90 خولەک لەسەر هێڵ؛ تاران و کیێڤ تەوەرە سەرەکییەکان بوون
محەمەد رزگار
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦
پەیوەندییەکی تەلەفۆنی 90 خولەکی لە نێوان پوتین و ترەمپ؛ ئێران و ئۆکراین تەوەرە سەرەکییەکان بوون.
پاش پەرەسەندنی گرژییەکان، ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ناوچەکە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران گفتوگۆیان کرد.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنجامدا کە زیاتر سەعات و نیوێکی خایاند. تەوەرە سەرەکییەکانی پەیوەندییەکە بریتی بوون لە پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆسیەی ئێران، لەگەڵ جەنگی ئۆکراین.
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رایگەیاند، گفتوگۆکە "راشکاوانە و کردەیی" بووە و هەردوو سەرۆک بایەخێکی تایبەتیان بە بارودۆخی ئێران و کەنداو داوە.
هۆشداریی پوتن و دەستخۆشی لە ترەمپ
لە پەیوەندییەکەدا، پوتن بڕیارەکەی ترەمپی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران بە "راست و دروست" وەسف کرد، چونکە دەرفەت بۆ دانوستان دەڕەخسێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریی دایە ترەمپ کە ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە دژی ئێران "مەترسیدار" دەبێت، پوتن چەند پێشنیازێکیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشکەش بە سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
ئۆکرانیا و یادی جەنگی جیهانی
سەبارەت بە دۆسیەی ئۆکراین، پوتین پێشنیازی ئاگربەستێکی کاتیی کردووە بەبۆنەی یادی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم، لە بەرانبەردا، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشانداوە کە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین نزیکە، هەرچەندە پوتن جەختی کردووەتەوە کە ئێستا هێزەکانی روسیا "دەسپێشخەریی مەیدانی"یان لەدەستدایە.
سەرکۆنەکردنی هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ
لە بەشێکی تری پەیوەندییەکەدا، پوتن پشتگیری خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی لە دوای ئەو هەوڵە تیرۆرکردنەی کە رووبەڕووی بووەوە و بە توندی روداوەکەی سەرکۆنە کرد، کرملنش دووپاتی کردەوە، مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل و ئەمریکا بە مەبەستی رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان.



