بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە ناوچەكە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت 125 دۆلاری تێپەڕاند.

ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی كۆشكی سپی ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی گەمارۆیەكی درێژخایەن بۆ سەر گەرووی هورمز كرد.

لەگەڵ كردنەوەی بازارەكانی ئاسیادا نرخی نەوت لە جیهاندا بە رێژەی 5.6% بەرزبوویەوە، بەجۆرێك نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 125.2 دۆلار، نرخی بەرمیلێك خاوی تەكساسیش بە 110.1 سەنت مامەڵەی پێوە كرا، ئەمەش بەرزترین ئاستە لەم دواییانەدا تۆماری كردبێت. 

ئاژانسی بلۆمبێرگ هۆكاری بەردەوامیی هەڵكشانی نرخی نەوتی بۆ ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و مەترسییەكان سەبارەت بە پچڕانی درێژخایەنی دابینكردنی وزە لە گەروی هورمز گەڕاندووەتەوە، بەتایبەت بە بنبەست گەیشتنی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران. 

ئابووریناسان ئەم بارگرژییە بە گەورەترین پشێوی و شڵەژانی بازاڕەكانی وزە لە جیهاندا دادەنێن كە لە چەند دەیەی رابردوودا وێنەی نەبووە.