ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستەی حوكمڕانی بۆ قۆناغی گواستنەوە پێكدەهێنێت و لەماوەی شەش مانگدا دەستوور بۆ راپرسی ئامادە دەكات.


هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لەئێستادا هاوپەیمانی نیشتیمانی كار بۆ ئەوە دەكات دەستەی حوكم بۆ قۆناغی گواستنەوە پێكبهێنێت كە هەموو دەسەڵاتێكی جێبەجێكردنی هەبێت بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییە نیشتیمانییەكان بەبێ‌ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێك بۆئەوەی سوریایەكی نوێی ئازاد و دیموكرات و هەمەلایەن بنیات بنێن.


هادی بەحرە سەكردەی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە پەراوێزی كۆڕبەندی دەوحە رایگەیاند، پێویستە ئەو قۆناغی گواستنەوەیەی سوریا پێیدا تێپەڕدەبێت لە ١٨ مانگ زیاتر نەبێت لە پێناو رەخساندنی كەشێكی ئارام و بێلایەن بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد.


جەختیشیكردەوە، لەماوەی شەش مانگدا دەستوورێك بۆ راپرسی ئامادە دەكەن و بەپێی ئەو دەستوورە هەڵبژاردن دەكەن و هەر ئەو دەستوورەش دیاری دەكات سیستمی نوێی حوكمڕانی لە سوریا پەرلەمانی یان سەرۆكایەتی یاخود تێكەڵاو بێت، وتیشی، داوایان لە فەرمانبەرانی حكومەتی سوریا كردووە لەسەر كارەكانیان بەردەوام بن و رێگە نادرێت هیچ كەسێك ئازاریان پێبگەیەنێت.