لە پزیشکی چاوەوە لە لەندەن بۆ سەرۆکی هەڵهاتووی سوریا
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بڕیاریدابوو کە کاری سیاسی نەکات، بەڵام روداوێکی هاتووچۆ بڕیارەکەی پێ گۆڕی و وایکرد جێگای باوکی بگرێتەوە، دوای ٢٤ ساڵیش مانەوە لە پۆستی سەرۆک کۆماری سوریادا، لە ئێستادا هەڵهاتووە و چارەنوسی نادیارە.
بەشێک لە ژیاننامەی بەشار ئەسەد
بەشار ئەسەد ساڵی ١٩٦٥ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لەدایکبووە، باوکی کە دەکاتە حافز ئەسەد لە ساڵی ١٩٧١ بووە سەرۆک کۆماری سوریا و تا کۆتایی ژیانی لەو پۆستەدا مایەوە کە بڕوای بە دیموکراسی نەبوو، هەروەها بە شێوەیەکی توندوتیژ حوکمی وڵاتی دەکرد.
بەشار لە سەرەتای ژیانیدا نەیدەویست رێگای باوکی بگرێتەبەر و سیاسەت بکات، دەیویست کاری پزیشکی بکات و دوای تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی دیمەشق، رۆشتە لەندەن بۆئەوەی بەشی پزیشکی چاو بخوێنێت، هەر لەوێش هاوسەری ژیانی ناسی کە ناوی (ئەسما ئەلئەخرس)ـە.

بەشار دووەم کوڕی حافز ئەسەد بوو، کوڕە گەورەکەی کە ناوی (باسل ئەسەد) بوو بۆ جێنشینی باوکی ئامادە دەکرا، بەڵام لە مانگی ١ـی ساڵی ١٩٩٤ کوڕە گەورەکەی حافز ئەسەد بە روداوێکی هاتووچۆ لە نزیک دیمەشق گیانیلەدەستدا، دوای ئەو رووداوە، بەپەلە بەشار ئەسەد لە لەندەنەوە گەڕایەوە سوریا و وەک جێنشێنی باوکی ئامادەدەکرا، دوای مردنی باوکیشی لە ساڵی ٢٠٠٠، بەشار ئەسەد لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا بووە سەرۆک کۆماری سوریا.
لەسەرەتادا حکومی بەشار ئەسەد دەربارەی چاکسازییە سیاسیەکان زۆر باش بوو کە ئەو سەردەمە بە (بەهاری دیمەشق) دەناسێندرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ جارێکی دیکە دەستگیرکردنی کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستیپێکردەوە.
دوای دەیەیەک لە حکومی بەشار ئەسەد، چەندین ئاڵەنگاری رووبەڕووی بوونەوە لەوانەش بەهاری عەرەبی کە ساڵی ٢٠١١ رویدا، کە چەند مانگێک رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەناو خاکی سوریادا بەردەوام بوو، بەڵام دواتر دەسوەردانی دۆستەکانی سوریا هاوکێشەکەی لە بەرژەوەندی بەشار یەکلایی کردەوە و حکومەتەکەی نەکەوت.
بەڵام چەند رۆژی رابردوودا جارێکی دیکە گروپە ناڕازییەکانی سوریا بە سەرۆکایەتی تەحریر شام دەستیان بە هێرش کردەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش دیمەشق کەوت و بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماریش تا ئێستا شوێنی نادیارە.