بەهۆی داڕمانی ئابوری و تێکشانی هێزە سەربازییەکان، سەرۆکی ئەمریکا داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی لێپرسراوانی ئێران دەکات و داوای خۆ بەدەستەودانی تاران دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، داوای لە ئیران دەکەم ئێستا خۆیان بەدەستەوە بدەن، دەشڵێت "تەنها شتێک کە پێویستە ئێران بیکات ئەوەیە بڵێت ئێمە خۆمان بەدەستەوە دەدەین."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی توانیویەتی "سوپای ئێران تێکبشکێنێت و هێزە دەریاییەکانیان لەناو ببات"، هەروەها وتیشی تاران ئێستا تەنها خاوەنی رێژەیەکی زۆر کەمی کارگەکانی دروستکردنی موشەکە.

ترەمپ باسی لە داڕمانی ئابوریی ئێران کرد و وتی: "ئابورییەکەیان لە لێواری هەرەسهێناندایە و دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نەماوە."

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، کە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا تاوتوێی دۆسیەی ئێرانی کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، پوتن "ئارەزووی پێشکەشکردنی هاوکاری دەکات" و ئەویش نایەوێت تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پوتین بە "زۆر باش" وەسف کرد.

سەبارەت بە جەنگی ئۆکراین، ترەمپ رایگەیاند، پێشنیازی ئاگربەستێکی کاتی کردووە و بە وردی لەگەڵ پوتن باسیان لەو قەیرانە کردووە.