خاچی سور: تائێستا ٣٥ هەزار كەس لەسوریا بێسەروشوێنن
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرەڕای ئازادبوونی هەزاران بەندكراو لە گرتووخانەكانی سوریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد، تائێستاش زیاتر لە ٣٥ هەزار كەس بێسەروشوێنن كە لەماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا دەستگیركراون.
لیژنەی نێودەوڵەتی سەر بە رێكخراوی خاچی سور رایگەیاندووە، لە دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد و دەستبەرداگرتنی سەرجەم شارەكانی ژێردەسەڵاتی حكومەتەكەی ئەسەد لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بە دیمەشقی پایتەختیشیەوە، هەزاران بەندكراو لە گرتووخانەكان ئازادكران كە هەندێكیان زیاتر لە ٤٠ ساڵە بێسەروشوێنن و لە ناو گرتووخانەكاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سوریاوە بە توندترین شێوە ئەشكەنجەدراون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رۆژی ١٠ی ئەم مانگەوە دوای پشكنینی سەرجەم گرتووخانەكانی سوریا، كۆتاییان بە گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبوواندا هێناوە، بەپێی ئەو بەڵگە و زانیاری و لیستی ناوانەی كۆیانكردوونەتەوە، تائێستاش زیاتر لە ٣٥ هەزار كەس بێسەروشوێنن كە لەماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سەر بە دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدەوە دەستگیركراون.