وتەبێژی سەرۆکی پەرلەمانی سریلانکا ڕایگەیاند، سەرۆکی ھەڵھاتووی وڵات دوای گەیشتنی بە وڵاتی سەنگاپورە بە ئیمەیڵ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ سەرۆکی پەرلەمان ناردووە. وتیشی، نامەکە ئاڕاستەی داواکاری گشتی کراوە بۆ بڕیاردان لەسەر لایەنە یاساییەکەی بەر لە قبوڵکردنی.

ھاوکات سەرۆکی پەرلەمانی سریلانکا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵات ھەڵدەبژێردرێت.

سەرچاوەیەکیش لە پارتی گەلی دەسەڵاتدار ئاشکرایکردووە، سەرۆک وەزیرانی ئێستای وڵات تاکە بژاردەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی وڵات.

 گوتابایا ڕاجاباکسا سەرۆکی سریلانکا لە ژێر فشاری خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان کە ماوەی چەند مانگێکە لە دژی نەبوونی خواردن و دەرمان و گرانی سوتەمەنی بەردەوامە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ھەڵھات و ڕۆژی چوارشەممەش گەیشتە دوورگەکانی ماڵدیڤ، ئەمڕۆش ڕووی لە وڵاتی سەنگاپورە کرد.