جیهان

گەلعاد ئیردان نوێنەری ئیسرائیل لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رەوشی ئێستای وڵاتەکەی بەرگرییە لە پێناوە مانەوەدا، چونکە بزوتنەوەی حەماس کە زۆربەی وڵاتان خستوویانەتە لیستی تیرۆرەوە دەستپێشخەری کردووە بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕ و ئیسرائیلیش مافی خۆیەتی بەرگری لە خاک و گەلی و مانەوەی بکات.

وتیشی، سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کە روبەڕووی ھێرش و بۆردومانەکانی حەماس بوونەتەوە، ئامانجیان داگیرکردن و مانەوە نییە لە کەرتی غەززە، بەڵام وڵاتەکەی ھەرچی پێبکرێت بۆ لەناوبردن و ریشەکێشکردنی حەماس دەیکات و بۆئەوەش پرس و راوێژ بە ھیچ وڵاتێک ناکات و چاوەڕوانی مۆڵەتی ھیچ ھێز و لایەنێکیش نییە، چونکە تا ئەو کاتەی حەماس لە کەرتی غەززە بێت، ئاسایش و ئارامی بەدی نایەت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی لە لێپرسراوێکی باڵیۆزخانەی فەڵەستینەوە لە واشنتۆن بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە لە سەعات نۆی بەیانییەوە دەروازەی رەفەح دەکرێتەوە، بۆ دەرچوونی بیانییەکان بۆ میسر و ھەروەھا گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە. 

کەناڵەکە راشیگەیاندووە، کردنەوەی دەروازە چەند سەعاتێک دەخایەنێی و درەنگانی ئێوارە دادەخرێتەوە، ئیسرائیلیش تیمێکی خاچی سور دەنێرێت بۆ پشکنینی کاروانەکانی ھاوکاری کە دەچێتە فەڵەستینەوە.

ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویکردووەتەوە، کاروانی بارھەڵگری سوتەمەنی کە ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکانی پێوەیە، بە ئاڕاستەی دەروازەی کەرەم ئەبوسالم لە سنوری نیچَوان میسر و کەرتی غەززە و ئیسرائیل دەڕوات. 

ھەروەھا دەیان کاروانی ھاوکاری مرۆیی دیکە لە سنوری میسرەوە وەستاون و چاوەڕوانی کردنەوەی دەروازەی رەفەحن بۆ چوونە ناو کەرتی غەززەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پوتن بەر لە رێککەوتنی بۆ چین بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێکدا رایگەیاند، روسیا وڵاتی ئۆکراینی بەلاوە گرنگە و نابێت ئاسایشی وڵاتێک لەسەر حسابی وڵاتێکی دیکە بنیات بنرێت و دەبێت ئاسایش و ئەمنییەت بە دادپەروەرانە بۆ ھەموو وڵاتێک بێت. 

پوتن وتیشی، روسیا مافی خۆیەتی بەرگری لە ئاسایشی ولاتەکەی بکات و کاتێک دەڵێن فراوانبوونی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ ھەڕەشەیە، دەبێت گوێیان لێبگیرێت. 

پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، ھێرشی پێچەوانەی ئۆکراین شکستی گەورەی ھێناوە و وڵاتانی رۆژئاواش پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کوردە یەشار نوێنەری دەزگای لوتکە لە تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لە باکوری دوورگەی سیمی سنووری یۆنان، بەلەمێک بە ١٣ کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوتووە و لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچوونەکان بۆ سەرنشینانی ئەو بەلەمە، ھەشت کۆچبەر رزگارکراون و تەرمی سێ کۆچبەر دۆزراوەنەتەوە، ھەروەھا دوو سەرنشینی دیکە بێسەروشوێنن کە یەکێکیان منداڵێکی تازەلەدایکبووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تائێستا ھیچ زانیارییەک لەسەر رەگەز و تەمەنی قوربانییەکان ئاشکرانەکراوە، ھاوکات ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو کەسەی کە لە بەلەمەکەدابوون و بێسەروشوێنن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە سەردانێک دەچێتە ئیسرائیل، وتیشی ھۆکاری سەردانەکەی بایدن بەھۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل  و ئەو بانگێشتنامەیەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر ەبۆ رێکخستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆ لەبارەی شەڕ لەکەرتی غەززە لەم ھەفتەیەدا.

راشیگەیاند، لەسەردانەکەیدا چەند وڵاتێکی تری رۆژھەڵاتی ناوەراست بەسەردەکاتەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە ناوەڕاستی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لەلایەن کەسێکەوە دەسترێژی گولـلە لە سێ کەس کراوە و سەرەنجام دوو کەسیان گیانیانلەدەستداوە.

بەپێی ھەواڵی میدیاکان، ئەو دوو کەسەی کوژراون بە رەگەز ھاووڵاتی سویدین و بکوژەکەش دوای تەقەکردنەکە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵھاتووە.

لای خۆیەوە، داواکاری گشتی بەلجیکا رایگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەکانیان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تائێستا بکوژ دەستگیرنەکراوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ١١ ڕۆژنامەنووس کوژراون و ٢٠ی دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا دوو رۆژنامەنووسی دیکەیش بێسەروشوێنن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بە دەیان پێشێلکاریی دیکە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە کەناری ڕۆژئاوا و قودس ئەنجام دراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەیەک خانووی ڕۆژنامەنووسان لە کەرتی غەززە بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە خاپوورکراون و نزیکەی ٥٠ بینای دەزگاکانی راگەیاندنن رووخاون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی بەڕازیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە کە بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکەش، ئەنجومەنی ئاسایشی سەرەڕای ئیدانەکردنی ھێرشەکان بۆ سەر ھاووڵاتییانی مەدەنی فەڵەستینی و ئیسرائیلی، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دیلەکان و دەستەبەرکردنی سەلامەتی ژیانیان دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای دابینکردنی بەپەلەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکات بۆ خەڵکی مەدەنی کەرتی غەززە و داواش لە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتی غەززە دەکات، دەستبەجێ ئەو ناوچەیە بەرەو باکووری کەرتەکە جێبھێڵن.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەشدا، ئەنجومەنی ئاسایشی داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەکات بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە و جەخت لە گرنگی بەردەوامی ھەوڵەکانیش دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندی زیاتری شەڕەکە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە


بنامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیی ئاماژەی بەوەشکرد، ھۆشداری دەدات بە ئێران و حزبوڵا کە بەھیچ شێوەیەک ئیسرائیل لە سنوری باکوری وڵاتەکەی تاقی نەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەو کارە بکەن، باجێکی قورس دەدەن.

وتیشی، ئامانج لە راگەیاندنی شەڕ بۆ لەناوبردنی یەکجاری حەماسە، بۆیە داوا لە وڵاتانی جیھان دەکات دژی حەماس یەکبگرن کە کار و رەفتارەکانیان ھاوشێوەی "نازییەکانە".

لای خۆیەوە، سێباستیان فیشەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ھۆشداریی دایە ئێران لەبارەی فراوانکردنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و رایگەیاند، ھەرکەسێک ھەوڵی ئەوە دەدات لەم دۆخەدا یاری بە ئاگر بکات پێویستە پێش ئەوەی ئەو کارە بکات دووجار بیربکاتەوە، چونکە ھەمووان لەبەردەم سەرھەڵدانی شەرێکی ھەرێمایەتی گەورەدان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆککۆمار لە کۆڕبەندەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق گرنگییەکی تایبەتی بە ھەر دەستپێشخەریەک دەدات کە ببێتە مایەی گەشەسەندنی بواری ئاو و کشتوکاڵ و پەرۆشی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێی دەگوترا زەوی ڕەشایی پێش دەستپێکردنی جەنگ و ناکۆکییەکان لە وڵاتەکەمان کە دەیان ساڵە بەردەوامە. 

ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشکردوو، کە جیھان ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی سەدەی بیستەم بوویەوە، لەوانە جەنگ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. لەڕاستیدا، ئێمە پێویستمان بە دەستپێشخەری زیاتر و داھێنان و کرداری بەکۆمەڵ ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەک، لەوانە گەشەی دانیشتوان، کە بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر جیھانی ئێمە بە سەرچاوەی سنووردار.

سەرۆککۆمار ئاماژەشی بەوەدا کەعێراق ھەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی  و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوھەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.

ئەمەش دەقی ووتەکەی سەرۆککۆمارە:


"بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، بەڕێز شو دنیۆ  

خوشکان برایان ئامادەبووانی بەڕێز..

 سڵاوێکی گەرم..

سەرەتا سوپاستان دەکەم کە بانگھێشتتان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە گرنگەدا، ھەروەھا دەمەوێت ستایشی ھەڵبژاردنی ئەم بابەتە زۆر گرنگە کە کشتوکاڵ یەکێک لە چەمکە پێویستەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و گۆڕانی کەشوھەوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە زنگی مەترسییەکی گەورە دەخاتە ڕوو لە  سەر جیھان،  ئەمڕۆ لەم شارە دێرینەی کە خاوەن پێگەیەکی کلتووری و مێژوویی دیارە و لە ڕۆژی جیھانی خۆراکدا کۆدەبینەوە کە حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە خاوەن ئامانجە بەرزەکان تێپەڕدەبێت.


 کشتوکاڵ، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن مرۆڤەوە لە کەنارەکانی دیجلە و فورات سەری ھەڵداوە، یارمەتی مرۆڤیدا کە بتوانێ  شارەکان بونیادبنێت کە شارستانییەتە کۆنەکان تێیدا پەرەی سەندووە.
عێراق لە رێگەی تێزەکانی حەمورابیەوە یەکەم سەرچاوەی یاساکان بوو کە  باسی ئەم بەشە گرنگەی ژیانی مرۆڤایەتی بکات و کۆنترین پەیماننامەی جیھانیە سەبارەت بە پرسی ئاو، کەپەیمانی "میسیلیمە"،  واتە پەیماننامەی ئاشتی ھەمیشەییە لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە دەکەونە کەناری دیجلە واتە لەگش و ئوما، زیاتر لە چل و پێنج سەدە لەمەوبەر واژۆکراوە و ئامانجی ئەو پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ناکۆکی درێژخایەنی نێوانیان بوو کە ھەردوو شارەکە لەسەر بەکارھێنانی ئاوەکانی رووباری دیجلە واژۆیان کرد .
پەیماننامەکە کۆمەڵێک رێسای بۆ دابەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە داڕشت، ھەروەھا لایەنەکانی پەیماننامەکە دروستکردنی بەنداو یان ھەر بەربەرستێکی دیکەیان قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە رۆیشتنی ڕێڕەوی ڕووبارەکە بکات و ئاوی وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت.


 ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتنە زانستی و پرۆسەی بواری کشتوکاڵدا، جیھان توانیویەتی ئاسایشی خۆراک بەدیبھێنێت، ئەم ڕێکخراوە بەشداریی لە پێشخستنی ئەو پێشھاتانەدا کردووە و درێژەیش بەم رێبازە دەدات لە رێگەی چەندین دەستپێشخەرییەوە، کە دەستپێشخەرییەکن ئێمە پشتیوانی دەکەین و زۆرێک لە وڵاتان دەتوانن توانا نیشتمانییەکانیان پەرەپێبدەن و سوود لە بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە وەربگرن.   
عێراق ئەوپەڕی بایەخ بە ھەر دەستپێشخەرییەک دەدات کە دۆخی ئاو و کشتوکاڵی وڵاتەکان باشتر بکات، ئێمەش بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵین بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێش ھەڵگیرسانی شەڕ و ململانێکان ناوی لێنرابوو (خاکی ڕەشایی). لە وڵاتەکەماندا کە بۆ دەیان سەدە بەردەوام بوو.

 جیھان بە سەرکەوتنێکی حاشا ھەڵنەگر ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیستەم بووەتەوە، لەوانە شەڕ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە زیاتر لە دەستپێشخەری و داھێنان و کاری بەکۆمەڵ دەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم ببینەوە، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کە بارگرانییەکی گەورە لە سەرچاوە سنووردارەکانی جیھانەکەمان دەکات.   
 ژمارەی دانیشتوانی جیھان بەردەوام لە زیادبووندایە، بەو پێیەی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتووانی جیھان سێ ھێندە زیادی کردووە، ئەمڕۆ ھەشت ملیار کەسی تێپەڕاندووە و بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی جیھان بگاتە ئاستی دە ملیار کەس. ھەموو ئەمانە دەبێتە ھۆی فشارێکی زۆر بەتایبەتی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
   
دیاردەی گەرمبوونی جیھان و گۆڕانی کەشوھەوا لە ھۆکارە ڕاستەوخۆکانی بڵاوبوونەوەی دیاردە دژبەیەکەکانی وەک لافاو و ئاگرکەوتنەوە و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی بوون. ھەروەھا بووە ھۆی نەمانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەھۆی فراوانبوونی بەبیابانبوون.

 لەم بوارەدا عێراق ھەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی  و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوھەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
   
 ئاسایشی خۆراک پەیوەندییەکی نزیکی بە ئاسایشی ئاوەوە ھەیە. ئەمڕۆ بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنین، لەبەر زۆر ھۆکار، گرنگترینیان ڕێگریکردنە لە ھەڵڕژاندنی ئاو بەھۆی ئەو بەنداوە زۆرانەی کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێی سەرەوەی ڕووبارەکانەوە دروستکراون و نەبوونی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی یان دوولایەنە لە نێوان وڵاتاندا کە گەرەنتی مافی ھەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە بکات، جگە لە ھۆکارە سروشتییەکانی دیکەی پەیوەست بە کەشوھەوا  وەکو کەمی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
لەم چوارچێوەیەدا دەبێت ئەوە بیربێنینەوە کە ئەوەی ھۆکاری کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە و تێپەڕاندنیەتی، ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە لەلایەن ھەموانەوە، بەپێی پرۆسە ومیکانیزمێکی ھەمەلایەنە بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە پێی سیستم و میکانیزمە مۆدێرنەکان، لەگەڵ گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی گەیشتن بە نەخشەڕێگای ھاوبەش لە ڕێگەی زانیاری تەکنیکییەوە و ئاڵوگۆڕی پلانی کارکردنی پەیوەست بە بڕ و کاتەکانی بەردانی ئاوەکان، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کە مافی ھەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە دابین بکات.
    
 چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو پێویستییەکە ناتوانرێت دەستبەرداری بین  لەپێناوی داھاتووماندا، ئەگەر ڕێژەی ئاوی زیادە بێت، یان  کەم بێت، یان ئاوی زۆر پیس بێت، مەترسییەک دروستدەکات کە بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا خراپتر دەبێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ئابووری وڵاتان دروست دەکات و ھاندەری کۆچکردن دەبێت و ململانێکان توندتر دەکات .  


 پێویستمان بە ھەنگاوێکی جیھانییە بۆ بەدەستھێنانی گەشەی خۆڕاگری ئاو و ئاسایشی ئاو. سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست ھاتوون، ئێمە دواکەوتووین لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کە پەیوەندییان بە ئاوەوە ھەیە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی ھەمەلایەنە ھەیە، بەتایبەتی بەو زانیاریانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن تا ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە یەک ملیار و نیو کەس دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ناگات.    
کەرتی ئاو پێویستی بە شێوازی نوێی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی ئاو ھەیە. پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، یارمەتی حکومەتەکان دەدات بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە جیھانێکدا کە تادێت پشێوی و کەم ئاوی زیاتر دەبێت.
   
 لەراستیدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، بەو پێیەی ھیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەر نییە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان، ھاوشێوەی پەیمانی لەگش و ئوما، کە ئێمە ئاماژەمان پێکرد. بۆیە داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لەگەڵمان کاربکەن، کە لە پێشەوەیان ڕێکخراوە بەڕێزەکەتان ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھان، بەو پێیەی ئاو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ کشتوکاڵ و ژیانە.
  
 ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگاریە بنەڕەتییە دەستەوستان بوەستین، بەو پێیەی ئاگاداری سەختی دۆخەکەین، ھەروەھا لێکۆڵینەوەکان کە ساڵانێک لەمەوبەر ئەنجاممان داوە دەریانخستووە کە عێراق لە داھاتوودا بەدەست کەمی ئاویەوە دەناڵێنێت.


 بە جددی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە وڵات وگەلانی دۆستن، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە و جێگەی ڕەزامەندی بۆ ھەمووان.  ھەروەھا بەجدی کاردەکەین بۆ سوودوەرگرتن لە ھەر دڵۆپێک ئاو کە دەگاتە زەوییەکانمان، ئەمەش پێویستی بە ھەوڵێکی زۆر دەبێت بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، مۆدێرنکردنی شێوازەکانی ئاودێری، و یاسادانان لەبوارەکانی پەیوەست بە کەرتی ئاو بۆ ئەوەی کشتوکاڵ پێگەی بەناوبانگی خۆی بەدەستبھێنێتەوە.ئێمە چاوەڕوانی ھاوکاری زیاترین لەگەڵ ڕێکخراوەکەتان لەم بوارە بنەڕەتییەی پەیوەندی بە ژیان و  ئاسایشی گەلانەوە ھەیە .


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی سانای سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، سەعات ١١:٣٥ خولەکی شەوی شەممە، ئیسرائیل لە رێگەی ئاسمانییەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی بۆردوومان کرد و بەھۆیەوە زیانی ماددی زۆر بە فڕۆکەخانەکە گەیشتووە و لەکارکەوتووە.

ھاوکات سوپای ئیسرائیل لەبارەی ھێرشەکەوە بڵاویکردەوە، دوو مووشەک لە سوریاوە بە ئاڕاستەی بەرزاییەکانی جۆلان ھەڵدراون و لە ناوچەیەکی کراوە کەوتوونەتە خوارەوە، دواتریش لە وەڵامی ئەو ھێرشەدا، سەرچاوەی ھەڵدانی مووشەکەکانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەھەڵگری "یو ئێس ئێس ئایزنھاوەر" و کۆمەڵێک کەشتیی جەنگیی، رەوانەی ئاوەکانی رۆژھەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست دەکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی ھەر "دوژمنکارییەک" دژی ئیسرائیل یان ھەر ھەوڵێکی فراوانکردنی جەنگ.

لوید ئۆستن ھاوکات پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یواف گالاتن وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەنجامدا و سەرباری دووپاتکردنەوەی پشتیووانیەکانی وڵاتەکەی، داواشیلێکرد پابەندبن بە یاساکانی جەنگ و رەچاووی پاراستنی مەدەنییەکان بکەن.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو ھاووڵاتییە ئەمریکیانەی کە لە ھێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون، بۆ ٢٩ کەس بەرزبوونەتەوە، ھەروەھا ١٥ ھاووڵاتیی دیکەشیان بێسەروشوێنن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"دیمتری پولیانسکی" جێگری نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وەفدی وڵاتەکەی داوایکردووە لە ئەنجومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەک بدرێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە. 

وتیشی، پڕۆژە یاساکەیان ناردووە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکە و داوایانلێکردوون لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا دەنگی لەسەر بدەن، چاوەڕوانیش دەکەن وڵاتی بەرازیل کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دەکات پشتیوانی بکات. 

ھەر لە پڕۆژەیاساکەدا، روسیا نیگەرانی دەربڕیوە لە قوڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە، جەختیشی کردووەتەوە لە گرنگی پاراستنی ھاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و فەڵەستین و داوای گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی دەکات بۆیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و چەند ناوچەیەکی تری فەڵەستین، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ھەزار و ٩٠٠ کەس کە ٦١٤ منداڵ و ٣٧٠ ژن لە ناو کوژراوەکاندان و ٧ ھەزار و ٦٩٦ کەسیش بریندارن کە دوو ھەزاریان منداڵ و ھەزار و ٤٠٠یشیان ژنن.

میدیاکانی ئیسرئیلیش بڵاویانکردوەتەوە، بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکیانی حەماس بۆ سەر سوپا و ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون کە نزیکەی ٢٧٠یان سەربازن و زیاتر لە سێ ھەزار کەسیش بریندارن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لە حەوتی ئەم مانگەوە کە ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، دوو ھەزار و ٢٦٩ ھاوڵاتی لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا کوژراون و زیاتر لە نۆ ھەزار و ٨١٤ کەسی دیکەش برینداربوون.

حکومەتی ئیسرائیلیش دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکانی حەماس لە ھەشت رۆژی رابردودا زیاتر لە ١٣٠٠ کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە ٣٢٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، ھەروەھا ١٢٠ کەسیش بەدیل گیراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوبحی تفێلی یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعەی لوبنان رایگەیاندووە، تائێستا ئێران تەواو بێدەنگە بەرامبەر ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل دەیکاتە سەر فەڵەستین بەتایبەتیش کەرتی غەززە و کردنەئامانجی ھاووڵاتیانی مەدەنی و برسیکردنیان، ئەوەش جێگەی پرسیارە چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام دەڵێن خۆیان بە پارێزەری وڵاتانی ئیسلامی دەزانن و ھەر وڵاتێکی ئیسلامی کێشەی ھەبێت ھاوکاری دەکەن.

وتیشی، بەردەوام قسە و لێدوانەکانی ئێران لە دژی ئیسرائیلە، کەچی ئێستا ئەو ھەموو ھێرشە دەکاتە سەر فەڵەستین کەچی ئێران بێدەنگە.

ئەو مەرجەعەی شیعەکانی لوبنان پەیامێکیشی ئاراستەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کردووە و پێی دەڵێت، سیناریۆکانتان ئاشکرا بووە، کەوا ئەو مووشەکانەتان کە لە عێراق و سوریا و یەمەن دەبوونە ھۆی کوشتنی ھاووڵاتیانی مەدەنی، بۆچی لەدژی ئیسرائیل بەکاری ناھێنن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...203204205206207...514