كۆریای باكور و روسیا رێككەوتنێكی نوێ‌ بۆ زیاتر فراوانكردن و گەشەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوانیان ئیمزا دەكەن.


میدیاكانی كۆریای باكوور بڵاویانكردووەتەوە، كیم جۆنگ ئون سەرۆكی وڵاتەكەیان لەگەڵ ئەندیە بیلۆسۆڤ وەزیری بەرگری روسیا كۆبووەتەوە و رایگەیاندووە، روسیا توانیویەتی لە چوارچێوەی مافی بەرگری لەخۆكردندا نەیارەكانی والێبكات باجێكی قورس بدەن لەسەر دژایەتیكردنی مۆسكۆ، بۆیە كۆریای باكوریش بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لە روسیا و سەروەری خاكەكەی دەكات.


ئاماژە بەوەشكراوە، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆریای باكوور و وەزیری بەرگری روسیا رێككەوتنێكی نوێیان ئیمزاكردووە بۆ  زیاتر فراوانكردن و گەشەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوانیان و هاوبەشییە ستراتیژییەكانیان كە زیاتر كەرتی بەرگری و پاراستنی سەروەری و ئاسایش دەگرێتەوە.