حوجەتوڵا عەبدولمەلەکی راوێژکاری سەرۆک کۆمار و ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئێران بۆ کاروباری ناوچەی ئازادی بازرگانی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، تاران لەگەڵ دیمەش و بەغداد لە گفتوگۆدایە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ئەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی عێراق و سوریا ئارامییان بۆ گەڕاوەتەوە، بۆیە جوڵەی ئازادی بازرگانی زۆر ئاسانبووە، ئەوەش ھاوکاری ئێران دەبێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگاتە دەریای سپی ناوەڕاست.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی تەواوی ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ناتانیاھۆ، بڕیاردرا ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو موسڵمانان لە ھەفتەی یەکەمی رەمەزاندا بچنە ناو مزگەوتی ئەقسا.
ھەروەھا ھەفتانە ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەمنی و سەلامەتی دەکرێت و بەوپێیە بڕیاردەدرێت، چونکە رەمەزان پیرۆزە لای موسڵمانان و رێکارەکان ھاوشێوەی ھەموو ساڵێک دەبێت.
بەڵام، ئیتمار بن غەفیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو رێگەپێدانەی ناتانیاھۆ سەبارەت بە مزگەوتی ئەقسا، ھاووڵاتیانی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە و وێنەی سەرکەوتن دەدات بە حەماس.
لە ھەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەمریکادا کە بۆ یەکلایکرنەوەی کاندیدی حزبەکان بەڕێوەدەچن، رۆژی سێشەممە لە ١٥ ویلایەتی ئەمریکا ھەڵبژاردن کرا و دۆناڵد ترەمپ توانی لە ١٢ ویلایەت بەسەر نیکی ھەیلی رکابەریدا سەربکەوێت، بەو شێوەیەش نزیکە لەوەی ببێتە کاندید سەرەکی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
دوای بردنەوەشی، دۆناڵد ترەمپ لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سوشال، سوپاسی خەڵکی ئەو ویلایەتانەی کرد کە تێیاندا سەرکەوتووبووە.
ھاوکات جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان، توانی لە ١٤ ویلایەت بەسەر دین فیلیبسی رکابەریدا سەربکەوێت.
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دانوستانەکانیان لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگیر بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامی پێدەدەن.
وتیشی، بزووتنەوەکەیان نەرمی پێویستی نواندووە لەپێناو گەیشتن بە ئاگربەست بۆ راگرتنی ئەو دوژمنکارییەی لەسەر گەلی فەڵەستین ھەیە، بەڵام ھێشتا ئیسرائیل لە ھەندێک دەستکەوتی ئەو رێککەوتنە خۆی دەدزێتەوە، بە تایبەت لەو خاڵانەی کە پەیوەندی بە ئاگربەستی ھەمیشەیی و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کشانەوە لە کەرتی غەززە و دابینکردنی پێداویستییەکانەوە ھەیە، بەڵام لە دانوستانەکان بەردەوامدەبن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک کە داواکاری گەل و بەرژەوەندییەکانی بەدیبھێنێت.
فەرماندەی ھێزەکانی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حوسییەکان ٢ موشەکی بالیستیان ئاڕاستەی کەشتییەکی بازرگانی سویسری کردووە لە کەنداوی عەدەن و بەوھۆیەوە زیان بەر کەشتیەکە کەوتووە، بەڵام تائێستا نازانرێت بەھۆی ھێرشەکەوە زیان بەر تیمی کەشتەوانیی کەشتیەکە کەوتووە یاخود نا.
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، شەوی رابردووش حوسییەکان موشەکێکی بالیستیان ئاڕاستەی دەریای سور کردووە، بەڵام موشەکەکە کەوتووەتە ئاوەوە و ھیچ ئامانجێکی نەپێکاوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای کۆبوونەوەی حکومەت بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەنقەرە بەردەوامدەبێت لە روبەڕوبوونەوەی نەیارەکانی و بە تەواوکردنی کارەکانی دابینکردنی ئاسایش لە سنورەکانیان لەگەڵ عێراق، گرفتە ئەمنییەکانیان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی چارەسەردەکەن.
پەیوەست بە دۆخی ھەڵاوسانی ئابوری وڵاتەکەشی وتی، ھەوڵەکانیان زیاتر دەخەنەکار بۆ زاڵبوون بەسەر ھەڵئاوسان و بووژانەوەی ئابوری بە مەبەستی بەرزکردنەوەی دۆخی ئابووری کارمەندان و خانەنشینان.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕو، ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ی ئادار بەردەوامن و پێداگرن کە نمایشێکی دیموکراسی نیشانی جیھان بدەن.
بەپێی راپۆرتێکی ھەردوو رێکخراوی "مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" و "ھاوپەیمانی جیھانی بۆ دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان" ، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان ٨٣٤ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراوە کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ جێبەجێکردنی ئەو سزایە بەڕێژەی لەسەدا ٤٣ زیادیکردوە.
ئەوەش بەرزترین ئامارە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە دوای ساڵی ٢٠١٥ کە لەو ساڵەدا ٩٧٢ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکرابوو.
ئەو دوو رێکخراوە، لێپرسراوانی ئێرانیان تۆمەتبارکردووە بەوەی سزای لەسێدارەدان وەک رێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەناو ھاووڵاتیاندا بەکاردەھێنن.
ئەمرۆ بە سێشەممەی گەورە ناودەبرێت، چونکە لە ١٥ ویلایەتی ئەمریکا ھەڵبژاردنی سەرەتایی لەناو ھەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکان بەرێوەدەچێت و تا رادەیەکی زۆر چانسی کاندیدی سەرەکی حزبەکان بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتی دیاریدەکرێت.
تائێستا جۆ بایدن دیارترین کاندیدی دیموکراتەکانە و رکابەرێکی ئەوتۆی نیە، چونکە دین فیلیبسی رکابەری تائێستا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی لە ھەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا تۆمارنەکردووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان لە کێبڕکێیەکی توندایە لەگەڵ نیکی ھەیلی و لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا تا رادەیەکی زۆر چارەنووسیان دیاریدەکرێـت.
نوسینگەی میدیای حکومەت لە غەززە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سوپای ئیسرائیل تائێستا، لە غەززە دوو ھەزار و ٦٧٥ کۆمەڵکوژی دەرھەق بە ھاووڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە کە بەھۆیانەوە ١٣ ھەزار و ٤٣٠ منداڵ و ھەشت ھەزار و ٩٢٠ ژن کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێرشەکان پێنج مانگیان تێپەڕاندووە و پێیان ناوەتە شەشھەمین مانگەوە و ھێشتا حەوت ھەزار کەس بێسەروشوێنن کە زیاتر لە سەدا ٧٠یان ژن و منداڵن، ژمارەی ئەو کوژراوانەی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان ٣٠ ھەزار و ٥٣٤ کەسە و ژمارەی بریندارانیش ٧١ ھەزار و ٩٢٠ کەسن.
ھەروەھا لە ئەنجامی ھێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ٣٦٤ کارمەندی تەندروستیی و ٤٨ کارمەندی بەرگریی شارستانی و ١٣٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون.

بایدن لە ویلایەتی ماریلاند بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەگەر بگەنە ھەلومەرجێک کە ئەوەی لە ڕەمەزاندا ڕوودەدات بەردەوام بێت، ڕەنگە بۆ ئیسرائیل و قودس زۆر مەترسیدار بێت.
جەختی لەوەشکردەوە ئیسرائیل ھیچ بیانوویەکی نییە بۆ بەردەوامبوونی ڕێگریکردن لە گەیشتنی ھاوکاری زیاتر بۆ غەززە.
بەوتەی بایدن، ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە ئێستا لە دەستی حەماسدایە.
ئەو ١٠٠ پارێزەرە پێیانوایە ئەنتۆنی ئەلبانیز سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، ھاوبەشە لە تاوانی کۆمەڵکوژی لە غەززە بە راگرتنی ھاوکارییەکانی حکومەتی ئوسترالیا بۆ دەزگای فریاگوزاری ئونروا لە کەرتی غەززە بە بڕی شەش ملیۆن دۆلار.
ئەلبانی دەبێتە یەکەم سەرکردەی ڕۆژئاوا کە دەدرێتە دادگای لاھای لەسەر دۆسیەی غەززە، داواکاری رەوانەکردنەکەش لەسەر بنەمای ھەنگاوەکانی ئەلبانی و بەرپرسانی دیکەی ئوسترالیا بووە دژ بە کەرتی غەززە و پەنابەرانی فەلەستین لە کاتێکدا قەیرانێکی مرۆیی بەردەوام ھەیە.

ئولیگ کوبیاکوڤ بەڕێوەبەری نوسینگەی رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" رایگەیاند، رەوشی بابلمەندەب و دەریای سور بەھۆی گەمارۆی حوسییەکانەوە کاریگەری لەسەر بازرگانی خۆراک دەبێت و نرخەکان بەرز دەکاتەوە، چونکە تێچووی کەشتییە بارھەڵگرەکان کە بەو رێگەیەدا دەڕۆن چوار ھێندە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵاکان ٣٠٪ کەمیکردووە.
وتیشی، گەورەترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لە جیھاندا رەتیکردووەتەوە کاڵا و پێداویستییەکان بە دەریای سوردا بگوازێتەوە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە ھێزی دەریاییان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمریکا و بەریتانیاش ھێرش بۆ سەر حوسیییەکان ئەنجامدەدەن، بەھۆی ئەوەی مەترسین لەسەر کەشتییەکان.
کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵیان لە یەکەی بەرپرس لە سیستمی زانیاری لە سوپای ئیسرائیل پێشکەش کردووە، کە لەلایەن دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە نێو ئەو کەسانەشی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە، کۆلونێل ریچارد ھیچت ھەیە، کە وتەبێژی سوپای ئیسرائیلە بۆ کاروباری راگەیاندنی بیانی.
ھەروەھا کۆلۆنێل شلومیت میلەر کە بە دووەم کەس لە دوای "ھاگاری" دادەنرێت، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە. سەرۆکی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانیش لە یەکەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل کارەکەی جێدەھێڵێت.
کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ لە ئەنجامی ناڕەزاییەکانە سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەکان و ئاماژەیەکە بۆ ئەو پشێوییەی لە یەکەی زانیارییەکاندا ھەیە کە لەلایەن "ھاگاری"یەوە بەڕێوەدەبرێت.
رۆژنامەنووس رەنج پشدەری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چەند سەعاتی رابردوودا ٩٨ کۆچبەر لە ئاوی سێپەنجە لەنێوان یۆنان و ئیتاڵیا گیریانخواربوو و داوای بەھاناوەچوونی بەپەلەیان دەکرد، لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە رزگارکران و بەسەلامەتی گوستراونەتەوە بۆ دوورگەیەکی سەربە ئەسینا.
وتیشی، ئەو کۆچبەرانەی رزگارکراون نزیکەی ٦٠ کەسیان خەڵکی ھەرێم و رۆژھەڵاتی کوردستانن، کە لەنێویاندا ژن و منداڵیشی تێدایە و ھەموویان سەلامەتن.
ئیدارەی کارەساتە سروشتییەکان لە پاکستان بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین و لافاو ماوەی دوو رۆژە وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بەھۆیەوە ٢٩ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٥٠ کەسیش برینداربوون، ھەروەھا چەندین بینا رووخاون و ژمارەیەک لە رێگەکان داخراون، بە تایبەت لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە.
بە وتەی لێپرسراوانی پاکستان، زۆرینەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە ناوچەکانی سەر بە ھەرێمی "خیبر بختونخوا" بووە، کە نزیکە لە ئەفغانستان و بە بەلەم ھاووڵاتیانگەیەندراونەتە شوێنی پارێزراو.
لێپرسراوانی پاکستان داوایان لە گەشتیاران کرد گەشت بۆ ناوچەکانی باکور نەکەن، چونکە رەوشی کەشوھەوا خراپە.
لە پارێزگای لوڕستانیش کورد ٨ کورسی ھەیە، تائێستا ٧ کورسی یەکلایی بوەتەوە و کورسی ھەشتەمیش لە قوناغی دووەمدا یەکلایی دەبێتەوە.
ھەروەھا ژمارەی نوێنەرانی کورد لە پارێزگای ورمێ بەرزبووەتەوە بۆ ٧ نوێنەر، تەنھا لە بازنەی ورمێ لە کۆی سێ کورسی دوو کورسی بۆ کورد بووە، ئەو دوو کەسەش یەکێکیان ژنێکە بەناوی شەھێن جەھانگیری، ھەروەھا لە بازنەی ماکووپۆلدەشت و چالدرانیش یەکەمجارە کوردێک سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.
بەپێی ئامارەکان، رێژەی بەشداری پارێزگاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە سنە لەسەدا ٣٠.٥٤ و لە کرماشان لەسەدا ٣٧.٣ و لەورمێ لەسەدا ٤٦.٣ و لە ئیلام لەسەدا ٥٣.٣ بووە، لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران سنە لە پلەی ٣٠ ھەمین دایە لە رێژی بەشداربووان.
ئەوە لە کاتێکدایە لە خولی یانزەھەمی پەرلەمانی ئێران، نوێنەرانی کورد، خاوەنی ٢٠ کورسی بوون، ئەوانیش پێکھاتبوون لە ٦ کورسی پارێزگای سنە و ٨ کورسی پارێزگای کرماشان و ٣ کورسی پارێزگای ورمێ و ٣ کورشی پاریزگای ئیلام.