دوای چەند سەعاتێک لەوەی چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابولی پایتەختی ئەفغانستان، ئاڵای ئەمریکا لەسەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە کابوڵ ھێنرایە خوارەوە، وەک دواین ھەنگاو بۆ چوڵکردنی باڵیۆزخانەکە، زۆربەی وڵاتانیش باڵیۆزخانەکانیان چۆڵکرد و کارمەندەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی کابول گواستەوە.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش داوای لە وڵاتان کرد، بزوتنەوەی تاڵیبان وەک حکومەت نەناسن، راشیگەیاند، پێویستە وڵاتان ھەڵویستێکی یەکگرتوو و گشتگیریان بەرامبەر رەوشی ئەفغانستان ھەبێت، بۆئەوەی رێگە نەدەن ئەو وڵاتە ببێتە ناوەندێک بۆ سەرھەڵدانی تیرۆر، بڕیاریشە سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر رەوشی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابولەوە و دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و محەمەد ئەشرەف غەنیش سەرۆک کۆماری ئەفغانستان وڵاتەکەی جێھێشت.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیری بەریتانیاش دوای کۆبوونەوەی بە پەلەی حکومەتەکەی ڕایگەیاند، ڕێگەی سەربازیی چارەسەری پرسی ئەفغانستان ناکات و وڵاتەکەشی شانازی بەو کارانەوە دەکات لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان کردوونی و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا دیپلۆماتکار و ھاوکارە ئەفغانییەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەی
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی دۆخە لەناکاوەکانی تورکیا ڕایگەیاند، دوای دۆزینەوەی تەرمی ٩ کەسی تر، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی لافاوی شارەکانی باکور گیانیان لە دەستداوە بۆ ٤٠ کەس بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ناوی ١٠٠ کەس تۆمار کراوە کە چارەنووسیان نادیارە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زۆر بەرزتر ببێتەوە.
ماوەی سێ ڕۆژە بارانێکی بە خوڕ شارەکانی کاستامۆنۆ و سینۆپ و بارتنی تورکیای گرتووەتەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش ھەر سێ شارەکەی بە ناوچەی کارەساتبار ڕاگەیاند.
سەرۆکایەتی تونس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەفدێکی ئەمریکی سەردانی قەیس سەعید، سەرۆکی تونسیان کردووە و نامەیەکی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکایان پێداوە، لە نامەکەدا بایدن داوای لە سەعید کردووە بە زوترین کات دیموکراسیەتی پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە بۆ تونس.
وەفدەکەی ئەمریکا داوایان لە سەرۆکی تونس کردووە بە پەلە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکات بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێ بۆ تونس پێکبھێنرێت و قەیرانە ئابووری و تەندروستییەکەی ئەو وڵاتە تێبپەڕێنێت.
سەرۆکی تونس لە ٢٥ی تەموزی ڕابردوو پەرلەمانی وڵاتەکەی سڕ کرد و ھیشام مەشیشی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوورخستەوە و بزوتنەوەی نەھزەش ڕێکارەکانی بە کودەتا ناو برد.
پێگەی سی ئێن ئێن تورک بڵاویکردەوە، لە دارستانەکانی شارۆچکەی چەشمە سەر بە پارێزگای ئیزمیر ئاگر کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە وشکانی و ئاسمانەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و بۆ خێرا کوژانەوەی ئاگرەکەش سێ ھەلیکۆپتەر ڕەوانەی ناوچەکە کراون، بای بەھێزی ناوچەکەش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی سەختکردووە.
کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو تورکیا کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاگری دارستانەکانی باشوری وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە زۆرترین زیان بەر دارستانەکانی پارێزگاکانی ئەنتاڵیا و موغڵا کەوت.
بە پێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا، ٢٩ ھەزار و ٧٠٠ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمار کراوە، ٤٦٦ تووشبووش گیانیان لە دەستداوە.
ھەر بە پێی ئامارەکە کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە، ٤ ملیۆن و ٣٨٩ ھەزار و ٨٥ کەس، تا ئێستاش ٩٧ ھەزار و ٢٠٨ کەس گیانیان لە دەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش ڕێوشوێنی پێویستی بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر، و قەدەغەی ھاتووچۆی نیمچەیی لە بەشێکی زۆری شارە گەورەکان ڕاگەیاندووە.
کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، سنورەکانی نێوان لیتوانیا-بیلاروسیا، بووەتە ناوەندی پەڕینەوەی کۆچبەران بە شێوەی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ٣٧ وڵاتەوە کۆچبەر بە نایاسایی خۆیان دەگەیەننە سنورەکانی لیتوانیا کە ٦٠٪یان عێراقین.
دەشڵێت، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەروازە سنورییەکانی یەکێتی ئەوروپایان بەزاندووە، لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتووەتە سەرو ٨٢ ھەزار.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی عەفرین بڵاویکردەوە، لە ١٠ مانگی ئاب لە گوندی جەلەمە سەر بە ناوچەی جندێرێس سەر بە عەفرین چوار ھاوڵاتی مەدەنی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە رفێنراون، لە گوندی قورتقولاقی سەر بە شاروچکەی شەرا لە عەفرین ١٥ ھاوڵاتی سیڤیل رەفێنراون و ٢٠ خانوی ھاوڵاتیانی ھەمان گوند لەلایەن چەکدارەکانەوە روخێنراون، لە ناوچەی عەزازیش دوو ھاوڵاتی خەڵکی عەفرین لەلایەن چەکدارانەوە رفێندراون.
بە پێی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی عەفرین، چەکدارانی سەر بە تورکیا لە گرێ سپی دوو ژن و منداڵێکی ساوایان لە ١١ی ئەم مانگەوە رفاندوووە و بەرەو شوێنێکی نەدیار براون و بۆ ئازادکرنیشیان داوای فیدیە لە کەسوکاریان دەکەن.
فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا زیاتر لە ٣٧ ھەزار کۆچبەری نایاسایی لە ٢٢ شاری ئەو وڵاتە دەستگیرکراون و دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆچبەرانەی دیپۆرتکراونەتەوە زۆرینەیان، ئەفغانین و لە نێویشیاندا ژمارەیەک کۆچبەری پاکستانی و وڵاتانی دراوسێی تێدایە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش رایگەیاندووە، وڵاتەکەیان پێشوازی لە کۆچبەرانی ئەفغانی ناکات.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە ڕێژەی ٥٩٪ زیادیکردووە، چونکە ساڵی ڕابردوو بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و داخستنی سنوورەکان، چوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکرد.
ڕاشیگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٨٢ ھەزار کەس بە نایاسایی لە ڕێگەی خۆرئاوای بەڵکانەوە گەیشتوونەتە ئەوروپا، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەش خەڵکی سوریا و ئەفغانستانن.
بەریتانیش ڕایگەیاند، ٦٠٠ سەرباز ڕەوانەی ئەفغانستان دەکات بۆ ھاوکاریکردنی گەڕاندنەوەی ھاوڵاتیانیان لەو وڵاتە.
(خڵوسی ئاکار)، وەزیری بەرگری تورکیاش لە بارەی لە ئەستۆگرتنی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ لەلایەن ھێزەکانیانەوە ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەم بابەتە یەکلادەکەنەوە، بەڵام گیانی سەربازەکانیان ناخەنە مەترسی جدییەوە.
حکومەتی کابوڵیش ڕایگەیاند، گەڕاندنەوەی ئەو ھێزانەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ وڵاتەکەیان، بۆ پشتیوانی سوپای ئەفغانستان نییە لە بەرامبەر ھێرشەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان.
میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە ناوچەی کەیھام لە شاری پلیماوس، چەکدارێک بە ھۆکارێکی نادیار، تەقەی ھەڕەمەکی لە خەڵک کردووە و بەھۆیەوە سێ ژن و دوو پیاو کوژراون و دواتر تەقەکەرەکەش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.
جۆنی مێرسێر نوێنەری پلیماوس لە پەرلەمانی بەریتانیا ڕایگەیاند، یەکێک لە کوژراوەکان منداڵە و تەمەنی خوار ١٠ ساڵە، دەشڵێت، ڕووداوەکە تیرۆریستی نەبووە.
دوای سوتانی دارستانەکان و ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا، ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ناوچەکانی ھەرێمی دەریای ڕەشی لە باکوری تورکیا گرتووەتەوە و بەوھۆیەشەوە لافاو لە شارەکانی کاستامۆنۆ و بارتن و سینۆپی دروستبووە.
ڕۆژنامەی (جمھوریەت)ی تورکیا ئاشکرایکردووە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و دابەزینی بەھای لیرە، پارتی دەسەڵاتداری تورکیا (ئاکەپە)، پلانی ھەیە بە بڕی یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ، (١٠٠) گرتووخانەی نوێ دروست بکات، بەمەش ژمارەی گرتووخانەکان لە تورکیا دەگاتە (٢٣١) گرتووخانە.
سەرچاوەکە بڵاویکردووەتەوە، بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە دوای ساڵی ٢٠١٦ەوە ژمارەی زیندانیکراوەکان گەیشتووەتە ٣٠٠ ھەزار کەس، کە زۆرینەیان لەسەر دۆسیەی سیاسی دەستبەسەرکراون.