گروپە چەكدارەكانی سوریا كۆنترۆڵكردنی دیمەشقی پایتەخت و كۆتایهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.

گروپە چەكدارەكان بڵاویانكردەوە، بەیانی ئەمرۆ بەبێ هیچ بەرەنگاربونەوەیەك چونەتە شاری دیمەشقەوە، ئاماژەیان بەوەشداوە سەردەمی تاریكی لە سوریا كۆتایی هات و سەرەتای سەردەمێكی نوێ لە وڵاتەكە دەستیپێكردووە، دواتریش لە رێی تەلەفزیۆنی رەسمی سوریاوە كۆنترۆڵكردنی شاری دیمەشق و كۆتاییهاتنی سەردەمی ئەسەدیان راگەیاند، هەروەها فرۆكەخانەی دیمەشق لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە كۆنترۆڵكرا و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی راگیران.

روانگەی سوریش بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ بەشار ئەسەد لە رێی فرۆكەیەكەوە دیمەشقی بەجێهێشتووە و بەرەو شوێنێكی نادیار رۆیشتووە، چەند سەرچاوەیەكیش باس لە كەوتنە خوارەوەی فرۆكەكەی ئەسەد كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو هەواڵە پشت راست نەكراوەتەوە .

هاوكات محەمەد غازی جەلالی سەرۆك وەزیرانی سوریا رایگەیاندوە، حكومەتی سوریا ئامادەیە هاوكاری هەر سەركردایەتیەك بكات كە گەل هەڵیدەبژێرێت و ئامادەشن بۆ رادەستكردنی دەسەڵات، راشیگەیاندووە، لەگەڵ ئیدارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە پەیوەندیدان و رێكەوتون لەسەر گرنگیی پاراستنی دەزگا حكومییەكان.