میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیەکی کۆشکی سپییان پەسەندکردووە بە مەبەستی رەوانەکردنی ھاوکاری سەربازیی بۆ ئیسرائیل و تایوان و ئۆکراین بە بەھای ٩٥.٣٤ ملیار دۆلار.
مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەنجومەنی پیران کە پارتی کۆمارییەکان زاڵە بەسەریدا، لێکۆڵینەوەی لەو پڕۆژەیاسایە نەکردووە، بۆیە بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی پەسەندیکردووە.
وتیشی، ھۆکاری ئەوەی کە پێشتر ئەو پڕۆژەیاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕەتکرابووەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو پڕۆژەیاسایە داواکاری کۆمارییەکانی لە خۆنەگرتووە تایبەت بە توندترکردنی رێکارەکان لەسەر سنووری مەکسیک بۆ ڕاگرتنی ھاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەمەریکا.
فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی تونس رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە زیاتر لە ٨٠ کۆچبەری تێدابووە و ژن و منداڵیشیان لەگەڵدابووە، لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتووە و ٤٥ کۆچبەر رزگارکراون و ١٧ دیکەش کە تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە خنکاون و خەڵکی تونسن، بەڵام تائێستا زیاتر لە ٢٠ کۆچبەر بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بە بەردەوامی لە رێگەی بەلەمە سەربازییەکان و ھەلیکۆپتەریشەوە بەدوای کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێن، بەڵام تائێستا ھیچ بێسەروشوێنبوویەک لەو کۆچبەرانە نەدۆزراوەتەوە.
سەرۆکی ئاژانسەکە رایگەیاندووە، گرنگە بە زووترین کات و لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوو ھاوکارییان لە یەکێتی ئەوروپاوە پێبگات، چونکە ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ھێرشێکی وشکانی بۆ سەر شاری رەفەح.
ئاژانسی ئۆنروا روبەڕووی کێشەیەک بووەتەوە کە ١٢ لە ئەندامانی تۆمەتبارکرابوون بە بەشداریکردن لە ھێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس، ئەگەرچی ئاژانسەکە راستەوخۆ ئەو کارمەندانەی دەرکردووە، بەڵام ١٢ وڵات ھاوکارییە داراییەکانیان بەبڕی ٤٤٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئاژانسەکە راگرتووە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی بودجەی ئونروا لە ٢٠٢٤دا.
وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا سوپای ئیسرائیل ١٩ کۆمەڵکوژری لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە ١٦٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای ھێرش و بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلیشەوە بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تائێستا ٢٨ ھەزار و ٣٤٠ کەس کوژراون و ٦٧ ھەزار و ٩٨٤ی دیکەش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ چەکدارانی حەماس، لە باشووری غەززە سێ فەرماندەیان لە کەتیبەی ٦٣٠ی یەدەگ سەر بە فیرقەی باشوور کوژراون کە یەکێکیان فەرماندەی کەتیبەکە بووە لەگەڵ جێگرەکەی و کوژراوەکەی دیکەش ئەفسەرێک بووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکی خۆیدا کە لە لوتکەی جیھانیی حکومەتەکان کە لە دوبەی پێشکەشیکرد، باسی لە دۆخی ناھەمواری غەززە و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ئاشتی، ئاسایش و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە بە ڕێگەی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین دەبێت، بۆیە ئەگەر ئیسرائیل ئاشتییەکەی بەردەوامی دەوێت، ئەوە دەبێت واز لە بیرۆکە خەیاڵییەکانی بێنێت و لەسەر بنەمای سنوورەکانی ١٩٦٧ دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دابنێت.
ئەردۆغان جەختیشی لەوە کردەوە، کە فەڵەستینییەکان بەبێ کەسی و بێ چارەیی و بە تەنیا جێناھێڵن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە وڵاتانی خاوەنی ویژدان کرد خاوەندارێتی لە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوونی پەنابەرانی فەڵەستین بکەن، کە ژیانبەخشی شەش ملیۆن پەنابەرە لە ئوردن، سووریا، لوبنان و فەڵەستین.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەمشەو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بە مووشەک ھێرشیانکردووەتەسەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە دێرەزوور کە گەورەترین بنکەی ئەمریکایە لە سوریا و ژمارەیەک لە مووشەکەکان لە گوندی خەزرا نزیک لە کێڵگە نەوتییەکە کەوتووەنەتە خوارەوە.
دەشڵێت، ھاوکات، لەگەڵ بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا، دەنگی تەقینەوە لە سنووری گرووپە چەکدارییەکانی ئێران لە گوندەکانی دێرەزۆر بیستراوە ئەوەش لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سەر مەزارگەی عەین عەلی لە بیابانی مەیادین بووە.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سوریا، ١١٦ جار لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە ھێرشیانکراوەتەسەر.
لە چوارچێوەی چالاکییە بازرگانییە نێودەوڵەتییە مشتومڕاوییەکانی ھانتەر بایدن، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ جۆ بایدن کردەوە، بەڵام دیموکراتەکان تۆمەتەکانی کۆمارییەکان لە دژی بایدن و کوڕەکەی بە لاواز دەزانن.
کۆمارییەکان کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستھێنا، بایدن تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە پۆستەکەی خۆی قۆستۆتەوە کاتێک جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بووە لەساڵی ٢٠٠٩ تا ساڵی ٢٠١٧، بەوپێیەی رێگەی بە ھانتەری کوڕی داوە چالاکییە بازرگانییە گوماناوییەکانی لە چین و ئۆکراین ئەنجامبدات.
دوای دەنگدانەکەی کۆنگرێس، بایدن کۆمارییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کاتەکانیان بۆ کارێکی سیاسی بێ بنەما تەرخان کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، لەبری ئەوەی کار بۆ باشترکردنی ژیانی ئەمریکییەکان بکەن، ئەولەویەتیان ئەوەیە بە درۆ ھێرش بکەنە سەر ئەو.
لەبەردەم بینای کاپیتوڵ، ھانتەر "لایەنگرانی ترەمپ"ی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ھەوڵی "زیانگەیاندن" بە باوکی دەدەن، بەو ھۆیەشەوە رەتیکردەوە بەشداری لە دانیشتنێکی داخراودا بکات کە لەلایەن کۆمارییەکانەوە بانگھێشتکرابوو لەبەردەم کۆنگرێسدا.
پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، چەکدارێک لە وێستگەیەکی میترۆ لە نیویۆرک تەقەی کردووە و بەھۆیەوە کەسێک کوژراوە کە تەمەنی ٣٤ ساڵە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، کە دوو ژن و سێ پیاون و تەمەنیان لە نێوان ١٤ بۆ ٧١ ساڵدایە.
بە وتەی پۆلیس، رووداوی تەقەکردنەکە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزی نێوان چەند کەسێک بووە و لە وێستگەی "ماونت ئیدن ئەڤینیو" روویداوە و لێپرسراوانی شارەکەش رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە نیویۆرک رێکارەکانی رێگریکردن لە بەکارھێنانی چەک لە شوێنە گشتییەکاندا توندترە بە بەراورد بە شارەکانی تری ئەمریکا.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت رایگەیاند، بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پاکستان، حزبی بزوتنەوەی ئینساف، بە رابەرایەتی عیمران خان، سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان کە ئێستا لە زیندانە ١٠١ کورسی بەدەسھێناوە و حزبی رابیتەی ئیسلامیش بە سەرۆکایەتی نەواز شەریف ٧٥ کورسی و حزبی شەعب ٥٤ کورسی و حزبی بزوتنەوەی گەل ١٧ کورسیان بەدەستھێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھیچ یەکێک لە حزبەکان نەیانتوانیووە دەنگی زۆرینە بۆ پێکھێنانی حکومەت بەدەستبھێنن و بەربەست بۆ پێکھێنانی حکومەت دروست بووە بەھۆی نەبوونی متمانە لە نێوان حزبەکاندا و چەندین تانە لە ئەنجامەکان دراوە و ھەزاران لایەنگری عیمران خان لە ئیسلام ئابادی پایتەخت و پیشاوەر خۆپیشاندانیان دژی ئەنجامەکان داو پێیانوایە ساختەکاری ئەنجامدراوە.
وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ھێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر شاری رەفەح کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە دەستپێکردووە و بەھۆی بۆردومانێکیشەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، نزیکەی ١٠٠ کەس لەو شارە کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو ھێرشە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت بووە لە ناوچەی شابوورە لە شاری رەفەح کە بەھۆیەوە دوو دیلی وڵاتەکەیان رزگارکردووە.
بزوتنەوەی حەماسیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شاری رەفەح بەردەوامیدانە بە کۆمەڵوژی و بە زۆر کۆچپێکردنی گەلی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیل و کۆی بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا.
حەماس داواشی لە کۆمکاری عەرەبی و ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە رێگری لە تاوانەکانی ئیسرائیل بکەن.
ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوێکدا ناوی شەش شەرڤانی ئاشکراکرد، کە پێنجیان ھەفتەی رابردوو لە دەورووبەری دێرەزور گیانیانلەدەستداو ئەوانیش "عەبدولا موسا،عودەی بەشیر، عودەی سەلمان، ھەواش جەمیل و خالد محەمەد"ن.
ھەروەھا ھەسەدە ناسنامەی ئەو شەڕڤانەشی راگەیاندووە، کە لە ھێرشێکی تورکیادا لە دەورووبەری مەنبەج گیانیلەدەستدا و ناوی "عەلی حەسان ئەحمەد"ە .
ھەسەدە جەختدەکاتەوە ئەو ھێرشانەی کراوەتە سەر شەرڤانان بێ وەڵام نابێت و ئەنجامدەرانی بە توندترین شێوە سزا دەدرێن .
ئاژانسی ھەواڵی کۆریای باکور رایگەیاند، ئەکادیمیای زانستی بەرگری، سەرکەوتوو بووە لە پەرەپێدانی سستمێکی نوێ کە لە رێیەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵی موشەکە بالیستیەکان و موشەکھاوێژە جۆراو جۆرەکان بکرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، سیستمەکە رۆژی ١١ ی ئەم مانگە تاقیکراوەتەوە و گۆرانکارییەکی جۆریی لە ھێزی سوپادا دروست دەکات.
سەرەتای ئەم مانگە دەستەی ئەرکانی کۆریای باشور رایگەیاند، کۆریای باکور موشەکی باڵداری لە دەریادا تاقیکردووەتەوە و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵاتەکەش داوای لە سوپاکەی کردووە ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ فراوانتر بکەن.
لە وەڵامێکی نا راستەوخۆدا بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ رایگەیاند، ھەر ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەندامانی ناتۆ بەرگری لە یەکتری نەکەن، ئاسایشی ھاوپەیمانیەکە تێکدەدات و سەربازە ئەمریکی و ئەوروپییەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.
دوپاتیشیکردووەتەوە، ھەر ھێرشێک بۆ سەر ئەندامانی ناتۆ وەڵامی بەھێز و یەکگرتوی دەبێت و ئەمریکاش بە ئەندامێکی بەھێزی ھاوپەیمانییەکە دەمێنێتەوە.
ھاوکات شارل میشال سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا وەڵامی ترەمپی دایەوە و و لێدوانەکەی بە ھەڵەشە ناوبرد.
جەختیشیکردووەتەوە، لەوەی کە ھاوپەیمانی ناتۆ ٧٥ ساڵە ئاسایشی ئەمریکی و کەنەدی و ئەوروپییەکان دەپارێزێت.
پێشتر دۆنالد ترەمپ لە وتەیەکیدا بۆ لایەنگرانی لە ویلایەتی ساوس ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەگەر ھاتو لە ھەڵبژاردنی داھاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکا براوە بێت، ئەوا بەرگری لە وڵاتانی ھاوپەیمانی ناتۆ ناکات، ئەگەر پابەندە داراییەکانیان نەدەن، بەڵکو ھانی روسیا دەدات ھێرشیان بکاتە سەر.
بات رایدەر وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، بەھۆی بوونی کێشەیەکی تەندروستی بەپەلە لە میزەڵدانیدا، ئۆستن جارێکی دیکە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا توشبوونی ئۆستن بە شێرپەنجەی پرۆستات راگەیەندرا و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، چونکە بابەتەکە بە نھێنی ھێڵدرایەوە و کەس ئاگادار نەکرابووەوە.
بەڵام وتەبێژەکەی پنتاگۆن رایگەیاند، ئەمجارە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کۆنگرێس و جێگری ئۆستن ئاگادارن، ئەرکەکانیشی رادەستی "کاسلین ھیکس"ی جێگری کردووە.
سەرۆکایەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان دوو سەردانی لەسەریەکی گرنگ بۆ ئیمارات و میسر ئەنجام دەدات، کە رەنگدانەوەی ھەنگاوەکانی ئەنقەرەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ھەماھەنگی ھەرێمی.
بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکراوە، سبەینێ ئەردۆغان دەچێتە ئیمارات و بەشداری لە لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان دەکات، کە لە دوبەی ئەنجام دەدرێت.
رۆژی چوارشەممەش، ئەردۆغان دەچێتە میسر، کە ئەوە یەکەم سەردانە لە دوای ١٢ ساڵ و بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت، کە ساڵانێکە ئاڵۆزی تێکەوتووە.
بڕیارە لەو سەردانەشدا، ئەردۆغان و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کۆببنەوە و پەیوەندییەکان و بابەتە ھەرێمییە گرنگەکان و رەوشی غەززە و گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکە، باس دەکەن.
لە چوارچێوەی رێکارەکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ رێگرتن لە توندوتریژییەکان لە کەناری رۆژائاوای فەڵەستین، بڕیاردرا ماڵ و موڵکی ئەو چوار ئیسرائیلییە توندڕەوە لە دەرەوەی وڵات بلۆک بکرێت.
دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بەشێک لە دانیشتوانی کۆمەڵگە زۆرە ملێکانی ئیسرائیل، زۆربەیکات بە چەک ھەڕەشە لە فەڵەستینییەکان دەکەن و ناچاریان دەکەن زەویەکانیان بەجێبھێڵن کە ھی ئەوانە.
بەوتەی کامیرۆن، ئەو ھەڵسوکەوتانە نایاسایی و جێی قبوڵکردن نین، بەپێویستیشیزانی ئیسرائیل رێوشوێنی بەھێزتر بگرێتەبەر و کۆتایی بە توندوتیژیی بەرامبەر بە دانیشتوانە رەسەنەکانی فەڵەستینیەکان بھێنێت لە کەناری رۆژئاوا.
مانگی رابردوو ئەمریکا بە ھەمانشێوە سزای بەسەر چوار ئیسرائیلیدا سەپاند کە تۆمەتبار بوون بە ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە فەڵەستینیەکان لەکەناری رۆژئاوا.