بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی پارتى "فيدس"ى هەنگاری بيرتالان هاڤاسی رایگەیاند, پێتر ماگیار سەرۆک وەزیرانی ئێستای هەنگاریا، لەوانەیە ببێتە یەکەم سەرۆکی حکومەت لە جیهاندا کە بە دزینی مۆبایلێک سزا بدرێت.
هاڤاسی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی هەواڵی "ئۆریگۆ" وتی: "پێتر ماگیار زۆر تووڕە بووە کاتێک دادگاییکردنی و دۆسیەی دزیکردنەکەی بووە بە راستیی. بەوپێیە پێتر ماگیار یەکەم سەرۆک وەزیرانە لە جیهاندا کە بە دزینی مۆبایل تۆمەتبار دەکرێت.
لە بەرانبەر داواکارییەکەی دادگای گشتیدا ماگیار رایگەیاند، هیچ لارییەکی نییە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری، و ئەو دۆسیەیەی کە دژی کراوە بە "دەستکرد" وەسفی کرد.
هاوکات داوای لە پەرلەمان کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە، تاوەکو هاوکات لەگەڵ دۆسیەکەی خۆیدا، سەیری پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دوو وەزیری حکومەتی پێشوویش بكرێت کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.
شایەنی باسە، سەرەتای ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی حوزەیرانی 2024، کاتێک ماگیار تۆمەتبارکرا بەوەی مۆبایلێکی لە دەستی کەسێک بردووە کە خەریکی وێنەگرتنی بووە لە ناو یانەیەکی شەوانە لە شاری بودابێست، پاشان مۆبایلەکەی فڕێداوەتە ناو رووباری دانووبەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، کە کیێڤ و واشنتۆن هاوڕان لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا پێش هاتنی وەرزی زستان.
سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی رووسیا رابگرێت، بە مەرجی ئەوەی مۆسکۆش پابەندی هەنگاوێکی هاوشێوە بێت و هێرش نەکاتە سەر سیستەمی وزەی وڵاتەکەی.
ئەم لێدوانەی زیلینسکی دوای ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی ئەرێنی و بەرهەمدار هات وەک خۆی دەڵێت؛ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەراوێزی کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان.
سەرۆکی ئۆکراین لە پەیامێکیدا لە سۆشیال میدا بڵاویکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی کۆمەڵێک هەنگاوی شیاویان کردووە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، بە ئامانجی رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و پرۆسەی دیپلۆماسی.
ئەم وتانەی زیلینسکی لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ گەشتوەتە لوتکە و رۆژانە بە بەردەوامی هێرشی درۆنی و موشەکی دەکەنە سەریەکتری و بەتایبەت کەرتی وزەی یەکتری دەکەنە ئامانج.
ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت و پشتیوانیی خۆشی بۆ فەڵەستین دەربڕی.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و لە وتارێکدا رایگەیاند، ئیسرائیل پێشێلی سەروەریی هەموو ئەو وڵاتانە دەکات کە هاوسنوورین.
وتیشی، دەیان دەوڵەت پێش ساڵێک دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، بەڵام بەهای ئەو دانپێدانانە چی دەبێت ئەگەر بەردەوام بن لە بێدەنگیی بەرانبەر ئەوەی لە غەززە روودەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە ئاسایشی ئیسرائیل لەڕێگەی پێشێلکردنی سەروەریی هەموو وڵاتانی دراوسێیەوە دێتە دی، هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکات و ئەوەی پێی دەوترێت ئاشتی لە غەززە، هیچ ڕێڕەوێکی مرۆیی نەکردووەتەوە و ئەوەی لە غەززە روودەدات بۆ هەموومان مایەی شەرمەزارییە.
ئەوەشی روونکردەوە: ئێمە هەموو رۆژێک لە کەناری رۆژئاوا گەواهیدەری پێشێلکارین، بۆیە لە کاتێکدا سەرەتاییترین مافە بنەڕەتییەکانیان پێشێلدەکرێت، ئێمە باوەڕمان بە سەروەری بۆ فەڵەستینییەکان هەیە.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، مافەكانی مرۆڤ پێشێلكراون و برسیكردن كراوەتە چەكی جەنگ.
لە نیویۆرک، كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان دەستیپێكرد و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەشدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارییەکی توندی دا لەسەر رەوشی جیهان و رایگەیاند، هێزی سەربازی بەتەنها ناتوانێت ئاسایش مسۆگەر بكات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 10 ساڵی رابردوودا جەنگەكان دەرئەنجامی وێرانكەریان لێكەوتووەتەوە و تێیاندا مافەكانی مرۆڤ بەشێوەیەکی مەترسیدار پێشێلكراون.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختیشی کردەوە، خەڵكی مەدەنی راستەوخۆ كراونەتە ئامانج و لە زۆرێک لە ململانێکاندا برسییكردن وەک چەكی جەنگ بەكارهێنراوە.
کۆریای باکور بەردەوامە لە تاقیکردنەویە موشەکە نوێیەکانی و لە نوێترین تاقیکردنەوەشدا، میدیای وڵاتەکە ديڵێت؛ موشەکێکیان تاقیکردوەتەوە دەبێتە سەرئێشەیەکی بێ دەرمان بۆ نەیارەکانیان.
میدیا رەسمییەکانی کۆریای باکور ڕایانگەیاند، كیم جونغ ئون، رێبەری وڵاتەکە، سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی سیستمێکی چەکی نوێی کردووە و رایگەیاندووە کە ئەم تاقیکردنەوەیە دەستکەوتێکی گەورەیە و پێشکەوتنی بەردەوامی توانا سەربازییەکانی پیۆنگیانگ نیشان دەدات.
ئاژانسی دەنگوباسی ناوەندیی کۆریای باکور ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی و بە ئامادەبوونی رێبەری وڵات چەکەکەی تاقیکردووەتەوە و كیم ستایشی تاقیکردنەوەکەی کردووە و بە بەڵگەیەکی دیاری "تەکنەلۆجیای بەرگریی زۆر هاوچەرخ" وەسفی کردووە.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەم توانایانە سەرئێشەیەکی بێدەرمان بۆ نەیارانی وڵاتەکەی دروست دەکات و رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ئامادەیی بۆ جەنگ و گەشەپێدانی ئایندەی هێزە چەکدارەکاندا.
ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە هات کە کۆریای باشوور و ژاپۆن تەئکیدیان کردەوە پیۆنگیانگ دوو موشەکی باڵستیی کورتمەودای بەرەو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەڵداوە.
بەهۆی نیگەرانییەکان لە بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی دۆناڵد ترەمپ، بۆ دوەمجار لەم مانگەدا داوای لە زیلینسکی کردوە هێرشيکانی بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا راگرێت.
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا، داوای لە بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا راگرن، چونکە نیگەرانە لەوەی دەبێتە هۆلی کەمبونەوەی سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخەکەی.
لێپرسراوێکی باڵای ئۆکراین، بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە،پاڵنەری سەرەکی پەیامەکەی ترەمپ کەمبونەوەی سوتەمەنی بووە و بووە و داوای لە زیلینسکی کردووە فەرمان بە سوپای وڵاتەکەی بکات، هێرشە درۆنیی و رابگرن.
لێپرسراوێکی ئەمریکاش بە فاینانشیاڵ تایمزی راگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت؛ دڵنیا بێت دڵنیابێت لەوەی کە بەرهەمهێنانی سوتەمەنی روسیا دەگاتە بازاڕی جیهانی.
جێی باسە لەم منگەدا ئەمە دوەم جارە دۆناڵد ترەمپ ئەو داوایە لە ئۆکراین دەکات، بە تایبەت کە دوێنی، ئۆکراین گەورەترین هێرشی درۆنی خۆی بۆ سەر مۆسکۆ ئەنجامدا، کە ئاگری لە پاڵاوگەیەکی گەورە بەردا و لایکەم دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 20 کەسیش برینداربوون.
لای خۆشیەوە، زیلینسکی لە بارەی پەیوەندییەکی دۆناڵد ترەمپی بە گرنگ وەسفکردوە ورایگەیاندوە، بەم نزیکانە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، تەنها لەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ 900 جار ناوی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشوو هێناوە و کردویەتی بە ئامانجی سیاسی خۆی و بە هۆکاری کێشەکانی هەڵاوسان و زۆری کۆچبەر و کەمبونەوەی چەک تاوانبار کردووە.
لە راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە؛ دۆناڵد ترەمپی 83 ساڵ رۆژانە بە تێکڕا سێ جار ئاماژە بە باکگراوندی دەسەڵاتی بایدن دەکات بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی کێشەکانی وەکو هەڵئاوسان، کۆچبەری و کەمبونی چەک و تەقەمەنی سەربازی بخاتە ئەستۆی ئەو.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم ستراتیژییە ئامانجی ئەوەیە سەرنجی دەنگدەران لەسەر کێشەکانی ئێستا لاببات و بەرەو شکستەکانی ئیدارەی پێشوو بباتەوە، لە کاتێکدا تەنها چەند هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی کۆنگرێس ماوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئیدارەی کۆشکی سپی بەرگریی لەم رەفتارەی ترەمپ دەکات و بە هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی وێرانکارییەکانی رابردو وەسفی دەکات و لێپرسراوانی پیشوی ئیدارەکەی بایدنیش و پێیان وایە ترەمپ نەیتوانیوە کێشەکانی هاووڵاتیانی ئەمریکا چارەسەر بکات و بەهێرشکردنە سەر جۆ بایدن خۆی لە بەرپرسیارێتی دەشارێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە بوونی لێکتێگەیشتنێک کرد لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن بۆ دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لەزاری ترەمپەوە بڵاوی کردەوە: بەپێی ئاماژە و لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەکان، حووسییەکانی یەمەن بەرەو ئەوە دەچن خۆیان لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بەدوور بگرن.
تۆڕەکە ئاشکراشی کرد کە کەناڵی پەیوەندی و گفتوگۆ لە نێوان واشنتۆن و بزووتنەوەی حووسییەکاندا کراوەیە، و ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە تاران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بەدوای هێورکردنەوەی دۆخەکەدا بن، سەرەڕای بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی نێوان حووسییەکان و سعودیە.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند لەگەڵ بەرپرسانی چین گفتوگۆیەکی "زۆر سەرکەوتوو"یان سەبارەت بە پرسی بازرگانی و ژیریی دەستکرد (AI) ئەنجامداوە، و جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردووەتەوە سەبارەت بەو مەترسییانەی کە پەیوەندییان بە ژیریی دەستکردەوە هەیە.
بیسێنت دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتوومان لەگەڵ لایەنی چینی لەبارەی بازرگانی و ژیریی دەستکرد ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکاندا کە نزیکەی هەشت سەعاتیان خایاند و لە بارەگای سەرەکیی بانکی "جی پی مۆرگان چەیس" لە نیویۆرک بەڕێوەچوون، جەیمسۆن گێریەر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکاش بەشدار بوو.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی پێشنیازی دروستکردنی میکانیزمێکی ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە سەبارەت بە روداوەکانی وەک هەرەشە ئاسایشییەکان و وتی: ئەوەی تاوتوێمان کرد دروستکردنی میکانیزمێکە بە ناوی 'دیالۆگی ئەمریکی-چینی سەبارەت بە ژیریی دەستکرد'، و رێککەوتین لەسەر سازکردنی کۆبوونەوەی تریش.
لەلایەکی ترەوە، جەیمسۆن گێریەر نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە "زۆر پێویستە بتوانین پێکەوە کار بکەین."
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئامادەم بڕیار بدەم سەبارەت بە ئێران و رەنگە بەم زووانە شتێکی گەورە لەبارەی ئەو وڵاتە روبدات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، لە بەردەم بڕیاردانایە سەبارەت بە ئێران، جەختیشی کردەوە، بژاردەکانی بەردەمی بریتین لە سڕینەوەی ئێران، یان هێشتنەوەی لە بارودۆخێکی رووخان و داڕمانی ئابوریدا، یانیش گەیشتن بە رێککەوتنێک.
ترەمپ هەڕەشەی تەقاندنەوەی تەواوی ئێرانی کرد ئاماژەی بەوەکرد، باشترە لێپرسراوانی ئێران رەفتارەکانیان چاک بکەن و رەنگە بەم زووانە شتێکی گەورە سەبارەت بە تاران روبدات.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە نیویۆرک دەربڕی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بە حوسییەکانی یەمەنیش، ترەمپ ئاشکرایکرد، ئیدارەی ئەمریکا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیە و رەزامەندییان داوە لەسەر نەکردنە ئامانجی بەرژەوەندی و کەشتییە ئەمریکییەکان.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە هێزە چەکدارەکانی ئیران هۆشدارییان لە بوونی "پلانێکی ئەمریکی" بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان دا و رایانگەیاندبوو، بەڵگەیان دەستکەوتووە لەسەر خۆئامادەکردنی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی کردە سەربازییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دا بە هاووڵاتییانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆر وشیار بن، بەتەواوەتی لە گەشتکردن بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان سعودیە و یەمەن دووربکەونەوە یان جوولەکانیان سنووردار بکەن، هاوکات ئامادەکاری بڕیاڕەکان ببن بۆ ئەگەری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخرانی ئاسمان.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە بەیانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە رێگەی باڵیۆزخانەکانی لە ریاز و بەغداد بڵاویکردووەتەوە، بارودۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە و ئەگەری رودانی ئاڵۆزیی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ململانێی سەربازیی نێوان سعودیە و حۆسییەکان ئەگەری ئەوەی هەیە بە خێرایی تەشەنە بستێنێت.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانی سەربازی بە رابەرایەتی سعودیە رایگەیاند، شەممە لەسەر یەکشەممە مووشەکێکی باڵیستیکی حۆسییەکانیان بە ئاڕاستەی ریاز تێکشکاندووە و رێگرییان لە چەندین هێرشی دیکە کردووە بۆ سەر ناوچەکانی جیاواز.
لە بەرانبەردا، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حۆسییەکان رایگەیاند کە دوو ئۆپراسیۆنی سەربازییان بە مووشەک و درۆن بۆ سەر ئامانجی هەستیار لە ریاز و کۆمپانیای ئارامکۆ لە یەنبەع ئەنجامداوە.
لە چەند سەعاتی رابردوودا، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەی داواکارییەکانی پیتزا لە نزیکترین لقی زنجیرە رێستوورانتەکانی "دۆمینۆز پیتزا" بۆ باڵەخانەی پێنتاغۆن تۆمار کراوە.
«پێوەری پیتزا» یەکێکە لە ناسراوترین سەرچاوە کراوەکان وەک ئامرازێک بۆ پێشبینیکردنی جووڵە سەربازییەکان لەناو باڵەخانەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن).
لە حاڵەتە ناکاوەکان یان ئۆپەراسیۆنە گەورە سەربازییەکاندا، بەرپرسان و کارمەندانی سەربازی ناچار دەبن تا سەعاتێکی درەنگ لە ئۆفیس و بنکەکانیان بمێننەوە، ئەمەش وایان لێدەکات پەنا بۆ داواکردنی خواردنی خێرا وەک پیتزا بەرن.
پێوەری پیتزا راستوورستیی خۆی سەلماندووە لە کاتی جێبەجێکردنی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، کە دواینیان بەرزبوونەوەی داواکارییەکان بوو لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڤەنزوێلا و ئێران.
ئەم بەرزبوونەوەیەی ئێستای پێوەرەکەش هاوکاتە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشداری لەلایەن باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هاووڵاتییان.
لە نێوەندی هۆشدارییەكان لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی رەوشەكە، ترەمپ پشووەكەی لە كامپ دێڤید كۆتایپێهێن و گەڕایەوە كۆشكی سپی.
كۆشكی سپی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پشووەكەی لە هاوینەهەواری سەرۆكایەتی لە كامپ دێڤید كۆتایپێهێناوەو گەڕاوەتەوە بۆ واشنتۆنی پایتەخت.
هەروەها، كۆشكی سپی پارچە ڤیدیۆیەكی سەرۆكی ئەمریكایان بڵاوكردەوە، ئاماژە بە گەڕانەوەی بەپەلەی دەكات لە هاوینەهەوارەكەیەوە بۆ كۆشكی سپی لە رێگەی فڕۆكەی سەرۆكایەتییەوە.
ئەم پێشهاتە چەند سەعاتێك دوای ئەوە هات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق هۆشداریی رەسمیان ئاراستەی هاووڵاتییانی ئەمریكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد سەبارەت بە ئەگەری روودانی ئاڵۆزبوونی چاوەرواننەكراو.
هاوكات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕە ئەمریكیەكان ئاشكرای كردووە، ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگری لە ئۆفیسەكانیان تا درەنگانی شەو ماونەتەوە ئەوەش تەنها لەكاتی قەیرانەكاندا روودەدەن، ئەو پێگانە راشیانگەیاندوە، ئەم چالاكییە وەكو ئاماژەیەكی ئەگەری بۆ ئامادەكاریی ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی نزیك لێكدەدرێتەوە.
پۆلیسی ئەمریکا پیاوێکی دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلەکەی چووبووە سەر شۆستەی بەراىبەر کۆشکی سپی و داوای دیداری لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەکرد. دوای روداوەکە، تۆمەتبارەکە رەوانەی نەخۆشخانە کرا بۆ هەڵسەنگاندنی باری دەروونی.
رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و یەکەکانی سوپا، چوارڕیانی شەقامەکانی 16یان لە نزیک پارکی "لافایێت سکوێر" داخست، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لە رێڕەوی خۆی لایدا و چووە سەر شۆستەی پەنا پەرژینە ئەمنییەکەی دەوروبەری کۆشکی سپی.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەندامانی دەزگای پاراستنی نهێنی (سێرڤسی نهێنی) دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر کەلێنێکی ئەمنی، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیان دەستگیرکردووەم، وتۆمەتبارەکە تەنانەت دوای کەلەپچەکردنیشی بەردەوام داوای کردووە قسە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بکات.
هێزە ئەمنییەکان پشکنینیان بۆ ئۆتۆمبێلەکە کردووە و تەواوی ناوچەکەیان گەمارۆداوە. دیمەنە تۆمارکراوەکان دەریانخستووە کە کارمەندانی دەزگای پاراستنی نهێنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە بچووکەکەیان (SUV) لە شوێنی روداوەکە دوورخستۆتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پڕۆژە یاسایەكی نوێی بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر روسیادا پەسەند كرد و دەسەڵاتی دایە سەرۆكی وڵاتەكە تا باج بەڕێژەی 100% بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت كە نەوتی مۆسكۆ دەكڕن.
دوای چەندین مانگ لە دواكەوتنی، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە لەلایەن پارتی كۆمارییەكانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بە 262 دەنگی بەڵێ و 159 دەنگی نەخێر پڕۆژەیاسایەكی نوێی پەسەند كرد كە تایبەتە بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیا و ئامانج لێی دروستكردنی فشارە لەسەر مۆسكۆ بەهۆی جەنگی ئۆكراینەوە.
یاساكە دوای پەسەندكردنی لە ئەنجومەنەكە، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاشەوە ئیمزاكرا و كەرتی وزە و بەرگریی روسیا و خودی ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی وڵاتەكە و ژمارەیەك لێپرسراوی تری روسیا دەكاتە ئامانج.
یاساكە دەسەڵات دەداتە ترەمپ بۆ ئەوەی باجی گومرگی تا رێژەی %100 بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت كە كڕیاری سەرەكیی نەوت و غازی روسیان، لە سەروو هەمووشیانەوە چین و هندستان.
لە چوارچێوەی چاكسازییە نوێیەكانی یەكێتیی ئەوروپا لە نێوان مانگەكانی حوزەیران و تەمووزدا، حكومەتی ئەڵمانیا زیاتر لە دوو هەزار كەیسی پەنابەرییان بە رێكاری خێرا تاوتوێكردووە.
بەپێی میدیاكانی ئەڵمانیا، لەمەودوا حكومەتی وڵاتەكە لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگ بڕیار لەسەر كەیسە پەنابەرییەكان دەدات و ئەگەری گەڕاندنەوەی پەنابەران پێش دەرچوونی بڕیاری كۆتایی دادگا زیاتر دەكات.
ئەم سیستمە مۆڵەتی سێ مانگ دەدات بە فەرمانگەی فیدراڵیی كۆچ و كۆچبەرانی ئەڵمانیا بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو كەسانەی لە وڵاتێكی سەلامەتەوە هاتوون.
هاوكات، ئەو پەنابەرانەشی رەتدەكرێنەوە لە مافی كاركردن بێبەش دەكرێن و دەكرێت پێش دەرچوونی بڕیاری كۆتایی دادگا بگەڕێندرێنەوە وڵاتەكەی خۆیان.