لێدانی یەکلاکەرەوە یان گوشاری ئەتۆمی.. ترەمپ لەبەردەم پلانێکی نوێی ‘سێنتکۆم’ دایە دژی تاران
سەوسەن سەید
١ی ئایاری ٢٠٢٦
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەلایەن ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، زانیاریی وردی پێدراوە دەربارەی چەند پلانێکی سەربازیی نوێ دژی ئێران. ئامانج لەم پلانانە شکاندنی بنبەستی دانوستانە ئەتۆمییەکان یان وەشاندنی "لێدانی کۆتاییە" لە تاران.
ئەو پلانانەی کە پێشکەش بە ترەمپ کراون و جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکاش تێیدا ئامادە بووە، چەن خاڵێکی لەخۆ گرتوە تییدا: ئەنجامدانی زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی "کورت و بەهێز" بۆ سەر ژێرخانی ئێران، وکۆنترۆڵکردنی بەشێک لە گەرووی هورمز لە رێگەی هێزی زەمینییەوە بۆ پاراستنی هێڵە بازرگانییەکان، وئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
ئەم ئامادەکارییانە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرهێنانەوەی مووشەکە ژێرخاکییەکانی ئێران دێت، کە وای کردووە ترەمپ بیەوێت پێش سەردانەکەی بۆ چین، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات.
هاوکات بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، کە کردەوە شەڕەنگێزییە راستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رووی یاساییەوە کۆتاییان هاتووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا پابەند بوون بە ئاگربەستێک کە لە 7ی نیسانی رابردووەوە دەستی پێکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "نیوزماکس" دووپاتی کردەوە کە جەنگ بە کردەیی کۆتایی هاتووە و وتی: ئێمە پێشتر لە جەنگەکەدا بردوومانەتەوە، بەڵام من سەرکەوتنم بە جیاوازییەکی گەورەتر دەوێت.
لەگەڵ ئەم لێدوانانەشدا، پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران "تا ئەو کاتەی پێویست بێت" بەردەوام دەبێتم، ئاماژەی بەوەش کرد کە مەودای ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانیان بۆ زەریای هیندی و هێمن فراوانتر کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی سیاسەتی "فشاری زۆرینە" سەرەڕای وەستانی شەڕی مەیدانی.



