زهران ممدانی، نەیارە سەرسەختەکەی ترەمپ، پۆستی سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرکی بردەوە
راهۆز
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە لەلایەن تۆڕەکانی هەواڵی "ئێن بی سی"، "سی ئێن ئێن" و "سی بی ئێس"ەوە بڵاوکراونەتەوە، زهران ممدانی، کاندیدی دیموکراتەکان و نەیاری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ، رۆژی سێشەممە وەک سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک هەڵبژێردرا.
بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی نیویۆرک، ممدانی تەمەن ٣٤ ساڵ، پێش هەریەک لە پارێزگاری پێشووی ویلایەتەکە، ئاندرو کۆمۆ و کاندیدی کۆمارییەکان، کەرتیس سلیوا کەوتووە. بەمەش ممدانی دەبێتە یەکەم سەرۆکی شارەوانیی موسڵمان لە گەورەترین شاری ئەمریکادا و لە یەکی کانوونی دووەمدا دەستبەکار دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی بودجەی فیدراڵیی لە نیویۆرک کرد، ئەگەر ممدانی پۆستەکە بباتەوە. ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ممدانی بە "کۆمۆنیست" وەسفکرد و رایگەیاند، ئەو شارەکە بەجێدەهێڵێت "بەبێ هیچ دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن یان تەنانەت مانەوە".
هاوکات لە ڤێرجینیا، ئابیگایل سپانبێرگەر، کاندیدی دیموکراتە میانڕەوەکان، بە ئاسانی پۆستی پارێزگاری ویلایەتەکەی بردەوە. سپانبێرگەری تەمەن ٤٦ ساڵ، کە ئەفسەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی بووە، دوای ئەوەی بەسەر وینسۆم ئێرل سیرز، کاندیدی کۆمارییەکاندا سەرکەوت، دەبێتە یەکەم ژن کە ئەو پۆستە لە مێژووی ڤێرجینیادا وەربگرێت.
لە نیوجێرسیش، میکی شێریل، کاندیدی دیموکراتەکان، هەڵبژاردنی پارێزگاری ویلایەتەکەی بردەوە.
ئەم سێ هەڵبژاردنە دەرفەتێکی بۆ پارتی دیموکرات رەخساند تا شێوازی جیاوازی بانگەشەی هەڵبژاردن تاقیبکاتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی 2026، کە تێیدا رکابەری لەسەر کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس دەکرێت. لە کاتێکدا سپانبێرگەر و شێریل سەر بە باڵی میانڕەوی پارتەکەن، ممدانی وەک پێشکەوتنخوازێک و دەنگێکی نەوەی نوێ بانگەشەی دەکرد.
وتارەکەی ممدانی ستراتیژی نوێی دیموکراتەکان دیاری دەکات: گرنگیدان بە گیرفانی هاوڵاتیان لەبری ترەمپ:
بۆ ماوەی دەیەی رابردوو، وتاری زۆربەی دیموکراتە دیارەکان لەسەر یەک بابەتی سەرەکی چڕببوەوە: بە دوژمن نیشاندانی ترەمپ بووە ناسنامەی هەموو کاندیدێکی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان، لە هیلاری کلینتنەوە تا جۆ بایدن و کامالا هاریس. وتارەکانیان پڕبوون لە ئاگادارکردنەوە لەسەر کەسایەتی، سیاسەتەکانی و ئەو مەترسییەی کە بە بۆچوونی ئەوان بۆ سەر دیموکراسیی ئەمریکای دروست دەکرد.
بەڵام دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو شێوازە کاریگەری پێویستی نەماوە، دیموکراتەکان لەو کاتەوە بەدوای گوتارێکی نوێ و یەکگرتوودا دەگەڕێن. وتارەکەی ئەمشەوی زهران ممدانی، سەرۆکی شارەوانیی نوێی نیویۆرک، رێچکەیەکی جیاوازی گرتەبەر و وایکرد ببێتە هۆی بردنەوەی.
راستە، ممدانی ئاماژەی بە ترەمپ کرد، کە بە "کۆمۆنیست" ناوی بردووە و ئەمشەویش بە بەردەوامی لە "تروس سۆشیاڵ" پۆستی لەسەر دەکرد. بەڵام بەشی زۆری وتارەکەی ممدانی تەرخانکرابوو بۆ ئەو پرسانەی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر گیرفانی هاوڵاتیان هەیە، هەروەها دیدگایەک بۆ شارێک کە بۆ تێکەڵەیەکی فرەڕەنگی دانیشتووانەکەی گونجاو و بەردەست بێت.
ئەو دووبارە باسی ئەو سیاسەتانەی کردەوە کە پاڵنەربوون بۆ سەرکەوتنەکەی، وەک جێگیرکردنی نرخی کرێی شوقەکان و دابینکردنی پاسی خێرا و بەخۆڕایی. هەروەها جەختی لەسەر یارمەتیدانی ئەو تاکانەی چینی کرێکار کردەوە کە هیوای خواستبوو خزمەتیان بکات.
ئەمە ئەو ستراتیژەیە کە پێشکەوتنخوازەکان بەردەوام داوایان کردووە، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی ترەمپ جارێکی دیکە کۆشکی سپی بەدەستهێنایەوە.
ممدانی لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی: "لەم ساتە وەختە تاریکە سیاسییەدا، نیویۆرک دەبێتە رووناکی."



