بەهۆی روبەڕووبونەوەی نێوان هێزە ئەمنیەكانی سوریا و گروپێكی چەكدار كە بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، سەر بە رژێمی بەشار ئەسەدن لە ناوچە كەنارییەكانی سوریا، نزیكەی 50 كەس كوژران.

بەدرێژایی شەوی رابردوو، شەڕ لەنێوان گروپێكی چەكدار، كە بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، سەر بە رژێمی بەشار ئەسەدن كە بە عەلەوییەكانیش ناسراون لەگەڵ هێزەكانی سوپای سوریای نوێ و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی لە چەند شار و ناوچەیەك بەردەوام بوو، بە تایبەت لە لازقیە و تەرتوس. 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، زیاتر لە 48 كەس لە شەر و  روبەڕووبونەوەكانی شەوی رابردوودا  كوژراون كە 24 یان لە عەلەوییەكان و 20 یان لە سوپا و گروپە چەكدارەكانی سوریا و چواریشیان هاووڵاتی مەدەنی بوون. 

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاندووە، بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی لازقیە هێزێكی گەورەی پشتیوانییان رەوانەی ناوچەكە كردووە و لە پارێزگای حومسیش قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندراوە.