێت؛ ئۆکرانیا بەشێکی زۆری خاکەکەی لەدەستداوە لە شەڕەکەدا.

ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چەنگی نێوان کێیف و مۆسکۆ درێژەی کێشا و هەردولا زیانێکی زۆریان کردووە و خەڵکێکی زۆر کوژراون.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردوە  باوەڕی وایە دەتوانن کۆتایی جەنگی روسیا و ئۆکراین بهێنن و نەیشاردوەتەوە  پێی باشە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پوتن لە بوداپێست ئەنجامبدات ئەگەر ئەنجام بدرێت.

ناوبرا ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە ئێستادا هەردوولا گەشتونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت  کۆتایی  بەشەڕ بهێندرێت و بە ئومێدە بەم نزیکانە ئەوە روبدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روسیا ئاشکرایکرد، بە وردی چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەمرکا دەکەن، سەرۆکی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا دەست بە تاقیکردنەوەکان بکات، روسیا دەستەوەستان نابێت.

 

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی، فەرمانی کردووە پێشنیازەکان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمییەکان پێشکەش بکرێن، ئەمەش لە ئەگەری دەسپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئەمریکاوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا مۆسکۆ بە وردی چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا دەکات.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزیری وزەی ئەمریکا، رایگەیاندبوو، پێشبینی ناکات ئەو تاقیکردنەوانە لە ئێستادا گرتنەوەی راستەقینەی کڵاوەی جەنگی ئەتۆمی لەخۆبگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی بەریتانیا سزاکانی سەر ئەحمەد شەرعی هەڵگرت، بڕیاریشە رۆژی دووشەممە ترەمپ و شەرع لە کۆشکی سپی کۆببنەوە.

 

هاوکات یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا، سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع هەڵبگرن.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە كۆی 15 ئەندام 14 ئەندامی ئەنجومەنەكە جگە لە چین دەنگیاندا بەپێشنیازێكی ئەمریكا بۆ  هەلوەشاندنەوەی سزاكانی سەر ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخی ئەو وڵاتە.

 

جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە رۆژی دووشەممە ئەحمەد شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سوری دەچێتە ئەمریکا و لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەک ئاشکرای دەکات، زەیتی زەیتون رێگری دەکات لە قەڵەوی و تەندروستیی مێشک دەپارێزیت.

لە نوێترین توێژینەوەی گۆڤاری "Nutritional Neuroscienceـدا، زانایانی بەرازیل لە رێگەی تاقیکردنەوەوە لەسەر مشکێکی قەڵەو، ئاشکرایان کردووە کە زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ سیستمی خۆراکی، یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە هاتنە ئارای هەوکردن لە ناوچەی ژێرلانک "‌Hypothalamus"ـی مێشکدا، کە بەرپرسە لە رێکخستنی هەستی برسێتی و سیستمی زیندەچالاکیی جەستە.

هاوکات لە توێژینەوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەو مشکانەی کە زەیتی زەیتونیان خواردبوو، کێشیان کەمتر زیادی کردبوو و پڕۆسەی زیندەچالاکی لە لەشیاندا باشتر ببوو.

گۆڤارەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، تیمی توێژەران لە زانکۆی ساو پاولۆ خۆراکێکی پڕ چەورییان داوەتە مشکەکان، هاوتەریب لەگەڵ زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ سیستەمی خۆراکیی هەندێکیان.

پاش تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، توێژەران کەمبوونەوەی هەوکردنیان لە ناوەندی بەرپرسیار بۆ جڵەوکردنی هەستی برسێتی لە مێشکی ئەو مشکانەدا بەدیکردووە کە زەیتی زەیتونیان پێدراوە، ئەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاستی قەڵەوییەوە هەیە.

توێژینەوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەکارهێنانی زەیتی زەیتون دەکرێت رێگە چارەیەکی باش بێت بۆ خۆپاراستن لە تێکچوونەکانی نێو ئەو پرۆسانەی کردەی زیندەچالاکی کە پەیوەستن بە قەڵەوییەوە.

زەیتی زەیتون لە رێگەی گوشینی زەیتوونەوە بە شێوەیەکی میکانیکی بەرهەمدەهێنرێت، بەبێ پاڵاوتن یان کوڵاندن، ئەمەش وای لێدەکات دەوڵەمەند بێت بە هەریەک لە مادەکانی پۆلیفینۆڵ و ڤیتامین E، کە هەردووکیان دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنن، لە هەمانکاتیشدا رۆڵێکی سەرەکییان لە رێکخستنی تەندروستیی جەستەی مرۆڤدا هەیە.  

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: پێشبینی دەکەم بەم زووانە هێزێکی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە جێگیر بکرێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کارەکان لە غەززە زۆر بەباشی بەرێوەدەچن و بەم زووانە هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی غەززە لە کەرتەکە جێگیر دەکرێت.

وتیشی، تا ئێستا کێشەیەی گەورە لە غەززە روینەداوە، ئەگەر کێشەیەکیش لەگەڵ حەماس هەبێت، ئەوا چەند وڵاتێکی خۆبەخش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

بڕیارە هێزە نێودەوڵەتییەکە، بە پشتگیری میسر و ئوردن راهێنان بە پۆلیسی فەلەستینی بکات، ئەمەش لە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7879808182...629