گروپی "چەكداریی تەحریر شام" دەستپێكردنی قۆناغی گەمارۆدانی دیمەشقی راگەیاند، سوپای سوریاش لە شاری حومس كشایەوە، ئەمریكاش پێشبینی روخانی حكومەتی سوریا دەكات.

حەسەن عەبدولغەنی، فەرماندە لە گروپی چەكداری "تەحریر شام"، دەستپێكردنی قۆناغی گەمارۆدانی دیمەشقی پایتەختی راگەیاند و دەشڵێت، ئامادەنین لە ژێر هیچ بارودۆخێكدا چەكی كیمیایی بەكاربهێنن، روانگەی سوریش بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، چەكدارانی تەحریر شام ژمارەیەك گوندی دەوروبەری دیمەشقی كۆنترۆڵكردووە و لەئێستاشدا تەنها چەند كیلۆمەترێك لە سەنتەری شاری دیمەشقەوە دوورن.

هاوكات، ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكردەوە، بەشار ئەسەد لە مەترسییەكی گەورە دایە و پێشنیازی گفتوگۆی لەگەڵ ئۆپزسیۆنی سوریا و نووسینەوەی دەستووری نوێ كردووە، هاوكات ئامادەیە بۆ رێككەوتن ئەگەر رێگەی پێبدرێت چەند ناوچەیەكی لەژێر دەسەڵات بمێنێتەوە، یاخود گەرەنتی دەرچوونی بە سەلامەتی لە سوریا بكرێت.

كەناڵی سی ئێن ئێنیش بڵاویكردەوە، لێپرسراوانی ئیدارەی بایدن چاودێری دۆخی سوریا دەكەن و پێشبیندەكەن لە چەند رۆژی داهاتوودا رژێمی سوریا بروخێت، دەشڵێت، وێڕای ئەوەی هێزێكی پەرتەوازە لە سوپای سوریا ماوەتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە دیمەشق، بەڵام بەشار ئەسەد لە هیچ شوێنێك دیارنییە و پێدەچێت لە تاران بێت.

پێشتر، سەرۆكایەتی كۆماری سوریا رەتیدەكاتەوە بەشار ئەسەد دیمەشقی جێهێشتبێت و دەڵێت، ناوبراو لە دیمەشق سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەركەكەیەتی، سەرۆك ئەركانی سوپای سوریاش دڵنیایی دەدات لە پاراستنی دیمەشق و دەڵێت، ئۆپراسیۆنەكانیان دژی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت و ئەو ئاژاوەگێڕییەی تیرۆریستان لە هەوڵی سەپاندنیدان كۆنترۆڵی دەكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمریكا و فەڕەنسا رەتیدەكەنەوە دەستێوەردان لە گرژییە ناوخۆییەكانی سوریا بكەن و وەزارەتی ناوخۆی عیراقیش دەڵێت، چاودێری دۆخی سوریا دەكەن و ئامادەكاری بۆ خراپترین ئەگەر دەكەن.