وەفدێكی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی سەردانی دیمەشق دەكات
ڕێباز
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئامادەكارییەكان بۆ پێكهێنانی وەفدێك لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەمەبەستی سەردانیكردنی دیمەشق دەستیپێكردووە، ئاڵدار خەلیل دەڵێت قۆناغی داهاتوو مێژوییە و پێشبینی دەكەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تەحریر شام بگۆڕێت بۆ پەیوەندی راستەوخۆ.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، شاندێكی ئەمریكی و فەرەنسی سەردانە لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەكەن بەمەبەستی گفتگۆكردن لەسەر پێكهێنانی وەفدێك تا سەردانی دیمەشق بكات و قۆناغی نوێی سوریا لەدوای روخانی رژێمی ئەسەد لەگەڵ تەحریر شام و حكومەتی راگوزەر تاوتوێ بكات.
لای خۆیەوە، ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە رایگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام و لە ئێستاشدا پەیوەندییەكانیان ناڕاستەوخۆیە و لەرێگەی نێوەندگیرەوەیە، بەڵام پێشبینی دەكەن بگاتە ئاستی راستەوخۆ و گفتوگۆ لەبارەی چارەسەری كێشەكان و داهاتووی سوریا بكەن.
وتیشی تەحریر شام تەنها لایەن نییە كە لە دیمەشقە، بەڵكو گروپ و لایەنی دیكەی كاریگەر بوونیان هەیە و سەرجەم لایەنەكان پێویستە ئەوە بزانن كە قۆناغی داهاتوو مێژوییە و پێویستە هەموو لایەنەكان بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرن.