لەتیف نێروەیی: لەتكردنی پەرلەمان لەتكردنی ئیرادەی گەلی كوردستانە
ئاکام , ئوسامە ئەبوبەکر
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە لەتکردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەشڵێت، "لەتكردنی پەرلەمان بەكردەیی بە مانای لەتكردنی ئیرادەی گەلی كوردستان دێت".
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، لەتكردنی پەرلەمان یەكێكە لە هەڵوێستە سەیر وسەمەرەكانی جیهانی سیاسەت و بە دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی لەقەڵەم بدرێت كەچی داواكردنی دابەشكردنی دەسەڵات و نەهێشتنی جیاكاری لەنێوان پارێزگاكاندا بە خیانەت تۆمەتبار بكرێت.
وتیشی، دابەشكردنی دەسەڵات زۆر جیاوازە لە دابەشكردنی هەرێم و لەتكردنی پەرلەمان بەكردەیی بە مانای لەتكردنی ئیرادەی گەلی كوردستان دێت و هەموو ئەو روداو و دەرهاویشتانەی لەدوای ئەو بڕیارە هەڵەیەوە لە هەرێمدا روودەدەن كاریگەریی راستەوخۆی ئەو بڕیارەن.
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی دەشڵێت، سەرجەم رەهەندەكانی هەرێمی كوردستانیان خستووەتە قەیران و ئاڵۆزیەوە و بە تەخوینكردن و تۆمەتباركردنی لایەنی بەرانبەر و هەوڵی چەواشەكاری، مەحاڵە ئەم گرێ ئاڵۆزانە بكرێنەوە.



