بەغداد رەزامەندیی لەسەر ناردنی نەوتی سپی و غازی ماڵان بۆ سلێمانی دەربڕی، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانیش دەڵێت؛ بەمنزیكانە دەگاتە سلێمانی.

لە هەنگاوێكدا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووتەمەنی و دابەزاندنی نرخەكەی لە بازاڕەكاندا، پارێزگاری سلێمانی بە نووسراوی رەسمی داوای دابینكردنی بڕێكی زۆری نەوتی سپی و غازی ماڵانی لە حكوومەتی عیراق كردووە و چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا بگاتە شارەكە.

محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانییش لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردسات نیوزی راگەیاند، داوای دابینكردنی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی سپی و 260 تەن غازی ماڵان لە بەغداد كراوە و رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی عیراقیان بۆ وەرگیراوە.

بە وتەی بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی، ئەو كۆمپانیایەی ئەركی گواستنەوەی نەوتەكەی پێسپێردراوە دەستنیشان كراوە و تەنها چەند ڕێكارێكی یاسایی بۆ پێدانی مۆڵەت بە بارهەڵگرەكان ماون؛ پێشبینیش دەكرێت لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بەشە سووتەمەنییەكە بگاتە سلێمانی.

ئەم هەوڵانە لە كاتێكدایە لەگەڵ هاتنی شەپۆلی سەرما و كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی، خواست لەسەر سووتەمەنی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە هەندێك شار و شارۆچكە نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی بگاتە نزیكەی 400 هەزار دینار و نرخی غازی ماڵانیش دوو هێندە بەرز ببێتەوە.