لە كاتێكدا جیهان چاوەرێی كۆتاییهاتنی جەنگی دژ بە ئێرانە، بەڵام پێچەوانەی ئەو چاوەروانیانە، پلانی نوێی سەربازی ئەمریكا دژی ئێران لەسەر مێزی ترەمپە.

لەگەڵ بەردەوامی بنبەست لە دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران، پێشهاتە سەربازییەكان بەرەو قۆناغێكی یەكلاكەرەوە دەچن، بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی ئەكسیۆس لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ كۆبوونەوەیەكی گرنگ  لەگەڵ براد كووپەر فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا_ سێنتكۆم ئەنجام بدات بۆ تاوتوێكردنی پلانێكی نوێی سەربازی دژ بە ئێران.

ماڵپەرەكە راشیگەیاندووە، ئەوەی جێگای سەرنجە، پیشتر لە كاتی هێرشەكەی 28ی شوباتی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەمان تیم سەردانی ترەمپیان كردوو دواتر ئەو جەنگە دەستیپێكرد.

هەر بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، ترەمپ بە جدی بیر لە دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی فراوان دەكاتەوە دژی ئێران بە مەبەستی شكاندنی چەقبەستوویی دانوستانەكان و  ناچاركردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و نیشاندانی نەرمی لە دۆسیەی ئەتۆمیدا.

هەروەها بۆ وەشاندنی گورزێكی یەكلاكەرەوە و كۆتاییهێنان بەو جەنگەی كە لە شوباتی رابردووەوە لە ناوچەكەدا هەڵگیرساوە.

پلانەكە كە بڕیار پێشكەشی ترەمپ بكرێت، چەند بژاردەیەكی سەربازیی تیدا پێشنیازكراوە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا چەند سیناریۆیەكی ئامادە كردووە، لەوانە، هێرشی خێرا و بەهێز وەشاندنی شەپۆلێكی گورزی ئاسمانی بۆ سەر بنكە و ژێرخانە گرنگەكانی ئێران، یان كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز، پلانەكە خۆی لەوەدا دەبنێتەوە لەوەی دەستبەسەر بەشێك لە گەرووەكەدا بگرین بە مەبەستی زامنكردنی هاتوچۆی كەشتییە بازرگانییەكان.

یەكێكی تر لە سیناریۆكان، ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەكانە، ئەگەری دابەزینی هێزی زەمینی یان هێزی تایبەت بۆ پاراستن و دەستبەسەرداگرتنی كۆگاكانی یۆرانیۆمی پیتێنراوەكەی ئێرانە.

لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریكا و ژەنەڕاڵ دان كین، سەرۆكی ئەركانی هاوبەش، تاوتوێی ئەگەرەكانی پەرچەكرداری سەربازی ئێران دەكەن دژی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، كە پێشبینی دەكرێت وەك وەڵامێك بۆ گەمارۆ دەریاییەكە ئەنجامی بدات.

هاوكات، ئاژانسی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە سەرچاوەكان بڵاویكردەوە، سێنتكۆم داوای ناردنی مووشەكی هایپەرسۆنیكی كردووە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەكارهێنانی ئەگەری دژ بە ئێران، سێنتكۆم راشیگەیاندوە ئەو داوایەی لەدوای ئەوەكردوە كە ئێران موشكێكی بۆ دووری 500 كیلۆمەتر بەكارهێنا لە جەنگەكەدا.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، تا ئێستا بڕیارێك سەبارەت بە جێگیركردنی موشەكە هایپەرسۆنیكەكان نەدراوە، ئەگەر ئەو جێگیركردنە پەسەند بكرێت، ئەوە دەبێتە یەكەم جێگیركردنی مووشەكی هایپەرسۆنیكی ئەمریكی لە ناوچەكە.

ئەوە لە كاتێكدایە، ترەمپ لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە گەمارۆی دەریایی لە ئێستادا كاریگەرتر دەبینێت لە بۆردومانی راستەوخۆ، بەڵام جەختی كردووەتەوە كە ئەگەر تاران وەڵامی نەبێت، بژاردەی سەربازی وەك توندترین ئامرازی فشار بەكاردەهێنێت.