سەرەتای هەفتەی داهاتوو حكومەتی عیراق نەوتی سپی رەوانەی سلێمانی و هەڵەبجە دەكات و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز رایگەیاند، سەرجەم رێكارەكانی ناردنی نەوتی سپیی ماڵان لە بەغداوە بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كۆتاییان هاتووە و بڕیارە رۆژانی هەینی و شەممە رەوانەی سلێمانی بكرێت، تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

پێشتریش سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی ڕاگەیاندبوو، بڕی ئەو نەوتەی دەگاتە سلێمانی 20 ملیۆن و 500 هەزار لیترە، كە بۆ هەر خێزانێك بڕی 100 لیتر بە نرخی 31 هەزار دینار دابەش دەكرێت. پرۆسەكەش سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان و لە ناوشاریش لە مەڵبەندی ٨ەوە دەستپێدەكات.