جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی دیموکراتەکان کە تەمەنی ٨١ ساڵە، لە میانی ھەڵمەتێکی کۆکردنەوەی پارە لە شاری وێستۆن لە ویلایەتی ماساچوستس رایگەیاند، ئەگەر ترەمپ خۆی کاندید نەکردایە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە کۆتایی ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت، دڵنیانەدەبوو کە ئەویش جارێکی تر خۆی کاندید دەکردەوە یان نا، بەڵام دوای بڕیاری ترەمپ، خۆی کاندید کردەوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی ترەمپ سەرکەوتن بەدەستبھێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ ئەوەی دەیەوێت نایشارێتەوە و نیازەکانی داھاتووی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.
بایدن لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیدا روبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەوەی کە لە دۆخێکی باشدایە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شکست بھێنێت بە رکابەرەکەی لە کۆمارییەکان.
ھاوکات، زۆرینەی راپرسییەکان ئەوە دەردەخەن، ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا زۆرە.
بەرنامەی خۆراکی جیھانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، چەندین جار ھۆشداریان داوەتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بارەی رەوشی مرۆیی سوریا کە ئەوان ماوەی ١٣ ساڵە ھاوکارییان دەکەن، سەرەرای ئەوەی لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا بەرنامەی خۆراکی جیھانی ڕایگەیاندبوو، بەھۆی کێشەی بودجەوە ناچاربوون ھاوکارییەکان بۆ نزیکەی نیوەی ئەو ٥ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار سوورییە کەمبکەنەوە کە پشتیوانییان لێدەکەن لەو وڵاتەدا.
وتیشی لە ئێستاشدا بەھۆی نەگەیشتنی خۆراکی پێویست، ھاوکاریەکانیان تا سەرەتای ساڵی داھاتوو بەردەوام دەبێت.
راشیگەیاند، پێویستە رێکخراوە مرۆییەکان جارێکی تر سەرنجی جیھان بۆ سوریا ڕابکێشنەوە، چونکە ڕووبەڕووی کێشەی ئابووری و بچووکبوونەوەی بودجە بووەنەتەوە. بە پێی دوایین خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە ئێستادا ٩٠% دانیشتوانی سوریا لە نەھامەتی و ھەژاریدا دەژین.
جەیمس کلێڤەرلی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، رێکاری بەھێز بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران دەگرنەبەر، کە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی پێوانەیی شکاند و گەیشتە ٧٥٠ ھەزار کۆچبەر. وتیشی، ئەو پلانەی ھەیانە، لە ساڵانی داھاتوودا چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەس کەمدەکاتەوە.
بەپێی رێکارە نوێیەکەی حکومەتی بەریتانیا، پێویستە ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەریی لە بەریتانیا دەکەن، داھاتێکی زیاتریان ھەبێت تاکو بتوانن ڤیزای کارکردن وەربگرن. لەو بارەیەوە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وتی، لە سەرەتای بەھاری ساڵی ٢٠٢٤وە پێویستە کۆچبەران داھاتیان بگاتە ٣٨ ھەزار و ٧٠٠ جونەی ئیستەرلینی، تاکو بتوانن ڤیزای کارکردن وەربگرن، کە ئێستا بڕی داھاتی دیاریکراو ٢٦ ھەزار و ٢٠٠ جونەی ئیستەرلینیە.
بۆ ئەو ھاووڵاتییە بەریتانیانەشی ھاوسەرگیرییان لەگەڵ کەسانی بیانی کردووە، پێویستە ھەمان بڕی داھاتیان ھەبێت، کە دووھێندەی ئاستی داھاتی ئێستایە.
سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھێشتا ١٣٧ کەس لە "رفێندراوەکان" لە دەستی حەماسدا ماون، لەو ژمارەیە ١٧ کەسیان ژن و منداڵن. راشیگەیاند، پابەندن بە بەردەوامبوون لە ھەوڵدانی چڕ بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان بۆ ماڵەکانیان.
رۆژی دووشەممە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڵاویکردەوە، حەماس دەستیان بەسەر ١٥ تەرمی ئەو رفێندراوانەدا گرتووە کە لە غەززە کوژراون، کە ١١ کەسیان مەدەنین و چوار کەسیان سەربازن و یەکێکیان ئەفسەرێکی پلە باڵایە. لە ماوەی رابردوودا حەماس رایگەیاندبوو، ئەو بارمتانە بەھۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
کۆتاییەکانی مانگی رابردوو لە چوارچێوەی ئاگربەستی کاتیی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حەماس دەیان بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ئازاد کرد.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاوکرایەوە، شەوی ڕابردوو لە ھێرشەکانی سەر کەرتی غەززە سێ ئەندامی فەیلەقی زرێپۆش لە فەوجی ٥٣ کوژراون، کە یەکێکیان ئەفسەرە و دووانی تریشیان سەربازن. راشیانگەیاند، ھەر لەو شەڕەدا چوار سەربازی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی کوژراوانی سەرباز و ئەفسەرانی سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا بۆ ٤٠٦ کەس بەرزبووەتەوە، کە تەنھا ٧٨ یان لە شەڕی زەمینیدا کوژراون.
دەنیز یوجەل، وتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی حیزبەکەیان تاوتوێی بڕیارەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (ھەدەپ) دەکات کە بڕیاریداوە لە ھەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیا بەجیا بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆبوونەوەی باڵای حزبەکەشیان کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەھەپە وەڵامی بڕیارەکەی ھەدەپ دەداتەوە.
بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت، ھەدەپ بڕیاریداوە بە تەنھا بەشداری بکات، بەڵام پێشتر سەرۆکی جەھەپە رایگەیاندبوو، بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان ھەماھەنگییان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەبێت.
کریستیان ریچەر یانزەھەمین راپۆرتی سەبارەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خستەڕوو، تیایدا رایگەیاندووە، لە ماوەی ئەو ساڵەی ئەرکەکەیان درێژکراوەتەوە، گرنگی دەدەن بە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانیان و دەستکەوتنی بەڵگەی زیاتر لەسەر تاوانەکانی داعش.
وتیشی، نابێت رزگاربووانی ژێر دەستی داعش لە عێراق بێ ھیوا بکرێن، لە ماوەی کارکردنیشیاندا چەندین سەرچاوەی جیاواز کۆکراوەتەوە و چەندین کەیس و راپۆرتیان سەبارەت بە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە پێشکەش کردووە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سبەی چوارشەممە ڤلادیمیر پوتن بە سەردانێکی یەک رۆژە سەردانی ئیمارات و سعودیە دەکات.
ڕوونیشی کردەوە، پوتن باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکات، جگە لە کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس، کە ڕووسیا پەیوەندیدارە بەو بابەتەوە.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە تۆمەتی تاوانی جەنگ،فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتن دەرکردووە، گەشتەکانی بۆ دەرەوەی وڵات کەمکردووەتەوە.
ھەروەھا کرێملین ڕایگەیاند، ئیبراھیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن سەردانی ڕووسیا دەکات و ھەر لەو رۆژەوە گفتوگۆی ڕووسیا و ئێران دەستپێدەکات.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کەسوکاری دیلەکانی ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە، کە لە ئێستادا ھیچ ئەگەرێک بۆ ئازادکردنی تەواوی دیلەکانی کەرتی غەززە نییە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەسوکاری دیلەکانی کەرتی غەززە نیگەرانن لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و داواکارن دیلەکان ئازادبکرێن پێش ئەوەی لەئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی کەرتی غەززە گیانلەدەستبدەن.
ھاوکات، ئوسامە حەمدان سەرکردە لە بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، تا ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەستێت، ئیسرائیل بە بەرپرسیارە لە گیانی دیلەکان و ھیچ دانوستانێکیش ناکرێت تا ئاگربەست رانەگەیەنرێت.
دەشڵێت، پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەمریکا ھیچ ناوچەیەکی پارێزراو لە کەرتی غەززە نییە و ھۆشدارییانداوە لە ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی کەرتی غەززە.
ھێرزی ھالێڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەستپێکی قۆناغی سێیەمی ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی سوپاکەی لە کەرتی غەززە راگەیاند و وتی، لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەند مۆڵگەیەکی حەماسیان لە کەرتی غەززە کۆنترۆڵکردووە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئەو گروپەیان لەناوبردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، سوپای ئیسرائیل لە پێشڕەوییەکانی بۆ گەمارۆدانی ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەززە بەردەوامە و لە ھەوڵدایە بۆ زیادکردنی دەستکەوتەکانی لە باکووری کەرتی غەززە.
ھاوکات، جەنەڕاڵ یارۆن فینکڵمان، فەرماندەی فەرماندەیی باشووری سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ توندترین شەڕیان کردووە دژی چەکدارانی حەماس لەسەرەتای ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانەوە بۆ سەر کەرتی غەززە تا ئێستا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی غەززە، لەئاکامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ ١٥ ھەزار و ٨٩٩ کوژراو بەرزبووەتەوە و لەو ژمارەیەش رێژەی ٪٧٠یان ژن و منداڵن.
دادگایکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکرات گەلان"ھەدەپە"لە لایەن دادگای تاوانەکانی ١٤ی مێرسین، بە ئامادەبونی ٢٥ پارێزەری بەرگری لە دۆسییەکانی دەمیرتاش، لە زیندانی ئەدیرنە کە ماوەی حەوت ساڵە لەو زیندان دەستبەسەرە بەڕێوەچوو، دەمیرتاشیش لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری دادگاییکردنەکەی کرد.
دەمیرتاش لە دادگا جەختی لەوەکردەوە، ئەگەر سەد ھەزار ساڵیش بچێتە زیندان، بەردەوام دەبێت لە وتنی راستییەکان و کەس ناتوانێت ملکەچی بکات.
ھاوکات عەلی بۆزان جێگری ھاوسەرۆکی ھەدەپ لە مێرسین کە لە دادگاییەکە ئامادەبووە، رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە خەبات تا گەلی کورد لە خاکی خۆی بە کەرامەت و یەکسانی و ئازادیی بژی.
پارێزەرەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، ١٠ دۆسیەی جیاواز لەسەر دەمیرتاش یەکخراوە، ئەوەش مانای ئەوەیە ١٠ داواکاری گشتی دەستوەردانیان کردووە، لەکاتێکدا پێویستە بەڵگە لە بەرژەوەندی تۆمەتبار کۆبکرێتەوە، بەڵام تەنھا بەڵگە لە دژی ھەیە، دادگاکەش دانیشتنەکەی بۆ ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤ دواخست.
سەڵاحەدین دەمیرتاش بەھۆی وتارەکانی لە کۆبونەوە جەماوەرییەکان و کۆبونەوەکانی ناو ھۆڵی پەرلەمان و لێدوانە تەلەفزیۆنیەکانی لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ ، بەسوکایەتیکردن بە حکومەت و ئۆرگانەکانی دەوڵەت تۆمەتبارکراوە، داواکاری گشتیش داوای سزای ٢٠ ساڵ زیندانیکردنی کردووە.
دەستەی تەندروستی گشی سعودییە لە راگەیەندراوێکدا ھۆشداری دەداتە ھاوڵاتییانی سعودییە، خۆیان لە گەشتکردن بۆ عێراق وسوریا و سودان بەدووربگرن، بەھۆی بڵاوی نەخۆشییە گوازراوەکان و خراپی کەرتی تەندروستی لەو وڵاتانە.
دەستەی تەندروستی گشی سعودییە راشیگەیاندووە، نەخۆشی پەتای کۆلێرا لە عێراق و سوریا بەربڵاوە و لەھەمانکاتیشدا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەژێر چاودێریدایە لەو دوو وڵاتە، ھەروەھا لە سودان نەخۆشی پەتای کۆلێرا و تای خوێنبەربوون بەربڵاوە و کۆرۆناش لەژێرچاودێریدایە.
دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پێگەی ئێکس ڕایگەیاند، لە شەڕوپێکدادانەکانی ٢٤ سەعاتی رابردوودا سێ سەربازی سوپای ئیسرائیل کوژران و سەربازێکیش بە سەختی برینداربووە لەمیانەی پێکدادانەکانیان لەگەڵ حەماس لە ناوەڕاست و باکووری کەرتی غەززە.
راشیگەیاند، ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە دوای سەرھەڵدانی شەڕ لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ٤٠١ ئەفسەر و سەرباز بەرزبووەتەوە کە زۆربەیان لە یەکەم ڕۆژی پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە دەوروبەری کەرتی غەززە کوژراون.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل وتیشی، ھەروەھا ژمارەی سەربازە کوژراوەکان لە دوای ھێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە ٢٧ی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە، گەیشتووەتە ٧٥ ئەفسەر و سەرباز.
کۆشکی سپی کار بۆ گەڕاندنەوەی ئیسرائیل و حەماس بۆ سەر مێزی دانوستان دەکات و دەڵێت، لەم کاتەدا دەسەڵاتی فەڵەستین ناتوانێت ئیدارەی کەرتی غەززە بگرێتە ئەستۆ.
وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا ھەوڵی رازیکردنی ئیسرائیل و حەماس دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، بە ئامانجی وەستاندنی شەڕ و ئاڵوگۆڕی زیاتری بارمتەکان.
لای خۆیەوە، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، باوەڕیان وایە دەسەڵاتدارانی فەڵەستین لەئێستا لە دۆخێکدا نین کە بە شێوەیەکی متمانەپێکراو بتوانن ئیدارەی کەرتی غەززە بگرنەدەست.
جەختیشیکردەوە، ئەمریکا دەستبەرداری بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت نەبووە، بەڵکو دەیەوێت دەسەڵاتێکی فەڵەستینی ببینێت کە بتوانێت چاکسازییە پێویستەکان جێبەجێبکات و خواستەکانی گەلی فەلەستین بەدیبھێنێت.
عەبدوڵاھیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا عومانییەکەی رایگەیاند، بۆردوومان و ھێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لەگەڵ سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تەلئەبیب دەستیپێکرد، ھۆشداریشیدا لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە و رایگەیاند، ناوچەکە لەڕێی ھێزە بەرگریکارەکانەوە پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران داواشی لە میسر کرد دەروازەی رەفەح بکاتەوە، بۆ ئەوەی پیلانەکانی ئیسرائیل لەڕێی ئەو دەروازەیەوە پوچەڵ بکرێنەوە، کە لە ئێستادا ئەو دەروازەیە تەنھا بۆ ناردنی ھاوکارییە مرۆییەکان و گواستنەوەی برینداران بەکاردێت.
حزبوڵای لوبنان ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارەکانیان بە ئاڕاستەکردنی ژمارەیەک مووشەک، کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیلیان لە رۆژھەڵاتی ناوچەی مەسغاف و ناوچەی شتولا و نزیک گردەکانی کەفرشوبا و شارۆچکەی میس جەبەل و ناوچەی بەغدادی باشوری لوبنان کردە ئامانج.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی لوبنانیش بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ھێرشیان کردووەتەسەر دەورووبەری شارۆچکەی عەیتا شەعب لە باشووری لوبنان و لەو ھێرشەدا بۆمبی فسفۆڕییان بەکارھێناوە.