ئەو کارمەندی ئاسایشەی لە قەزای چەمچەماڵ تەقەی لێکرا دوای مانەوەی رۆژێک لە نەخۆشخانە شەهید بوو.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەو کارمەندەی ئاسایش کە چەکدارێکی سەر بە هێزێکی پارتی لە چەمچەماڵ تەقەی لێکرد، کەمێک پێش ئێستا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.
ئاکۆ سابیر حەمە رەزا کارمەندی ئاسایشی رۆژئاوا، دوێنێ لە روداوێکی تەقەکردندا لە قەزای چەمچەماڵ، لەلایەن چەکدارێکەوە تەقەی لێکرا و دوای ماوەیەک مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو، هەر بەهۆی روداوەکەوە دوو کارمەندی دیکەی ئاسایش کە هاوکاری زیانلێکەوتووان و خەڵکی چەمچەماڵیان دەکرد برینداربوون.
رەوشی زیانلێکەوتوانی قەزای چەمچەماڵ و شارەکە بە گشتی قۆناغ بە قۆناغ ئاسایی دەکرێتەوە و لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند: بارودۆخەکە لە چەمچەماڵ ئاسایی بووەتەوە.
عەتا محەمەد لێپرسراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەلێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، لە دوای لافاوەكە قۆناغ بە قۆناغ رەوشی شارەكە ئاسایی دەبێتەوە و هاووڵاتییانیش زۆر بەباشی بەدەم پلانەكانی كۆمیسیۆنی فریاگوزارییەوە دەچن، وتیشی، پاككردنەوەی ناوشاری چەمچەماڵ 90%ی تەواو بووە و دابەشكردنی ئاوی ماڵانیش دەستپێكردووەتەوە.
وتیشی، قوباد تاڵەبانی سات بە سات لەسەر هێڵە و چاودێری رەوشەکە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەکات و بەردەوام پێشنیاز و رێنماییمان پێدەدات بۆ ئاسایکردنەوەی رەوشەکە.
سەبارەت روداوی تەقەکردنەکەی دوێنێی قەزای چەمچەماڵ، عەتا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد،، لەگەڵ ئەوەی دوێنێ چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەداخەوە سێ کارمەند بریندار بوون، کە تەندروستی کارمەندێکیان ناجێگیرە، بەڵام تەقەکەرەکان دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا بارانبارین بەردەوام دەبێت و لەناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی پچڕ پچڕی بەردەوام تا ئێوارە، هەروەها ئەگەری بەفربارینێکی کەم لە ناوچە شاخاویە سنوریەکان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ یەکشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت پاشان بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت، هاوکات ئەگەری بارینی نمە باران هەیە بە تایبەتی لە هەندێ ناوچە لە رۆژهەڵاتی هەرێم .
کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، پلەکانی کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی
دهۆک : 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 13 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 17 پلەی سیلیزی
لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی بەهۆی لێچوونی غازەوە تەقینەوەیەک لە مالێکدا رویدا و بەهۆیەوە کەسێک برینداربووە.
ئەمیر محەمەد پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی ئاوبارەی سلێمانی تەقینەوەیەک لە مالێکدا رویدا، بەهۆشیەوە پیاوێک برینداربووە.
وتیشی، لە ماڵەکەدا تەنها ئەو پیاوەی لێبووە و کە برینداربووە و هیچ زیانێکی دیکەی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بە ماڵەکە گەیشتووە.
چەند شایەحاڵێکی روداوەکە بۆ کوردسات نیوز رایانگەیاند، تەقینەوەکە سەعات 7:35 دەقەی ئەم بەیانییە رویداوە و دەنگێکی بەهێزی هەبووە.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ و كەلار و ناوچەكانی تری گەرمیان، بۆنەیەك نین بۆ دەرخستنی رقی سیاسی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان، دەبێت میدیا جیاوازی بكات لە نێوان هاوپشتی لێقەوماوان و بانگەشەی سیاسی و حزبی.
سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى رۆژنامەنووسان لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، كاری میدیا لەكاتی كارەساتی وەك لافاو، پێدانی زانیارییە لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای ناوچەكە، رێڕەوەكانی لافاو و مەترسی سەرهەڵدانەوەی، هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەكانی، هەروەها ئاسانكاری پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و دەزگای رەسمی و رێكخراوە خێرخوازەكان، دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی زیان لێكەوتوو، نەك گوتاری سیاسی بێزاركەر و دووبارەی سەردەمی بانگەشەكانی هەڵبژادن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەكارهێنانی ئەم كارەساتە مرۆییە بۆ قازانجی حزبی یان ئەجێندای سیاسی، تەنیا پێشێلكردنی ئەخلاقی رۆژنامەوانی نییە، بەڵكو بێ بایەخكردنی ئازارەكانی خەڵكی لێقەوماوە كە قوڕ و لیتەی لافاوەكە ژیانی گەمارۆ داون، شەرم بكەن.
سەنتەری میترۆ داوا دەکات حكومەت بە بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی هەستێت، بە تایبەتیش كە پێشبینی شەپۆلی تری بارانی بەخوڕ دەكرێت، ئێستا كاتی خۆدزینەوە و پاسا و نییە، كاتی موزایەداتی سیاسی نییە، كاتی كاری مەیدانی و هەماهەنگی كاریگەرە، بە تایبەتیش كارەساتەكە دەریخست توێژێكی پەراوێزخراوی بێ ماف چۆن ژیانیان بەسەر بردووە.
راشیگەیاند سەنتەری میترۆ بە رێزەوە دەڕوانێتە كەمپین و هەوڵی رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ بەهاناوە چوونی لێقەوماوان.
ئەوەشی خستەڕوو، چاودێری كارەكانی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی چەمچەماڵ دەكەن، كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی قەیران و قەرەبووكردنەوەی دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمییەكان، پێكهێناوە، داوا لە رۆژنامەنووسان دەكەین وەك سەرچاوەی رەسمی هەمئاهەنگی لەگەڵ بكەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، سوپاسی ئەفسەر و کارمەندانی دەکات و هەوڵ ماندبوونیان بەرزدەنرخێنێت کە توانیان هاوکاری بەردەوامی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ بن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، سەرەڕای جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان بۆ ئەنجامدانی کاری مرۆیی و لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و رزگارکردنی خەڵکی چەمچەماڵ و دەووروبەری لەو روداوە سروشتییەی کە خەڵکی چەمچەماڵی گرتەوە، وەک قەڵغانێک چوون بەدەم هاوکاری خەڵک و تیمە خزمەتگوزارییەکان و چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی ڕێکخراوەکان و ئەوکەسانەی هەڵمەتی هاوکاریکردنیان راگەیاند.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەم ئەرک و ماندبوونە بۆ خزمەتی خەڵک ئەمڕۆ دەستێکی رەش پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوایدا، بووە هۆی برینداربوونی سێ كارمەندى ئاسايش و لێکۆڵينەوه لەو بابەتە بەردەوامه.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە 10 ملیار دینار بووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، لە رۆژی 6ـی 12ـی2025 تا 12ـی ئەم مانگە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، لە 10 ملیار و 573 ملیۆن و 171 هەزار دینار بووە.
هەر بەپێی داتای ماڵپەڕی شەفافیەت، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی 2 ملیار دینار داهاتی نانەوتی کەمتر بووە.
جێگەی ئاماژەیە، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلێکدا لە تونێلی پیرمام لە سنوری هەولێر، شۆفێر و سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا.
موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی هەینی لە تونێلی پیرمام ئۆتۆمبێلێکی تایبەت گڕیگرتووە، بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینێک کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەوە گیانیان لەدەستداوە.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە، چونکە لە سەرەتای روداوەکەوە ئاگادارنەکراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو هاووڵاتییەی لە روداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، هەردووکیان کوردن و بران.
لە سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەڵێن دەدەن وەفاداربن بۆ قوربانییەکانی.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "بە شکۆوە سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بەرز رادەگرین و بۆ هەمیشە یاد و یادەوەرییەکانی لەلامان بە زیندوویی دەمێنێتەوە".
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "فەرماندە ئاکام لەپێناو سەرفرازی گەلەکەمان گیانی بەختکرد و بەتەمەنێکی کەمەوە مێژوویەکی پڕشانازی تۆمارکرد".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیکردەوە، "بەڵێن دەدەین وەفاداربین بۆ قوربانییەکانی و ئەوەی بەرنامەی بۆ دانابوو بە ئەمانەتەوە جێبەجێی بکەین".
لە کۆتاییدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی دروود و سڵاوی بۆ گیانی پاکی فەرماندە ئاکام و هاوڕێکانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نارد.
قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووەوە ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە، لە سبەینێوە دەتوانن سەردانی لیژنەی تایبەتمەند بکەن بۆ تۆمارکردنی زیانەکانیان.
بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ژمارە (4422) و بە ئیمزای رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دەرچووە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە مەبەستی تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەهۆی لافاوی رۆژی (9/12/2025)ـەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە فەرمانەکەدا هاتووە، لیژنەکە لەسەر فەرمانی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێکهێنراوە و نوێنەرانی (هاتوچۆ، قایمقامیەت، پۆلیس، ئاسایش و بەرگری شارستانی) تێیدا ئەندامن.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات کە ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە، سبەی هەینی سەعات (9:00)ـی سەرلەبەیانی تاوەکو کۆتایی هەفتە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ بکەن، بە مەبەستی تۆمارکردنی زیانەکانیان لەلایەن لیژنەکەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە کونسوڵی بەریتانیا و رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بە مەرجی "هاوبەشیی راستەقینە"، هاوکات پلانی حکومەت بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد. دۆسیەی لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە بوون.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کرد. لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دا کە حکومەت دەستەوەستان نابێت و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی: "هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر روداوێکی هاوشێوە لە داهاتوودا."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکان بەرەو پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم و عیراق وەرچەرخان.
سەبارەت بە کابینەی نوێی هەرێم، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی هەڵوێستی حزبەکەی بۆ کونسوڵی بەریتانیا روونکردەوە و جەختیکردەوە، یەکێتی دەرگای دانەخستووە و ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام بە دیدێکی روونەوە کە بریتییە لە "پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کوردستان بکات".
سەبارەت بە بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ پایتەختی عیراق کرد و رایگەیاند، دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ لایەنە عیراقییەکان روونکراوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی وتی: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، حکومەتێک کە بتوانێت کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە لێکتێگەیشتن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکات".
بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ، لیژنەی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكانی لافاوەكەی چەند رۆژی رابردوو پێكهێنراوە و زیانە گیانیانیەكانیش سێ حاڵەتی گیان لەدەستدان و 12 برینداربوون بووە .
سەركەوت كارەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند ، لە چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم تیمەكانی بەرگری شارستانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوون بۆ بەهاناوەچونی هاووڵاتیان و وتی ، زیانەكان زۆرن و لە ئێستادا لیژنەی تایبەتمەند بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكان پێكهێنراوە و دواتر بۆ رای گشتی رادەگەیەنرێت .
زیانە گیانییەكانیش بەهۆی لافاوەكەوە 3 حاڵەتی گیان لەدەستدان بوە لە گەرمیان و چەمچەماڵ و ناحیەی شۆرش و 12 برینداریش لە سنوری قەزای چەمچەماڵ هەبووە .
عومرەکارێکی کورد لە شاری مەککە کۆچی دواییکرد، کە هاووڵاتییەکی شاری دهۆکە و تەمەنی 64 ساڵە.
كاروان ستونی وتهبێژی حهج وعومرهی كوردستان بە کوردسات نیوزی راگهیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ عومرەکارێکی کورد بەناوی 'مەجید ئەحمەد عەبدوڵا'، لە سعودیە کۆچی دواییکرد.
وتیشی، ئەم عومرەکارە خەڵکی شاری دهۆكه، تهمهنی له سهرووی 64 ساڵییهوه بووه، ئهمرۆ له شاری مهككه كۆچیدوایی كردووه و بڕیاریشە هەر لە شاری مەککە بەخاک بسپێردرێت.
کاروان ستونی ئەوەشی خستەڕوو، بهوتهی كهسوكارهكهی له گهڵدا هاوسهفهربوون ئهم عومرهكاره پێشتر له كوردستان نهشتهرگهری چاندنی گورچیلهی بۆ ئهنجام دراوه و تهندروستی جێگیر بووه، دوای گهشتكردنی بۆ سعودیه له شاری مهككه تووشی جهڵتهی دڵ دهبێت و دوای مانهوهی بۆ ماوهی حەوت سەعات له نهخۆشخانهیەکی مهككه كۆچی دوایی دهكات.
هاوکات بەپێی ئامارەکانی حەج و عومرەی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە دوازدەهەمین عورەکاری کوردستانە لە سعودییە کۆچی دواییکردووە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا باران بارین دەستپێدەکات و ئەگەری بەفربارینیش هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت لەکاتەکانی دوایی نیوەرۆ تا ئێوارە ئەگەری نمە بارانی کەم کەم هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری ئیدارەی سۆران بڕێكی کەم بەفر دەبارێت .
کەشناسی هەڕێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینی هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەکاتەکانی بەیانی زوو نمە باران لەناوچە سنوریەکانی رۆژئاوا و ناوچە شاخاویەکانی باکور دەست پێدەکات.
راشیگەیاند، پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم هەروەها بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان دەبارێت زیاتر لەناوچە سنوریەکان.
کەشناسی ئاشکراشیکرد، کاریگەری ئەم شەپۆلە دابارینە بەردەوامی دەبێت بۆ رۆژی شەممە بەتایبەتی لەناوچەکانی سنوری رۆژهەڵات (پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە).
لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی مەکتەبی ئیدارەو دارایی گشتی یەکێتی، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لەتەواوی شەقام و کۆڵانەکان شاری چەمچەماڵ دەستیپێكرد بۆ بە هاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی شارەکە و پاککردنەوەی شارەکە.
نەهرۆ محەمەد نوێنەری ئیدارە دارایی گشتی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، هەڵمەتی پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکرد.
وتیشی، بە زیاتر لە 250 کارمەند و 110 ئامێر هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە، دەشڵێت؛ تیمەکانیان لە هەموو شوێنەکان دەستبەکاربوونەوە.
نوێنەری ئیدارە دارایی گشتی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ئەمڕۆ هەموو ناوچەکان پاکدەکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە روو لە لاوازبوون دەکات، بەڵام نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راپۆرتێکدا کە وێنەیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمشەو و سبەی پێنجشەممە هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی ناسەقامگیرییەکی لاوازی نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، پێشبینی نمەبارانی پچڕپچڕ دەکرێت بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵات.
کەشناسی روونیکردووەتەوە، لە سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نمەباران دەبارێت و پێشبینی دەکرێت بەیانیی سبەی پێنجشەممە لە ناوچەکانی قەسرۆک و بەردەڕەش زۆرترین بڕ ببارێت کە دەگاتە نزیکەی 4 بۆ 6 ملم.
سەبارەت بە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک و ئیدارەکانی سۆران، راپەڕین و گەرمیان، پێشبینی کەمترین بڕی نمەباران دەکرێت کە لە نێوان 0.2 بۆ 1 ملم دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا رۆژی هەینی روو لە کەمبوونەوە دەکات و لەو ماوەیەشدا پلەکانی گەرما گۆڕانکاریی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت.