سكاڵای هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی دووەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان وەك خۆی ماوەتەوە
کەژان
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
دادگای فیدراڵی عیراق، دەركردنی فەرمانسالاریی بۆ وەستانی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان رەتكردەوە، بەڵام سكاڵاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی دووەمی خولی شەشەمی پەرلەمان وەك خۆی ماوەتەوە.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، داواكاریی دەركردنی فەرمانسالاریی (ئەمری وەلائی) جووڵانەوەی نەوەی نوێی رەتكردەوە، پارێزەر دابان ئەحمەد جەبار روونكردنەوەیەكی یاسایی بڵاوكردەوە و جەختی كردەوە، ئەو بڕیارە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی كۆی سكاڵاكە نایەت.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەكردووە، رەتكردنەوەی فەرمانسالارییەكە تەنها رەتكردنەوەی داواكارییەكە بووە بۆ راگرتنی كاتیی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان، نەك هەڵوەشاندنەوەی بنەڕەتی سكاڵاكەی نەوەی نوێ كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2026ـی پەرلەمانی كوردستان.
ئەو پارێزەرە روونیشی كردووەتەوە، بنەڕەتی سكاڵاكە تاوەكو ئێستا لە دادگای فیدراڵی یەكلانەبووەتەوە و پرۆسەی دادبینی تێیدا بەردەوام دەبێت، هەروەها جەختی لەوەشكردووەتەوە، بڕیاری رەتكردنەوەی فەرمانسالارییەكە بڕیاری كۆتایی نییە و لە رووی یاساییەوە قابیلی تانەلێدانە لە ڕێگەی پێشكەشكردنی داواكاریی ستەمدارییەوە.


