قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی جەخت لە بەردەوامی و چڕکردنەوەی چاودێریی بازاڕەکان دەکاتەوە و هۆشداری دەداتە بازرگانان و کاسبکاران لە هەر هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و شتومەکە بنەڕەتییەکان.
فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت رایگەیاند؛ لە رێگەی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام بەدواداچوون لە ناو بازاڕەکاندا دەکەن بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان و رێگریکردن لە قۆستنەوەی بڕیارەکەی حکومەتی عیراق بۆ گرانکردنی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان.
قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری دیاریکردنی بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 150 هەزار دینار لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بڕیارێکی کتوپڕ بووە، بەڵام سەرجەم ئەو کاڵا و شتومەکانەی ئێستا لە بازاڕەکاندا بەردەستن، بە نرخی پێش بڕیارەکە هاوردە کراون، بەوهۆیەوە بە هیچ جۆرێک رێگە نادرێت نرخەکانیان بەرز بکرێنەوە.
جەختیشی کردەوە، رۆژانە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە لیستی نوێی نرخەکانیان بەدەست دەگات و لەسەر ئاستی سەرجەم بازاڕەکان چاودێریی دەکەن، هۆشداریشی دا کە هەر کاسبکار یان بازرگانێک سەرپێچی بکات و نرخەکان بەرز بکاتەوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی و لێپێچینەوەی توند دەکرێتەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی سەوزکردنی یەکتربڕی "تۆفیق وەهبی بەگ" لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، سبەی پێنجشەممە سەعات 10ـی پێشنیوەڕۆ، بە کردەیی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
ئاشکراشیکرد، کاری سەوزکردنی ئەم یەکتربڕە لەسەر رووبەری 43 هەزار مەتر دووجا، لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار و بە سەرپەرشتی و چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "هەفتەی مام"دایە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشدارییەک ئاراستەی سەرجەم فەرمانبەران، هاووڵاتییان و نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەکات و رایدەگەیەنێت، کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران بەرلە تەواوبوونی مامەڵە یاساییەکانیان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، تێبینی کراوە هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەوییان بۆ دەرچووە یان زەوییەکانیان بە شێوەی کارتە، دەستیان کردووە بە کڕین و فرۆشتن؛ شارەوانی جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە بە تەواوی پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی.
شارەوانیی هەولێر جەختیشیکردووەتەوە، تا ئەو کاتەی سەرجەم مامەڵە و رێکارە یاساییەکان تەواو نەبن و وێنەی تۆماری رەسمی 'تاپۆ' وەرنەگیرێت، هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن دانپێدانراو نییە و نوسینگەکانی خانووبەرەش لە ئەنجامدانی کەوتنی هەر سەرپێچییەک بەرپرسیار دەبن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆی 82 هەزار ناوی فەرمانبەرانی سنوری شاری هەولێر، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا 55 هەزار فەرمانبەر زەوییان پێدراوە و کارکردنیش لەسەر قۆناغەکانی تر بەردەوامە.
سبەینێ موچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجدەکرێت و وردبینی لە لسیتی موچەش کۆتایی هاتووە.
بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەرچاوەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ کوردسات نیوز ئاشکرایکردووە، وردبینی لە لیستی موچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو بووە و چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ تەمویلی موچە بکرێت.
وتیشی، ئەمرۆ بەهۆی کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی رەمسی نەتوانرا موچەی فەرمانبەران تەمویل بکرێت، سبەینێ لەگەڵ دەستپێکردنی دەوام رێکارەکانی تەمویلکردنی موچە دەستپێدەکات.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی فیدراڵ موچەی زۆربەی وەزارەتەکانی خۆی دابەشکردووە.
لە رۆژی نەتەوەیی تورکماندا، قوباد تاڵەبانی سەردانی نووسینگەی بەرەی تورکمانی کردووە لە هەولێر و دەشڵێت، "تورکمانەکان پێكهاتەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عیراقن و پشتیوانی لە دابینکردنی هەموو مافەکانیان دەکەین".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندووە: ئەمڕۆ لە رۆژی نەتەوەیی تورکماندا سەردانی نووسینگەی بەرەی تورکمانیم کرد لە هەولێر و پیرۆزبایی بۆنەکەم لێ کردن. تورکمانەکان پێكهاتەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عیراقن و پشتیوانی لە دابینکردنی هەموو مافەکانیان دەکەین.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: ئێمە شانازی بە کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە کوردستان دەکەین. هەروەها شانازیش دەکەین کە وەک کورد هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانی هەموو پێكهاتەکان بووین لە عیراقدا.
سەبارەت بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "سەرۆک مام جەلال بەبێ جیاوازی هەوڵی پاراستن و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان و لەناویشیاندا پێکهاتەی تورکمانی دەدا و ئێمەش لەسەر ئەم رێبازە بەردەوامین".
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 24 سەعاتدا هەردوو بکوژی هاوڵاتییەکەی شاری سلێمانییان دەستگیرکرد و لە ئێستادا بە گوێرەی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عیراقی راگیراون.
دەزگای ئاسایشی هەریم لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندوە، لەدوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی بەردەوام توانیان بکوژی سەرەکی و هاوکارەکەی لەئەنجامدانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتی (محەمەد ئەحمەد حەمەئەمین) ناسراو بە محەمەد مەلای مامە گەورەی پێنجوێنی دەستگیربکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتباران بەمادەی(406)لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.
جێ باسە، درەنگانێکی شەوی 5ـی10ـی 2026 سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاندبو، لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی تەرمی محەمەد مەلای مامە گەورە پێنجوێنی بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک کەرکوک و دەوروبەری هەژاند، دەستەی کەشناسی و چاودێری بومەلەرزەزانی عیراقیش رایگەیاند، بومەلەرزەکە لە دوری 25 کیلۆمەتر لە باکوری کەرکوک بووە.
عەلی عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی بومەلەرزە راگەیاند، سەعات 7:30ـی بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.5 پلە بە پێوەری رێختەر لە ناوچەکانی باکوری کەرکوک رویداوە.
ئاسۆ ئەحمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە ناو کەرکوک هاووڵاتییان هەستیان بە بومەلەرزەکە کردوە و لایەنی حکومیش هیچ راپۆرتێکی سەبارەت بە زیانی گیانی یان مادی بڵاونەکردوەتەوە.
لە هەولێر، زانکۆی سەلاحەدین ناوی تەواوی ئەو بەشانەی زانکۆکەی بڵاوکردووەتەوە کە لە رێگەی فۆرمی راستەوخۆوە خوێندکاران و پێشکەشکاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن و وەربگیرێن.
د. سامان عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، دەرچووانی پۆلی 12 دەتوانن لە سبەینێوە کە دەکاتە رۆژی چوارشەممە، تا رێککەوتی 15ـی 10ـی 2026 سەردانی تۆماری ئەم کۆلێژانە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی فۆڕمی راستەوخۆ.
هاوکات، راشیگەیاندووە، کۆلێژ و بەشەکان پێکهاتوون لە:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لەبارەی بڕانی کارەباوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: هاووڵاتیان ئاگاداردەكەینەوە كە رۆژانە هەندێك ماڵ كارەبایان دەكوژێتەوە
دەقی راگەیەنراوەکە:
هاوڵاتیان ئاگاداردەكەینەوە كە رۆژانە هەندێك ماڵ كارەبایان دەكوژێتەوە، بەهۆی یەكێك لەم حاڵەتانەی خوارەوەیە و خاڵ بە خاڵ روونیدەکەینەوە بۆ ئەوەی تووشی کارەبا بڕین نەبن:-
1- دوای دەرچوونی پسوڵەی مانگانە و دوای (50) رۆژ لە دابەزینی لە سيستمى (ئيندراو) و (ئی پسولە)، ئەگەر هاوبەشەكە پارەنەدات كارەباكەی دەكوژێتەوە، كە پارەكەی دا لە ماوەی (24) سەعاتدا كارەباكەی هەڵدەبێتەوە، له حاڵەتى هەڵنەبوونەوەی کارەباکەی پێویستە پەیوەندی بە ژمارە (1992) بكات و ئاگاداريان بكاتەوە كه پارەی کارەبای رادەستکردووە و کارەبای بۆ نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی راستەوەخۆ لەڕێگەی سیستمەکەوە کارەبای بۆ بگەڕێننەوە يان لەلایەن تیمی تایبەت سەردان دەكرێت و کارەبای بۆ هەڵدەکرێتەوە.
2- ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە پێوەری زیرەكیان هەیە و لینك نەكراوە، تیمێكی تایبەت سەردانیان دەكات بۆ (لینك) كردن، ئەگەر هاوبەشەكە لە ماڵ نەبوو (پسوڵەی ئاگاداری پێدەدرێت) و پێویستە پەیوەندی بە ژمارەی (1992) بكات و زانیارییەكان تۆماربكەن،بۆئەوەی توشی پچڕانی کارەبا نەبن؛ ئەگەریش لە کاتی سەردانی تیمەکان بۆ لینک کردن هاوكاری تیمەكان بن كارەبایان نابڕدرێت، بەپێچەوانەوەشەوە كارەبایان دەبڕدرێت.
3- ئەو شوێنانەی كە كارەبایان هەیە، بەڵام بە رەسمی هاوبەشیی كارەبایان نەكردوەتەوە، ئەمانەش كارەبایان دەكوژێتەوە تا ئەو كاتەی هاوبەشیی دەكەن و دواتر كارەبایان هەڵدەبێتەوە.
4- ئەو شوێنانەی كارەبایان (سواپە) و دواتر لینکی پێوەری زیرەکیان بۆ کراوە، واتە لەگەڵ ماڵی دراوسێیان تێكەڵاوبوون روویداوە و دوای سەردانیكردن كێشەكەیان چارەسەر دەكرێت و كارەبایان هەڵدەبێتەوە.
هەروەها هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە تا ئيستا كارەبا بڕین له سه ر قەرز نییە، بەڵكو لەسەر پارەدانی مانگانەیە، بەڵام دوای كۆتایی هاتنی ماوەی لێخۆشبوون كە لە 18ـی 10ـی 2026 كۆتایی دێت، قەرزی كۆن دەكرێت بە قیستی مانگانە و بە ئیجباری وەردەگیرێتەوە و هەمان ماوەی (50) رۆژی پارەدانی كارەبای مانگانەی بەسەردا جێبەجێدەكـرێت و كارەبای دەكوژێتەوە.
هەروەها هاوڵاتیان دڵنیادەكەینەوە كە بەردەوام رۆژانە تا سەعات 12ی شەو تیمی تایبەت ئامادەیە بۆ هەڵكردنەوەی كارەبای ئەو ماڵانەی كە نەتوانراوە لە ماوەی (24) سەعاتدا هەڵبێتەوە.
هەروەها بۆ ئەوەی رێگری بکەیت لە بڕینی کارەباکەت تکایە :-
1- مانگانە لەکاتی خۆیدا پێش ئەوەی کارەبات ببڕدرێت پارەی کارەباکەرەت بدە.
2- سەیری پسوڵەی کارەباکەت بکە، ئەگەر بە پێوەری کلاسیک پارەت بۆ دێتەوە و پێوەری زیرەکت هەیە، خۆت سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکە بۆ ئەوەی پێوەرەکەت بۆ لینک بکرێت.
3- ئەگەر کارەبات هەیە و هاوبەشیت نییە، پێش ئەوەی توشی کارەبا بڕام بیت، بەرەس،ی هاوبەشیی بکەرەوە بۆ ماڵ، دوکان، باخ یان هەر جۆرە پۆلێکە.
راگەیاندنی
بەرێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی
بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی شاری سلێمانی کۆبووەوە بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی 10ـی 2026، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەشتی عەتا محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە و جێگری پارێزگاری سلێمانی و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان راپەڕین و سەرۆکی شارەوانییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و رانیە و کەلار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی شارەوانییەکان و ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبان و بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئاودێری سلێمانی و گەرمیان بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە مەبەستی ئامادەکاریی بوو بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ و رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی دروستبوونی لافاو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دابینکردنی بودجە و پێداویستی بەڕێوەبەرایەتییەکان کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو و پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و لابردنی زیادەڕۆییەکانی بەردەم رێڕەوەکانی ئاو.
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، "وەزیری دارایی عیراق بڕیاریداوە 63 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان بکرێنە هەمیشەیی".
عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لە هەژماری رەسمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاندووە: وەزیری دارایی عیراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی 63 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027 و لە گرێبەستەوە بکرێن هەمیشەیی.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە سەرۆک و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی سامانە سروشتییەکان و پێشمەرگە پێکهاتووە سەردانی بەغداد بکات.
ئامانجی سەردانەکە کۆبوونەوەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکان و دەستەبەرکردنی شایستەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027.
لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکان ئامادەیی هەرێم بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ئەرکە دارایی و نەوتییەکانی تا هیچ بیانوویەک بۆ بڕین یان دواخستنی شایستەکان نەمێنێتەوە.
هەروەها مافی موچەخۆران و توێژەکان دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران پێشمەرگە ئاسایش خانەنشینان کەسوکاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی.
و هاوتاکردن و دوورخستنەوە لە خەرجیی راستەقینە جێگیرکردنی مافەکانی هەرێم بە شێوەیەکی یاسایی روون تا هاوتای پارێزگاکانی تری عیراق بن هەروەها دوورخستنەوەی موچە لە پێوەری خەرجیی راستەقینە و دانانی میکانیزمێکی راستەوخۆ بۆ ناردنی.
سبەینێ وەفدێکی باڵای هەرێم سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە دارایی و نەوتییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027 کۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاندوە، وەفدێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆک و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە دەچنە بەغداد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاندوە، ئامانجی سەردانەکە کۆبوونەوەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە دارایی و نەوتییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027.
بە گوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان، موچە و شایستەکانی موچەخۆران، هێزە ئەمنییەکان، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، و بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنانن.
هەروەها پاراستنی یاساییی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هاوتاکردنیان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عیراق بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت؛ بەدورگرتنی موچە و شایستە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجیی راستەقینە» و نەهێشتنی بەربەستەکان بۆ ناردنی بەردەوامی شایستە دارایییەکانیش لەگەڵ وەزارتی دارایی عیراقدا تاوتوێ دەکرێت.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی نوخشە ناسیح، پرۆژەیەکی هاوکاریی بژێویی تاکەکەسی دەرفەتی کار بۆ 350 گەنجی سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەرەخسێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، پارێزگاری هەڵەبجە راگەیەندراویکی بڵاوکردوەتەوە و تێدا هاتووە؛ پرۆژەکە لەلایەن رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)ەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت، چەندین تەوەری گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە؛ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووکەکان، راهێنانی پیشەیی و دواترخستنەسەرکار.
هەروەها فراوانکردنی پڕۆژە ئابورییەکان و دابینکردنی پارەی کاش بەرانبەر کار بۆ گەنجەکانی سنورەکە.
ئاماژەی بەوەشکراوە، سەرەڕای سوودمەندبونی راستەوخۆی گەنجانی بێکار لەم دەرکەوتە، هاوکات چەندین سێکتەری خزمەتگوزاری لە سنورەکە، وەک کشتوکاڵ، پەروەردە و بەشی باخچەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی لە بەرهەم و ئەنجامەکانی ئەم پڕۆژەیە سوودمند دەبن.
لای خۆیەوە، نوخشە ناسیحی پارێزگار سوپاس و دەستخۆشی لە رێکخراوی (IOM) کرد لەپای بەردەوامی پاڵپشتییەکانیان بۆ رەخساندنی هەلی کار و جێبەجێکردنی پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگاکەدا و داواشێ کرد بەردەوامبێت لەو هاوکاریی و پشتیوانییە.
وەزیری دارایی عیراق کاتی دەستپێکردنی رێکارەکانی ناردنی موچەی مانگی 9ـی هەرێمی بە ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران وتووە.
بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق بە ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی وتووە، رۆژی پێنجشەممە دەست بە رێکارەکانی ناردنی موچەی مانگی 9ـی هەرێم دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی 15 تا 19ـی 9ـی 2026 دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 8ـی هەرێم کرا و تا ئێستا موچەی مانگی 9 دابەشنەکراوە.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەستکەوتێکی گەورەی مێژووییە و هەوڵ دەدەین موچەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عیراقدا هاوتا بکرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ بریکار و بەڕێوەبەران و راوێژکارانی باڵای وەزارەتەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی وەسف کرد کە نەک تەنها هاوڵاتییانی کوردستانی دڵخۆش کرد، بەڵکو وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانیش بەم هەنگاوە دڵخۆش بوون. جێگری سەرۆکوەزیران بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە وەزیری پێشمەرگە و بریکار و بەڕێوەبەران و فەرماندەکان و راوێژکاران و هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد بەشداربوون لە هەوڵەکانی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانییە و جەختیشی کردەوە وەک حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکەن بۆ پێشخستنی زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا ئەم قۆناغە قۆناغی راهێنان و پڕچەککردنی زیاتری هێزی پێشمەرگەیە و لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدەن نوێنەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربێت لەو لیژنەیەی حکومەتی هەرێم کە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی حکومەتی فیدڕاڵ پێکهاتووە، بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت ماف و شایستەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە بودجەی فیدراڵی جێگیر بکرێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند بە هەموو تواناوە کار دەکەن بۆ هاوتاکانی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق، جگە لەوەش هەوڵ دەدەن بەپێی دەستوور هەر هەوڵێک بۆ پڕچەککردنی سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگەش بگرێتەوە.