پاکستان: پابەندین بە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران
محەمەد رزگار
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەخت لە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەکاتەوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشکرایدەکات، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و تاران بە کراوەیی ماونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە بەردەوامبوون لە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و کەمکردنەوەی پێکدادانەکان.
ئیسلام ئاباد ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ چەندین دەوڵەتی ناوچەکە لە پەیوەندیدایە بۆ چەسپاندنی ئارامی و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئاگربەست.
ئەم هەوڵانەی پاکستان لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکی چالاکدایە بۆ میوانداریکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان لەنێوان هەردوو لایەندا.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییانەی پاکستان دوای ئەوە دێت، کە لە 28ی شوباتی رابردوو گرژییە سەربازییەکان لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی تر پەرەی سەند، بەڵام لە 8ـی نیساندا و بە نێوەندگیری حکومەتی پاکستان، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی "ئاگربەستێکی کاتی".



