ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، داواکاری وەرگرتنی وڵاتەکەی لە رێکخروای ناتۆ و ناوچەی شنگن ئیمزا کرد و ئاراستەی یەکێتی ئەوروپای کرد.
ئۆکراین بۆ سەرخستنی داواکاریییەکەی پێویستیی بە پشتیوانی ئەڵمانیا و فەرەنسا وەک دوو کاریگەرترین وڵاتی نێو یەکێتی ئەوروپا ھەیە.
لە کاردانەوەیەکیشدا، پۆڵەندا رایگەیاند، پشتیوانی ھەر داواکارییەکی ئۆکراین بۆ بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات
جگە لەوەش شارەکە و فرۆکەخانەکەشی روبەروی ھێرشی موشەکی چڕ بونەتەوە ھاوکات بەھۆی ھێرشەکانی روسیاوە بۆری غازی خارکێڤ تەقییەوە ، شەڕی سەختیش لە سنورەکانی کیێڤ ھەیە.
ئەوە لەکاتێکدا ئەیکور کوناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندوە ، کە فەرمانیان بۆ ھێزەکانیان دەرکردوە کە ھێرشەکانیان لە ئۆکراین فراوان بکەن و پابەند بن بەو پلانەی بۆیان دارێژراوە.
فەرماندەی ھێزەکانی ئۆکراینیش رایگەیاندوە ،٣٧ سەربازی یەدەگ ئامادەی جەنگن و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش دەستگیرکردنی فەرماندەی کەتیبەی تانکەکانی روسیا لە ئۆلیسک راگەیاندوە ، لەلایەکی تریشەوە چەند وڵاتێک ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ھاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکراین بکەن و ئەڵمانیا رایگەیاندووە موشەک بۆ سوپای ئۆکراین رەوانە دەکات و ئوسراڵیاش ئامادەیی دەربریوە لە رێی ناتۆوە چەک بۆ ئۆکراین بنێرێت .
ئاژانسی فڕۆکەوانی شارستانیی روسیا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی رێکارەکانیان بۆ داخستنی ئاسمانی وڵاتەکانیان بە رووی روسیا، حکوومەتی مۆسکۆ ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی کۆمپانیاکانی وڵاتانی لاتیڤیا و لیتوانیا و ئەستۆنیا و سلۆڤینیا داخستووە و بڕیارەکە کاری ترانزێتی کۆمپانیاکانی ئەو چوار وڵاتەش دەگرێتەوە.
رۆژی شەممە روسیا، ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی ھەریەکە لە وڵاتانی بولگاریا و پۆڵەندا و چیک داخست.
دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، چەندین وڵاتی جیھان کایەی ئاسمانی خۆیان بە رووی روسیا داخست و سزای توندی ئابوورییان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
سەرچاوەکانی ھەواڵ ئاشکرایانکردووە، ھەر ١٩٣ وڵاتەکەی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش ئیدانەی پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکەن و ھەڵگیرسانی جەنگ دەکەن، لە رۆژی دوو شەممەی رابردوەوە ئەمە دەبێت بە چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش کە تایبەت کراوە بە رەوشی ئۆکراین.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو روسیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڤیتۆی بەکارھێنا، دژی بریارێکی پەیوەست بە خۆی .لەلایەکی ترەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت کۆ دەبنەوە و دواین پێشھاتەکان تاووتوێ دەکەن.
ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی ئۆکراین ژن و منداڵن ، کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکانیش لە رۆمانیا لە ھەوڵی ھاوکارییکردنی ئۆکرانیەکاندان و خۆراک و کەلوپەلی پاک و خاوێنیان پێشکەش کردون .
بە پێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان ، لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیاوە تا ئێستا زیاتر لە ١٢٠ ھەزار ھاوڵاتی ئۆکرانی وڵاتـەکەیان بەجێھیشتوە و زۆرینەیان بەرەو پۆلەندا و مۆلدۆڤا و رۆمانیا و سلۆڤاکیا و مەجەر کۆچیان کردوە .
لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە تێیدا کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، نوسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراین دەڵێت ھەردوولا کۆدەبنەوە.
نوسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراین ڕاگەیەندراوەکەی لەسەر پەڕەی فەرمی خۆی لە تێلیگرام بڵاوکردووەتەوە بەبێ ئەوەی کاتی کۆبوونەوەکە دیاریبکات، ھەروەھا ڕێککەوتنی ھەردوولا لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت وەفێکی ڕووسیا بۆ ھەمان مەبەست سەردانی بیلاڕووسی کرد.
ھەر ئەمڕۆ سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ڕایگەیاند، بە تەلەفون قسەی لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووس ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ کردووە.
زیلینسکی لە تێلیگرامی رەسمی خۆی ڕایگەیاند، قسەی لەگەڵ لوکاشینکۆ کردووە، بەڵام ھیچ زانیاری لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکە نەدرکاندووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ھەینی سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیا بە ئامانجی ئەوەی کۆتایی بە گرژییەکان بھێنن، ھەمان ڕۆژ وتەبێژەکەی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاند مۆسکۆش ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە مینسک و بیلاڕووس.
بە گوتەی وتەبێژی کرملن، لایەنی ئۆکراین داوای کردووە شوێنی کۆبوونەوەکان ببرێتە پۆڵەندا و وارشۆ، بەڵام دواتر ئۆکراین وەڵامی مۆسکۆی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە بیلاڕووس نەداوەتەوە.
ڤولۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، کیێڤ داوایەکی یاسایی لە دژی ڕوسیا بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزکردووەتەوە.
وتیشی، وڵاتەکەی داوایکردووە ھەفتەی داھاتوو دادگاکە لە شاری لاھای دانیشتنێک لەسەر داواکەی ئۆکراین ئەنجام بدات.
سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی داوایکردووە لێپرسینەوە لە ڕوسیا بکرێت، لەسەر گۆڕینی چەمکی قڕکردنی بە کۆمەڵ لە پێناو بیانوو ھێناوە بۆ داگیرکردنەکەی بۆ سەر خاکی ئۆکراین.
جەختیشیکردەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن، دادگاکە فەرمان بە ڕوسیا بکات، بە وەستاندنی ھێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی.
تۆڕی ھەواڵی (ئەی بی سی) ئەمریکا لە زاری جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی ئۆکراین داوای لە بایدن کردووە، ھاوکاری زیاتری بکات، بۆ دڵنیایی لە پاراستنی زیاتری گیانی خۆی.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد، بایدن بەڵێنی پێ داوە و وەڵامی ئەرێنی داوەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ھێرشەکەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، یەکەم ئامانجی ڕوسیا لەناوبردنی ئەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، لە کاتی دەنگدان لە بارەگای ئەنجومەنی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، وڵاتەکەی دەنگی نەداوە بە ھەڵپەساردنی ڕووسیا، چونکە نایەوێت پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ بپچڕێنێت.
ئەو ھەڵویستەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە، تورکیا بەردەوام ھێرشەکەی ڕووسیای بۆ سەر ئۆکراین بە قبوڵنەکراو ناوبردووە.
بە گوێرەی گۆڤاری دێرشبیگڵی ئەڵمانیاش، تورکیا تاکە وڵاتی ڕێکخراوی ئەنجومەنی ئەوروپایە، کە دەنگی نەداوە بە ھەڵپەساردنی ڕووسیا لە ئەنجومەنەکە، لە کاتێکدا، ئەرمینیا و بێلاروسیش دژی ھەڵپەساردنەکە بوون.
ھەڵپەساردنی ئەندامیەتی ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئەوروپا، یەکەم سزای ڕێکخراوەکەیە لە دژی ڕووسیا، کە بەھۆی داگیرکردنی ئۆکراینەوە بەسەریدا سەپێنراوە.
پۆلیسی ئۆکراینیش داوای لە ھاوڵاتیان کرد، لە کاتی بیستنی دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە بچنە ژێر زەمین و پەناگە و میترۆکان، بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە بۆردومانەکان.
سوپای ئۆکراین ڕایگەیاند، درەنگای شەوی ڕابردوو ھێرشێکی سوپای ڕووسیایان لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی کیێڤی یایتەخت تێکشکاندووە، کاتێک ویستوویانە پێشڕەوی بکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی وێستگەیەکی کارەبا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی باکوری پایتەخت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرەبەیانەوە ڕووسیا بە موشەکی دوورھاوێژ بە چڕی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەکانی خۆرھەڵاتی ئۆکراینی دەستپێکردووە.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرزیش لە زاری سوپای ئۆکراینەوە بڵاویکردەوە، سوپای ڕووسیا بە مووشەکی جۆری کالیبەر و کروز لە دەریای ڕەشەوە بۆردومانی ئۆکراین دەکات.
ئاژانسی ئەسۆشیەیتید پرێسیش بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی پێشنیازێکی واشنتۆنی ڕەتکردووەتەوە، بە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی کیێڤ.
ڕاوێژکارێکی نوسینگەی سەرۆکی ئۆکراینیش بڵاویکردەوە، ڕەوشی کیێڤی پایتەخت لە ژێر کۆنترۆڵدایە.
دەستەی ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکراینیش ڕایگەیاند، لە بەرەی باکوری پایتەختەوە شەڕ بە سەختی لە نێوان سوپای ئۆکراین و سوپای ڕووسیا بەڕێوەدەچێت و ئاژانسەکانی ھەواڵیش باس لەوە دەکەن، سوپای ڕووسیا لەو بڕوایەدا نەبووە، ڕووبەڕووی بەرگری بەھێزی سوپای ئۆکراین ببێتەوە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێکی ڕەسمی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاسپاردووە بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک ھاوکاری بۆ ئۆکراین تەرخان بکات و لەو بڕەش ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ وەزارەتی بەرگری ئۆکراین خەرج دەکرێت.
بە پێی بڕیارەکەی بایدن، جگە لەو ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە، بە بەھای ٣٥٠ ملیۆن دۆلار، ئەمریکا چەک و پێداویستی سەربازیی دەداتە ئۆکراین.
سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەشکرد، بڕوا بە زانیاری و پڕوپاگەندە ساختەکان نەکەن کە بڵاودەکرێتەوە لە بارەی خۆبەدەستەوەدانی سوپای ئۆکراین، دڵنیابن سوپای ئۆکراین بە ھیچ شێوەک چەک دانانێت.
باڵیۆزی ئۆکراینیش لە ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ھەموو بەرەکانی شەڕەوە سوپای وڵاتەکەی ڕووبەڕووی ھێرشی دڕندانەی سوپای داگیرکاری ڕووسیا بوونەتەوە و بەرگری سەخت لە وڵاتەکەیان دەکەن.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکاش بڵاویکردەوە، بۆ بەرگرتن لە پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیا، ئۆکراین چەند پردێکی لە دەرەوەی کیێڤی پایتەخت تەقاندووەتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئۆکراینیش ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا ھێزە یەدەگەکانی بە ئاڕاستەی سنورەکانی وڵاتەکەی جوڵە پێکردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینیش داوای لە وڵاتانی جیھان کرد ڕووسیا پەراوێز بخەن و باڵیۆزەکانی دەربکەن و گەمارۆی بەسەردا بسەێنن.
لەسەر ئاستی مەیدانیش وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، شاری میلیتۆپۆلی ئۆکرانیان لە باشوری ئەو وڵاتە کۆنترۆڵکردووە، بەڵام وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، باوەڕ بەو زانیارییانە ناکات کە باس لە کۆنترۆڵکردنی ئەو شارە دەکات لەلایەن سوپای ڕووسیاوە.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووسیا بە ھیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوەی نەکردووە، ھێرشەکانی بەو شێوەیە بێت و ڕووبەڕووی بەرگری بەھێزی سوپای ئۆکراین ببێتەوە.
ئاژانسی کەشتیوانی مۆڵدۆڤا ڕایگەیاند، کەشتییەکی وڵاتەکەی لە نزیک بەندەری ئۆدیسای ئۆکراین، لەلایەن کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیاوە بە ئامانج کراوە و دوو کارمەندی کەشتییەکە بە سەختی برینداربوون.
لێپرسراوانی ئۆکراینیش ھەواڵەکەیان پشتڕاستکردووە و ڕایانگەیاندووە، بەشێک لە کارمەندانی کەشتییەکە ڕووسی و ئەوانی تریش ئۆکراینین.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرزیش بڵاویکردووەتەوە، ھەر لەو ناوچەیە دوو کەشتی تری تورکیا و ژاپۆن لەلایەن ھێزەکانی ڕووسیاوە کراونەتە ئامانج و جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
"بۆریس جۆنسۆن" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، بە ناتۆ و ھاوپەیمانەکانیان ڕاگەیاندووە، ئەوەی لە دەستیان بێت بیکەن بۆ پیشتوانیکردنی ئۆکراین و سەرۆک زیلینسکی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، خۆشحاڵە کە زۆرێک لە ھاوپەیمانەکانیان ھاوکاری و یارمەتی مرۆیی دەگەیەننە ئۆکراین.
وتیشی، پێویستە لەگەڵ خەڵکی ئۆکراین بوەستنەوە، کە لە ئێستادا بەرگری لە خاکەکەیان و دیموکراسی لە ھەموو جیھان دەکەن.