جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، ئەو زانیارییە ھەواڵگریانەی دەستیانکەوتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن، حکومەتی ئێران بە نیازە لە ماوەیەکی کورتدا، بە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا دابین بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی زانیارییەکان ئێران دەیەوێت ڕاھێنان بە ھێزە ڕووسییەکان بکات، لەسەر چۆنیەتی بەکارھێنانی ئەو جۆرە فڕۆکانە، بڕیاریش بووە یەکەم خولی ڕاھێنانیش لە سەرەتای مانگی تەمموزدا بەڕێوەبچێت.

سۆلیڤان ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا نازانن بەشێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی ئێران گەیشتووەتە دەستی سوپای ڕووسیا یاخود نا.

باسی لەوەشکرد، پێشتر حوسییەکانی یەمەن بەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، کە بۆمبڕێژکرابوون، ھێرشیان دەکردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.