دوای ئەوەی دوێنێ فڕۆکەیەکی جەنگیی کۆریای باشوور بە هەڵە بۆردومانی ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی کرد، هەشت کەس برینداربوون، ئەمڕۆش ژمارەی بریندارەکان بۆ 29 کەس بەرزبووەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاندووە، لەو 29 کەسە 15 کەسیان هاوڵاتی مەدەنین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا بریندارەکان لە نەخۆشخانە چاودێری دەکرێن و چارەسەری پێویست وەردەگرن.

دوێنێ پێنجشەممە، دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژ بە هەڵە هەشت بۆمبیان لە دەرەوەی گۆڕەپانی مەشقەکەیان خستە خوارەوە لە شاری بۆچیۆنی کۆریا خستە خوارەوە، کە بۆمبەکان بەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتن و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 29 کەس بریندار بوون و زیانێکی زۆر بە ماڵ و باڵەخانەکانی ئەو چواردەورە گەیشت.

لەوبارەیەوە هێزی ئاسمانی کۆریای باشوور پۆزشی بۆ تەواوی شارەکە هێنایەوە و داوای لێبوردنی کرد و ئەوەی خستە روو، هەڵەی فڕۆکەوانی بووە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.