سەرۆکی ھەڵھاتووی سریلانکا خۆی گەیاندە دوورگەکانی ماڵدیڤ
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٢
سەرۆکی پەرلەمانی سریلانکا رایگەیاند، سەرۆکی ھەڵھاتوو، (رانیل ویکرم سینگ)ی سەرۆک وەزیرانی لە شوێنی خۆی داناوەو دەسەڵاتەکانی رادەستکردووە.
سەرۆک وەزیرانیش بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە باری نائاسایی راگەیاند و بەڵێنی دا لەکاتی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ دەسەڵات بەجێ بھێڵێت.
بەرەبەیانی ئەمرۆ ھێزی ئاسمانی سریلانکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە پێی دەستور و لەسەر داوای حکومەت، ( گوتابایا راجاباکسا)ی سەرۆک و ھاوسەرەکەی و دوو بەرپرسی ئەمنی گەیەنراونەتە دوورگەکانی ماڵدیڤ.
رۆژی شەممەی رابردوو سەرۆکی سریلانکا لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا کۆشکی سەرۆکایەتی جێھێشت و خۆی گەیاندە دامەزراوەیەکی ھێزی دەریایی وڵاتەکەی ، چەند جارێکیش ھەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە دوبەی بەڵام ھەوڵەکانی شکستیان ھێنا.