لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گرت کە گومان دەکرێت بە ئاوی قورس ئاودرابێت.

لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانیاندا بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی، لە ناوچەی عەربەت لەسەر چەمی تانجەرۆ، سەردانی کێڵگەیەکی کشتوکاڵییان کرد کە بەرهەمی برنجی تێدا چێندراوە.

بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیش لەو بارەیەوە رایگەیاند: دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت لەسەر بوونی کێڵگەیەکی برنج لە سنوری عەربەت لەسەر چەمی تانجەرۆ، دەستبەجێ تیمەکانمان سەردانی شوێنەکەیان کرد، چونکە گومانی ئەوە دەکرێت ئەم بەرهەمە بە ئاوی قورس (ئاوەڕۆ) ئاودرابێت، کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیان هەیە.

سەرۆکی لیژنەهاوبەشەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندەوە، نموونە (سامپڵ) لە برنجەکە وەرگیراوە بۆ ئەوەی لە تاقیگە پشکنینی وردی بۆ بکرێت.

بابان ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە: بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین بەرهەمێک بخرێتە بازاڕەوە کە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان بگەیەنێت، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەین، ئەگەر دەرکەوت برنجەکە لە پشکنین دەرنەچووە و گونجاو نییە بۆ خواردن، ئەوا بڕیاری لەناوبردنی تەواوی بەرهەمی کێڵگەکە دەدرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.