کوردستانکوردستان

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم بارانبارینی پچڕ پچڕ دەبێت و هەندێ کات شێوازی دابارین دەگۆڕێت بۆ لێزمە بارانی کورت خایەن و هەورە بروسکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆی دەریای سوور، کە رویی لە ناوچەکە کردوە پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و بارانبارین بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەسکردوە پێشبینی دەکرێت رێژەی باران بارین لە ناوچە دەشتاییەکان و شاخاوییەکانلە نێوان (3 بۆ 8) ملم دا بێت.

لەبارەی کەشی سبەینێشەوە، کەشناسی دەڵێت؛ کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆی دەریای سوور بە لاوازی دەمێنێتەوە لەسەر ناوچەکە و پلەکانی گەرماش سێ بۆ چوار پلە نزمدەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیەیە؛

هەولێر: 25 پلەی سیلیزی

پیرمام: 22 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 22 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە:24 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 26 پلەی سیلیزی

دهۆک: 23 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 23 پلەی سیلیزی

ئاکرێ:24 پلەی سیلیزی

گەرمیان:26 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران:18 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نازانم بۆچی ماوەیەکە، هەر خەو بە خاڵۆ وسگە، ڕەفاو، مورشیدە و خاڵۆ گوڵمرای دەبینم. هەر جارێک بە شێوەیەک دێن، بەڵام ناوەڕۆکی خەوەکان یەکە؛ هەر جارێک یەکێکیان لەبەردەمم ڕادەوەستێت و ڕاستییەکی تاڵم بۆ دەگێڕێتەوە.

خاڵۆ وسگە دەڵێت: «ئێمە ڕۆیشتین و ئەڵوەنمان بۆ ئێوە جێهێشت؛ بۆچی واتان لێ کرد؟»

ڕەفاو تۆڕە بەتاڵەکەی پیشان دەدات و دەڵێت: «جاران ماسی لە تۆڕەکەماندا دەجووڵا، ئێستا تۆڕەکەمان تەنها گەڵای وشک کۆدەکاتەوە.»

مورشیدەش لە کەناری ڕووبارەکە دادەنیشێت و بە بێدەنگی سەیری دارەخورما وشکبووەکان دەکات.

خاڵۆ گوڵمرای لە خوارەوەی گەرەکی جەلەوە، سەیری بێستانەکەی دەکات و دەڵێت: «کاتێک ئاو وشک دەبێت، تەنها دار و ڕووەک نامرن؛ بیرەوەرییەکانیش وشک دەبن.»

لەگەڵ بانگی بەیانیی مزگەوتی نالی، لە گەڕەکی عەقاری لە سلەیمانی بە ئاگا هاتمەوە. دەمم وشک بووەوە؛ وەک بێستانەکەی خاڵۆ گوڵمرای. چاوانیشم پڕ بوون لە فرمێسک؛ وەک کانییەکانی گەرمگ، لای ئیمام عەباس، نزیک گوندی عالیاوە لە خانەقین.

ئەڵوەن بۆ من تەنها ڕووبارێک نەبووە؛ دەنگی خانەقین و ئاوێنەی ئاسمانی منداڵیم بووە. لەسەر کەنارەکانی گەورە بووم، بە هاژەی ئاوەکەی گوێم لە چیرۆکی ژیان گرت و لەژێر سێبەری دارەخورماکانی جەلەوە، یەکەم وانەکانی خۆشەویستیی مرۆڤ و خاک و نیشتمانم خوێندەوە. ئەوسا پێمان وابوو ئەڵوەن هەمیشە پڕئاو دەمێنێتەوە و ماسیگرەکانی خانەقین هەمیشە لە کەنارەکەی دەبن. نەماندەزانی ڕۆژێک دێت ڕووبارەکانیش، وەک مرۆڤەکان، ناچار بە کۆچکردن دەکرێن.

لە دوا مانگەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژێک دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی ئەوکات، لە دانیشتنێکی برایانەدا لە ئۆفیسەکەم لە ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر باسی کێشەکانی ئاو و ژینگەی لە جیهان بۆ باسکردین. وەک هەمیشە، قسەکانی ورد، ئەکادیمی و پشت‌بەستوو بە زانست بوون. سوودێکی زۆرم لێ وەرگرت و تا ئێستاش لە زەینمدا ماونەتەوە.

کاتێک لە خەوەکانمدا لەگەڵ ماسیگرەکان و جوتیارەکانی خانەقین گەڕامەوە بۆ کەناری ئەڵوەن، ئەو قسانەش لەگەڵم گەڕانەوە. خەو، بیرەوەری و نیگەرانیی ئاو تێکەڵ بوون و ئەم بیرۆکە و دەربڕینانەیان هێنایە خەیاڵم؛ منیش خستمنە ناو «Notes»ی مۆبایلەکەم و ئامادەم کردن بۆ بڵاوکردنەوە.

قەیرانی ئاو چیتر بابەتێکی دوور یان تەنها کێشەیەکی ژینگەیی نییە. وشکبوونی ڕووبارەکان بە مانای کەمبوونەوەی کشتوکاڵ، مردنی ماسی، دارستان و باخ، بێکاربوونی جوتیار و ئاوارەبوونی خێزانەکانە. کاتێک سەرچاوەی ئاو وشک دەبێت، ژیانیش لە دەوروبەریدا دەستی بە کۆچکردن دەکات. لەوێوە، کێشەی ژینگەیی دەبێتە قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و، لە کۆتاییدا، مەترسییەکی نیشتمانی.

کوردستان بە خاک و چیا و ڕووبارەکانی ناسراوە، بەڵام ئەم سامانە سروشتییانە هەمیشەیی نین، ئەگەر پارێزگارییان لێ نەکرێت. کەمبوونەوەی باران، گۆڕانی کەشوهەوا، بەکارهێنانی بێ‌سنووری ئاوی ژێرزەوی، دروستکردنی بەنداو لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی دەرەوەی سنوور و نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانیی ئاو، هەموویان پێکەوە داهاتووی ئێمەیان خستووەتە مەترسییەوە.

ئاو تەنها خزمەتگوزارییەک نییە کە لە بۆڕیی ماڵەوە بێت؛ ئاو مافە، سامانە و بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی. بۆیە پاراستنی ئاو نابێت تەنها ئەرکی وەزارەتێک یان دامەزراوەیەک بێت. پێویستمان بە ستراتیژییەکی ڕوون و درێژخایەن هەیە؛ لە کۆکردنەوەی ئاوی باران و بنیاتنانی بەنداوە بچووکەکانەوە، تا نوێکردنەوەی شێوازی ئاودێری، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، ڕێگریکردن لە پیسبوونی ڕووبارەکان و پەروەردەکردنی هۆشیاریی ژینگەیی.

بەرپرسیارێتیی هاووڵاتییش لەمەدا کەمتر نییە. هەر دڵۆپێک ئاو کە بەفیڕۆ دەچێت، بەشێکە لە مافی نەوەکانی داهاتوو. ناتوانین لە ڕووبارەکان چاوەڕێی بەخشندەیی بکەین، بەڵام خۆمان بە بێ‌پەروایی مامەڵەیان لەگەڵ بکەین.

لە خەوەکانمدا، ماسیگرەکان هەر لە کەناری ئەڵوەن چاوەڕێن. تۆڕەکانیان بەتاڵە، بەڵام چاویان هێشتا لە ڕووبارەکەیە. خاڵۆ گوڵمرایش چاوی لە بێستانەکەیە؛ وەک ئەوەی چاوەڕێی وەڵامی ئێمە بن: ئایا ئەڵوەن و ڕووبارەکانی دیکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەپارێزین، یان ڕۆژێک دەبێت لەسەر نەخشەکان بەدوای ناویاندا بگەڕێین؟

چونکە کاتێک ڕووبارێک کۆچ دەکات، تەنها ئاو لە شوێنی خۆی نامێنێت؛ بەڵکو بەشێک لە مێژوو، ناسنامە و ڕۆحی نیشتمانیش لەگەڵ خۆی دەبات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ جەژنی جەمایە و رۆژێکی تایبەتە لای ئێزدییەکان، کە یەکێکە لە هەرە جەژنە گرنگەکان و  لە پەرستگای لالش بەڕێوەدەچێت و حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.

بەهۆی گرنگی جەژنەکەوە، تەواوی ئێزدییەکان لە  جیهان و دەورووبەری  لەو حەوت رۆژەدا روو لە پەرستگای لالش دەکەن.

 جەژنەکە حەوت رۆژ دەخایەنێت و لە شەشەم رۆژی مانگی 10وە دەستپێدەکات  و چەندین رێوڕەسمی تایبەت لە جەژنەکەدا بەڕێوە دەچێت.

‌بە گوێرەی دەستوری ئێزدییەکان، لە رۆژی یەکەمدا سەمای ئاینیی دەکرێت و رۆژانی داهاتوش خولانەوە بە دەوری مه‌زاره‌كانی په‌رستگای لالش بەڕێوەدەچێت.

بە گوێرەی دابونەریتی ئێزدییەکان؛ دەبێت هەموو ئەوانەى بەشدارى لەو رێوڕەسمە دەکەن، پێڵاوەکانیان دابنێن و بە بێ پێڵاو رێوڕەسمەکان ئەنجام بدەن، ئەم نەریتە تەنانەت میوانەکانیش دەگرێتەوە کە ئێزدیی نین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەسپاکی عیراق رایگەیاند، کە بڕیاری دەستبەسەرکردن، راگرتن و دەستگیرکردن بۆ 31 تۆمەتبار لە کۆمپانیای کشتوکاڵی  لە پارێزگای کەرکووک دەرچووە، کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و دەستکاریکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم.

بەپێی زانیارییەکانی دەستەکە، تیمێکی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی کەرکوک لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیاندا ئاشکرایان کردووە کە هەزاران تۆن گەنم تەنها لە ماوەی چەند سەعاتێکدا و بە رێگەی نایاسایی رادەست کراون، کە بەناوی سێ هاوڵاتییەوە تۆمار کراون و هیچ پلانێکی کشتوکاڵیشیان نەبووە. 

دەستەکە  ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لێکۆڵینەوەکان کەمتەرخەمیی 31 کارمەندی کۆمپانیاکە و کارمەندانی بانکی کشتوکاڵیی هەولێر و کەرکوکی دەرخستووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو کەسانە دەستیان هەبووە لە خەرجکردنی پارەی ئەو گەنمە، تا ئێستاش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 10 لە تۆمەتبارەکان جێبەجێ کراوە  و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکەش بەردەوامن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، چوار خوێندکاری کورد لە نێوان 210 خوێندکاری وڵاتانی عەرەبیدا سەرکەوتنی گەورەیان لە پێشبڕکێی بیرکاریی هزری بۆ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی تۆمارکردوە و توانیویانە پلەی یەکەم بەدەستبهێنن.

پێشبڕکێی بیرکاریی هزری بۆ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە وڵاتی سعودییە بە بەشداری 210 خوێندکار بەڕێوەچوو،  خوێندکارەکان لە کوردستان و وڵاتانی سعودییە، جەزائیر، تونس، میسر، سودان، فەلەستین، عیراق و مەغریبەوە بەشداربوون.

لەم رکابەرییە نێودەوڵەتییەدا، چوار خوێندکاری کورد هاوشانی بەشداربووان و بە ئاڵای کوردستانەوە ئامادەبوون و سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کرد؛ بە شێوازێک کە عەبدولڕەحمان ئاراز لە خوێندنگەی کامبریج لە هەولێر، لە قورسترین ئاستدا (ئاستی H) بە وەڵامدانەوەی زۆرترین پرسیار پلەی یەکەمی زێڕینی باڵای بەدەستهێنا.

هاوکات سێ خوێندکاری قەزای پیرەمەگروونیش دەستکەوتی بەرچاویان هەبوو؛ هامنۆ لە ئاستی F پلەی زێڕین، رۆڤار لە ئاستی C پلەی زێڕین، و راڤێل لە ئاستی G پلەی زیوی بەدەستهێنا.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوەش کردوە،  کە ئەمە دووەم ساڵی بەردەوامە خوێندکارانی کورد بەشداری لەم پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەدا دەکەن و ئاستێکی بەرز و نایاب نیشان دەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نووسەر و سیاسەتمەداری بەناوبانگی بەریتانی و دۆستی دێرینی كورد، جێفری ئارچەر لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.


نووسەری بەناوبانگی جیهانی و سیاسەتمەداری پێشووی بەریتانی، لۆرد جێفری ئارچەر، لە تەمەنی 86 ساڵیدا  كۆچی دوایی كرد.


ئارچەر لە كاتی نووسیندا كۆچی دوایی كردووە، ئەوەش دوای رۆژێك لە ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبە نوێیەكەی دێت كە بۆ سەدان هەواداری.


كتێبەكانی ئارچەر سەدان ملیۆن دانەیان لە سەرانسەری جیهاندا لێ فرۆشراوە. 


ناوبراو لە ساڵی 1992 بە دەستنیشانكردنی ئەندامی ئەنجومەنی لۆردان رێزی لێنرا.


جێفری ئارچەر بە دۆستی دێرینی كورد ناسراوە و لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا هاوكاری پەنابەرانی كوردی كردووەو هاوكاربووە لە گەیاندنی دۆسیەی كورد.


هەروەها ساڵی 1991 لەرێگەی كۆنسێرتێكەوە داهاتی بۆ هاوكاری پەنابەرانی كورد كۆكردووەتەوە دوای جەنگی كەنداو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیر کردنی 22 ئەندامی داعشی راگەیاند، کە سەر بە (کەتیبەی 5ی سەربە ویلایەتی کوردستان)ـن و  بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیان پێبوە.

 دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراواندا کە بە هەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، توانییان گروپێکی تیرۆرستانی داعش (کەتیبەی 5ی سەربە ویلایەتی کوردستان) هەڵوەشێننەوە. 

دەگای ئاسایشێ هەرێم دەڵێت؛ ئۆپراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگریی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە نێوان رۆژانی 8 تا 12ی ئەیلوولی 2026 و لە ماوەی 96 سەعاتدا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەڕێوەچوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا  22 تۆمەتبار لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، خورماڵ و سیروان دەستگیرکران.

بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش، پیلانی ئەم گروپە بریتی بووە لە خۆڕێکخستن و وەرگرتنی بەیعەت لە ئەندامانیان، کۆکردنەوەی پارە بۆ کڕینی چەک، هەروەها دانیشتنی بۆمب و تەقینەوە لەناو پارێزگای هەڵەبجە و چاودێریکردن و تەقەکردن لە هێزە ئامادەیییە ئەمنییەکان لە کاتی مەشق و راهێنانەکاندا.

جگە لەوەش، گروپەکە هیوای دروستکردنی "ئەمائارەتێک"یان لە ناوچەکانی هەورامان یان شارەزوور هەبووە و هەوڵیانداوە پەیوەندی لەنێوان شانە نووستووەکانی داعش لە کوردستان و عیراق لەگەڵ تیرۆریستانی دەرەوەدا ببەستنەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم  دەڵێت؛ لە هێرش و پشکنینەکانی ئەم ئۆپراسیۆنەدا دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و کەلوپەلی سەربازی، لەوانە:

-یەک چەکی ئاربیجی بە سێ گولـلە و پێنج حەشوەوە.

 -یەک گوللـە هاوەن، شەش رومانە (بۆمبی دەستی).

 -شەش چەکی کڵاشینکۆف لەگەڵ 13 مەخزەن و 300 فیشەک.

- دوو دەمانچە و 100 فیشەک، بە هەمان شێوە کامێرایەکی چاودێری، دووربینێکی سەربازی و بڕێک جلوبەرگ و کەلوپەلی سەربازی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سروش سازانی، لێپرسراوی بەشی ژینگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی رایگەیاند، هۆکاری رێگری لە دروستبوونی لافاو و نەبوونی کاریگەریی نەرێنی بارانی کتوپڕ لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی پێشوەختە و ستراتیژیی خاوێنکردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان دەگەڕێتەوە.

لێپرسراوی بەشی ژینگەی شارەوانییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: "لە ناوەڕاستی مانگی ئابی رابردوودا، لەسەر پێشنیاری بەشی ژینگە و لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ پاککردنەوەی سەرجەم باراناو، مەنهۆڵ و ڕێڕەوە ئاوییەکانی زۆنی چەمچەماڵ ئەنجام دا."

ئەوەشی روونکردەوە، هەڵمەتەکە لە ماوەی یەک مانگدا و لە بەرەبەیانی زووی هەموو رۆژێکدا دوور لە چاوی کامێرا و میدیاکان، بە بێ چاوەڕوانی سوپاسگوزاری، لەسەر دەستی تیم و ژینگەپارێزانی کۆمپانیاکانی (ئانزو، گەردین و ئۆرانوس) و بە سەرپەرشتیی سەرپەرشتیارانی زۆن و چاودێرانی شارەوانییەکان ئەنجام دراوە.

ناوبراو ئاماری کارەکانی لە سنووری 43 شارەوانی بەم شێوەیە خستەڕوو:

9078 باراناو پاککراونەتەوە.

1712 مەنهۆڵ پاککراونەتەوە.

122 قەنتەرە و رێڕەوی ئاوی خاوێنکراونەتەوە.

سروش سازانی جەختیشی کردەوە، ئەم کارانە دەستکەوتێک بوون کە لە بێدەنگیدا و لە نێوەندی قەیرانی دارایی و موچەدا بە ئەنجام گەیەندراون. بە درێژایی وەرزەکانی پاییز و زستان، هەمان ئەم تیمانە بەردەوام دەبن لە شەونخونی و ئامادەباشی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی کرد لە دانيێل كرێبه‌ر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان  و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە 5ـی 10ـی 2026، لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکانیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان. قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد لە عیراق و هەرێمی کوردستان و بەپێزانینەوە ئاماژەیدا بە هاوکارییەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی کارکردنی زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە دەرگای هەرێمی کوردستان بەڕووی وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیادا کراوەیەوە و حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتەدا بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقامیەتی دەربەندیخان هاووڵاتیان و کاسبکاران ئاگادار دەکاتەوە، بە مەبەستی رێگریکردن لە بە فێرۆچونی ئاو، پێویستە سەرجەم تانکییەکانی ئاو تەواوفیان هەبێت، بە پێجەوانەوە سزای دارایی بەدوادا دێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، قائیمقامیەتی دەربەندیخان قەزای دەربەندیخان راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و هۆشداری دراوەتە هاووڵاتیان و کاسبکاران لەبەرەی بەستنی تەوافەی ئاو بۆ تانکییەکانی ئاو.

قائیمقامیەتی دەربەندیخان رایگەیاندوە، پێویستە تا رۆژی 15ـی10ـی2026 سەرجەم تانکییەکانی ئاو تەواوفیان بۆ ببەسترێت و دوای ئەو رێکەوتە، هەرشوێنێک پابەند نەبێت  روبەوڕوی سزای پێبژاردن و لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ریگریکردنە لە بەفیڕۆچونی ئاو و پاراستنی سیمای شارەکە و رێگریکردن لە تێکچوونی قیر و شۆستەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەوانی سلێمانی هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە کە سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەیی تەواودان و گەر هاووڵاتییەک پێویستی بە یارمەتیی بەپەلە بوو با پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتن بە ژمارە (100)ـەوە بکات.

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاندووە: بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا و راپۆرتەکانی کەشناسی، سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە: لە پێناوی کەمکردنەوەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە هاوکاریی بۆردی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، پێشوەختە هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی مەنهۆل، ئاوەڕۆ و کەناڵەکانی رێڕەوی ئاو لە شەقامە سەرەکییەکان، کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکاندا ئەنجامداوە و هەموو ئامادەکارییە پێویستەکانیش گیراونەتەبەر.

شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات: پابەندی رێنماییەکانی پاراستن بن و لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، دروستبوونی لافاو یان پێویستبوون بە یارمەتیی بەپەلە، راستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتن (JCC) بە ژمارە 100 بکەن، تیمەکانمان بە شێوەی 24 سەعاتی لە خزمەت و ئامادەباشیدان، بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئارامیی هاووڵاتییانی بەڕێز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، شەپۆلێكی نوێی بارانبارین روو لە هەرێم دەكات و هەورەبروسكە و رەشەبای بەهێزی لەگەڵدا دەبێت.

كەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە بە گشتی ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت لەگەڵ ئەگەری كەمێك تاوەباران لە ناوچەكانی رۆژئاوای هەرێم و ناوچەكانی باشوری عیراق.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سبەینێ سێشەممە، پلەكانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە و كەشوهەوا ناجێگیر دەبێت، سەرەتا نمەباران بەشێوەی پچڕپچڕ و مامناوەند دەستپێدەكات، كە هەندێك كات هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، سەرەتا بارانبارین لە سنوری پارێزگای دهۆك دەستپێدەكات و پاشان كاریگەرییەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەكانی سنوری پارێزگای هەولێر، هاوكات كاریگەریی شەپۆلەكە بۆ كاتەكانی شەو كەم دەبێتەوە و لەسەر سنوری پارێزگای سلێمانی بە لاوازی دەمێنێتەوە.

كەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، سبەینێ خێرایی با بە گشتی زیاد دەكات و لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری هەرێم دەگاتە سەرو و 50 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا و تا كاتەكانی ئێوارە كاریگەرییەكەی لاواز دەبێت و نامێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزەکانیان توانیویانە تیرۆریستێکی داواکراو دەستگیربکەن.

دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەشداوە، تیرۆرستە دەستگیرکراوەکە ئەندامی بەناو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووە و لە فیرقەی 210ـی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە بووە و چالاکی کردووە. 

هاوکات، باوکی لە قەزای 'ئەبو غرێب' لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، هەروەها برایەکی لە ناوچەی 'نباعی' لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، باوکی تاوانبارەکە لە ریزەکانی داعشدا لە ویلایەتی باکووری بەغداد فەرماندەی مەفرەزەی سەربازی بووە، پاشان کراوەتە والی (فەلوجە).

ئەوەشی روونکردەوە، تیرۆریستی دەستگیرکراو، پاش رووخانی داعش، رووی لە شاری سلێمانی کردووە و لەوێ نیشتەجێ بووە، لە هەمان کاتدا وەک ئەندامێکی چالاکی ڕێکخراوەکە لە سنووری سلێمانی بەردەوام بووە لە چالاکییەکانی تا ئەو کاتەی لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆرەوە دەستگیرکرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێن بوونی کۆمەڵێك گەنجی کورد لە وڵاتی لیبیایان پێگەیشت، بڕیاریاندا بە گەڕاندنەوەیان بۆ کوردستان.

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: دوای ئەوەی کە هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێك گەنج لە وڵاتی لیبیا بەدەستمان گەیشت، راستەوخۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران، کە بەپەلە رێککاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و رزگارکردن و هێنانەوەیان.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە ئێستاشدا تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە 11 گەنجەکە تەواوبووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێنرێنەوە کوردستان.
 
هاوکات ئەوەشی ئاشکراکردووە: بەشێک لەو گەنجانە هەشت مانگ لە زیندانەکانی لیبیادا بوون و لەو ماوەیەشدا، بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەهەمان کاتدا وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە هەموو هەوڵ و توانایەکیان بۆ دۆزینەوە و سۆراخی 10 هاووڵاتی دیکەی راپەرین چڕکردووەتەوە، کە ماوەیەکە بێ سەروشوێنن و بەهەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا و لەڕێگەی نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکاران رایدەگەیەنێت، بڕیاری دیاریکردنی کاتی کاری سەرتاشخانەکان لەلایەن بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانییەوە رەتکراوەتەوە و تەنها رۆژێک وەک پشوو بۆ کارکردنیان دیاری دەکرێت.

دەرون رزگار، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکاران بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ ئەو راپرسییەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی کارکردنی سەرتاشخانەکانی سلێمانی ئەنجامدرا و تێیدا زۆرینەی سەرتاشەکان دەنگیان بەوە دا بوو کاتی کارکردنیان لە سەعات هەشتیی بەیانییەوە تا هەشتی شەو بێت، لەلایەن بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانییەوە رەتکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم قۆناغەدا بڕیاردراوە تەنها رۆژێک لە هەفتەدا وەک رۆژی پشوو بۆ سەرتاشخانەکان دیاری بکرێت، بەڵام بۆ دیاریکردنی کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی کاری رۆژانەیان، خاوەن سەرتاشخانەکان خۆیان سەرپشک دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارەکانی پڕۆژەی رێگای دووسایدی دوکان-چوارقوڕنە بەردەوامە و بە رۆژ و شەو کاری تێدا دەکرێت.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرایکرد، کارەکانی پڕۆژەی رێگای دوسایدی دوکان - چوارقوڕنە بە شەو و رۆژ بەردەوامییان هەیە و قۆناغەکانی دووەم و سێیەمی پڕۆژەکە هەنگاوی گرنگیان بڕیوە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بەچڕی کار لە بەشی نێوان کانی وەتمان بۆ ناحیەی خەلەکان دەکرێت کە درێژییەکەی 14 کیلومەترە؛ سایدی لای راست لە تەواوبووندایە و هاوتەریب کارکردن لە سایدی بەرانبەریش بەردەوامە، هاوکات کارکردن لە پردی فریزەڵەش دەستی پێکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا، بە درێژایی 11 کیلومەتر لە رێگا دوسایدییەکە لە ناوچەی هیزۆپەوە بۆ کانی وەتمان تەواو کرابوو.

پڕۆژەی رێگای دوسایدی دوکان - چوارقوڕنە بە درێژایی 36.5 کیلومەترە و تێچووەکەی زیاتر لە 243 ملیار دینارە، کە لەلایەن کۆمپانیای گەردینەوە جێبەجێ دەکرێت و کارکردن لە سەرجەم بڕگەکانیدا هاوتەریب بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7891011...1015