لەدوای روخانی رژێمی ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشقی پایتەختی سوریا لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە، لەئێستادا هەوڵی دۆزینەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەدرێت.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیسۆی ئەمریکی، بەشار ئەسەد لە درەنگانێکی شەوی شەممەوە لەگەڵ وەزیری بەرگری حکومەتەکەی دیارنەماوە و بۆ ئەوەش چەند بۆچوونێک لەسەر دیارنەمانی هەیە، ماڵپەڕەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان رایگەیاندووە ئەسەد هێشتا لە سوریایە و لە شوێنی سەربازیی روسیا لە وڵاتەکەی خۆی حەشارداوە و ئەگەرێکی لاوازیش هەیە کە بە فڕۆکەی سەربازیی روسیا خاکی وڵاتەکەی بۆ لای پوتن جێهێشتووە.

هەروەها بەپێی داتاکانی ماڵپەڕ "Flight radar" دەرکەوتوە کە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی سوریا کە پێدەچێت بەشار ئەسەدی تیادابوبێت لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە فڕیوە، سەرەتا بەرەو ناوچەی کەناراوەکانی سوریا فڕیوە، بەڵام دواتر سوڕاوەتەوە و بۆ ماوەی چەند خولەکێک بە ئاڕاستەی پێچەوانە فڕیوە، پاش کەمێکیش لە نەخشەکەدا دیارنەماوە.