دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، نامەیەکی بۆ ئێران ناردووە بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس بزنس رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە نامەیەکم بۆ رێبەری باڵای ئێران نارد بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنێک، سەبارەت بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

لە وەڵامی ترەمپ و نامەكەیدا، عەباس عراقچی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشنیازەكەی ترەمپ دووبارەیە و ئێران ئامادە نییە لەژێر فشاردا دانوستان بكات.

رۆژنامەی بلومبێرگ ڕۆژی سێشەممەی رابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، روسیا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ یارمەتیدانی ئیدارەی ترەمپ لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسی جۆربەجۆر لەوانە پرۆگرامی ئەتۆمی تاران.

بلومبێرگ بڵاویکردوەتەوە، وتەبێژی کرملن رایگەیاندووە، روسیا پێی وایە کە ئەمریکا و ئێران دەبێ کێشە هاوبەشەکانیان لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکەن.