دوای نزیكەی سەدەیەك و رووخانی ئەسەد جارێكی تر ئاڵا سەوزەكە لە سوریا بەرزكرایەوە
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لە دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی ئەسەد و كۆنتڕۆڵكردنی دیمەشق لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، جارێكی دیکە ئاڵای شۆڕشی سوریا لە زۆربەی ناوچەكان و لەلایەن زۆرینەی سورییەكانەوە بەرز كرایەوە.
ئاڵا سەوزەکە و ئاڵا سورەکە
ئاڵاكەی شۆڕشی سوریا بە رەنگە سەوزەكەی جیا دەكرێتەوە لە ئاڵا سورەكەی سەردەمی ئەسەد. ئاڵاكە لە سێ بەش پێكدێت كە لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە ڕەنگی سەوز و سپی و رەش رەنگكراون و لە بەشە سپیەكەی ناوەراستدا سێ ئەستێرەی سوور هەیە. رەنگەكان مانای جیاوازیان هەیە و سێ ئەستێرە سورەكەش نوێنەرایەتی سێ ناوچە لە سوریا دەكەن ئەوانیش ناوچەكانی حەلەب و دیمەشق و دێرەزورن .
سەبارەت بە ئاڵای سوریش كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەددا بەرز دەكرایەوە، لە سێ بەش پێكهاتبوو لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە ڕەنگی سوور و سپی و رەش رەنگ كرابوو، لە بەشە سپیەكەی ناوەراستدا دوو ئەستێرەی سەوز هەبوون، كە تا درەنگانی شەوی ٧ی ئەم مانگەش ئەو ئاڵایە بە ئاڵای رەسمی سوریا دادەنرا.
مێژووی ئاڵا سەوزەكەی ئۆپۆزسیۆن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەربەخۆبوونی سوریا لە داگیركەری فەڕەنسی كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٣٢ لە دیمەشق بەرزكرایەوە، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ لە قۆناغی یەكگرتوویی نێوان سوریا و میسر ئاڵای سوریا گۆڕا و كرا بەو ئاڵایەی لە سەردەمی ئەسەددا بەكاردەهێنرا .
ساڵی ٢٠١١، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی سوریا لە دژی دەسەڵاتی ئەسەد، دیسانەوە ئاڵای سەوز دەركەوتەوە و خۆپیشاندەران لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا بەشێوەیەكی بەرفراوان لە پارێزگا جۆراوجۆرەكاندا بەكاریان دەهێنا و داوای رووخاندنی رژێمیان دەكرد.
دواتریش ئەو ئاڵایە بە رەسمی لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و سوپای سوریای ئازادەوە بەكارهێنرا و ئەو حكومەتە كاتییەش كە ئەوكات ئۆپۆزسیۆن پێكیهێنا، ئەو ئاڵایەی كردە ئاڵای رەسمی خۆی .
لە سەرەتاكانی ئەم مانگەشدا و دوای كۆنتڕۆڵكردنی چەند شارێكی سوریا لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنەوە، ئاڵا سەوزەكە جارێكی تر دەركەوتەوە و بووەوە بە هێمایەک بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، ئەمڕۆش لە زۆرینەی ناوچەكانی سوریا و دیمەشقی پایتەخت، ئاڵاكە بەرز كرایەوە.