ترەمپ: پێشنیازە نوێیەکەی تارانم بەدڵ نییە و یان دەبێت رێککەوتن بکەن یان لەناویان دەبەین
محەمەد رزگار
١ی ئایاری ٢٠٢٦
بەهۆی جیاوازی زۆر لە مەرجەکان و هەبوونی دووبەرەکی لە ناوخۆی تاران، هەوڵە نوێیەکانی ئێران بۆ ئاشتی لە لایەن واشنتۆنەوە رەتکرانەوە، ترەمپیش دەڵێت؛ ئێران دەیەوێت رێككەوتن بكات، بەڵام من بەدڵم نییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ململانێکانی لەگەڵ تاران رایگەیاند؛ بە دوایین پێشنیازی ئێران بۆ ئاشتی رازی نەبووە و تاران داوای کۆمەڵێک شت دەکات کە واشنتۆن ناتوانێت قبوڵیان بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات، بەڵام ئەو بەو پێشنیازە دڵخۆش نییە و وتی: "ئێرانییەکان لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیک نین"، هەروەها ئاماژەی بە بوونی دووبەرەکی لە ناو سەرکردایەتی ئێران کرد و وتی، بەهۆی ئەو دابەشبوونەی لە تاران هەیە هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکاندا بەدی ناکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "یان ئێرانییەکان لەناودەبەین یان دەبێت لەگەڵمان رێکبکەون، ئەوان ئەوەی دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە بەدەستی ناهێنن". جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پاکستان وەک نێوندگیر بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی ترەمپ، ترەمپ نیگەرانی خۆی بەرانبەر هەڵوێستی ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەربڕی و هەڕەشەی بەرزکردنەوەی باجی سەر ئۆتۆمبێلی یەکێتی ئەوروپای کرد بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێککەوتنەکان. سەبارەت بە عیراقیش، پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق دووپاتکردەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ هیوای خواست بە کۆتاییهاتنی شەڕ جارێکی تر نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا دابەزێت، وتیشی، کە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین "بێ وێنە" دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە بەشداری لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا دەکات.



