ئەمریكا هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی نوێ دەدات بە مەبەستی پاراستنی گەرووی هورمز.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردووەتەوە لەپێناو دەستەبەركردنی ئازادی كەشتیوانی نێودەوڵەتی، ئیدارەی ئەمریكا كار دەكات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی نوێ بە ناوی بنیاتنانی ئازادیی دەریایی بە ئامانجی پاراستنی هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم هاوپەیمانییە كار دەكات بۆ دروستكردنی هەماهەنگی دیپلۆماسی نێوان وڵاتانی ئەندام و ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییە هەواڵگرییەكان دەربارەی جوڵەی دەریایی و سەپاندنی سزاكان بەسەر ئەو لایەنانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر كەشتیوانی دەریایی لە گەرووەكەدا.

پڕۆژەكە وەك هاوبەشییەك دەبێت لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و هەروەها  فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا _سێنتكۆم پشتگیری راستەوخۆ لەم بارەیەوە پێشكەش دەكات بۆ چاودێریكردنی مەیدانیی دەریا و ئاڵوگۆڕی زانیاریی تەكنیكی دەربارەی كەشتییە بازرگانییەكان.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، ئەم دەسپێشخەرییە بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریەیانەی ئێرانە كە رێگری لە هاتوچۆی دەریایی دەكات.