بایدن سەردانی ئیسرائیل و فەڵەستین و سعودیە دەکات
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٢
سەرۆکی ئەمریکا یەکەم سەردانی بۆ خۆرھەڵاتی ناوەراست لەدوای دەستبەکاربوونی ئەنجامدەدات و ئەمرۆ دەگاتە تەلئەبیب و لەگەڵ یائیر لابید سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە، بایدن و لابید راگەیەنراوێکی ھاوبەش بەناوی( راگەیاندنی قودس) ئیمزا دەکەن، کە پەیامێکی یەکگرتووی ھەردوو وڵاتە لەدژی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
بایدن دوای ئیسرائیل سەردانی کەناری خۆرئاوا دەکات و لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین کۆدەبێتەوە بە ئامانجی سەرلەنوێ کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەنێوان رامەڵا و تەلئەبیب کە لە سەردەمی ئیدارەکەی ترامپ بەتەواوی داخرابوون.
رۆژی ھەینیش بایدن سەردانی سعودیە دەکات و لە شاری جەدە لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی وزە کە لە دوای جەنگی ئۆکراینەوە بەرۆکی جیھانی گرتووە.
جیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەولەویەتی سەردانەکەی بایدن بۆ خۆرھەڵاتی ناوەراست جێگیرکردنی ئاگربەستی یەمەن و گرێدانەوەی ئیسرائیل بە ناوچەکە و بەرەپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیەیە.