تیمی ترەمپ بژاردەكان بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران تاوتوێ دەكات
ڕێباز
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
تیمی ترەمپ بژاردەكان بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران تاوتوێ دەكات، بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیلیش دۆخی ئێستا بەدەرفەت دەبینن بۆ گورز وەشاندن لە ئێران.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەمریكی ئاشكرایكرد، تیمەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، بیر لە چەند بژاردەیەك دەكەنەوە بۆ لێدان لە ئێران، لەوانەش هێرشی ئاسمانی بۆ وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمیەكەی تاران.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاكانی ئیسرائیلیش، پاش لاوازبوونی گروپەكانی سەر بە تاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و دۆخی ئێستا بەدەرفەت دەبینن بۆ هێرشی لەو شێوەیە.
بەگوێرەی راپۆرتەكان، سەركردە سەربازییەكانی ئیسرائیل لەو باوەڕەدان ئێران كە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵڵای لوبنان گۆشەگیر بووە، لەوانەیە بەردەوام بێت لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.
ئێران هەمیشە نكوڵی لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی كردووە و دەڵێت بەرنامە و چالاكیەكانی بەتەواوی مەدەنیە، ئیسرائیلیش دەڵێت ئێران هەرگیز دەستبەرداری پرۆگرامی چەكی ئەتۆمی نەبووە و زۆرێك لە پێگی ئەتۆمییەكانی لەناو چیاكاندان.