کوردستانکوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی تایبەت بە زیانەکانی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی بڵاوکردەوە و ئاشکرای دەکات، جگە لە زیانی ماددیی زۆر، لە چەمچەماڵ، گەرمیان و کەرکوک چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، ئاماری زیانەکانی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژانی 8 و 9ی کانوونی یەکەمی 2025 ناوچە جیاجیاکانی گرتەوە، بەپێی راپۆرتەکە زۆرترین رێژەی بارانبارین و زیانەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بووە.

بەپێی راپۆرتەکە، بەهۆی لافاوەکەوە لە قەزای چەمچەماڵ دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکە بریندار بوون و کەسێکیش بێسەروشوێنە، لە قەزای کەلار منداڵێک و لە کەرکوکیش منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بەهۆی لافاوەوە خنکاون. هەروەها لە سنوری بالیسانی پارێزگای هەولێر بەهۆی هەورەبروسکەوە شەش پێشمەرگە بریندار بوون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە چەمچەماڵ و تەکیە رێژەی بارانبارین زۆر بەرزبووە و گەیشتووەتە سەرووی 170 ملم، بەو هۆیەوە 500 ماڵ لە چەمچەماڵ و دەیان ماڵ لە سلێمانی و بازیان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها لە ناحیەی شوان 400 حەوزی ماسی لەناوچوون.

گەرمیان و کەرکوک:

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، زیانێکی زۆر بەر بازاڕی قەزای رزگاری کەوتووە و پردی نێوان هەردوو قەزای کەلار و رزگاری پچڕاوە، لەگەڵ تێکشکانی پرۆژەی ئاودێری سەلام. لە کەرکوکیش جگە لە گیانلەدەستدانی منداڵێک، پردێکی ستراتیژی لە قەزای داقوق داڕماوە کە هاتوچۆی نێوان کەرکوک و بەغدای پەکخستووە.

هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە:

لە پارێزگای هەولێر بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە، پرۆژەکانی ئاو لەسەر زێی گەورە بۆ ماوەی 24 بۆ 48 سەعات راگیراون. لە هەڵەبجەش بەهۆی بارانەوە پشووی رەسمی لە خوێندنگە و زانکۆکان راگەیەندراوە.

سۆران و راپەڕین:

لە ئیدارەی سۆران و راپەڕین بەفرێکی زۆر باریوە، بەو هۆیەوە دەروازەی کێلێ بە تەواوی داخراوە و جووڵەی بازرگانی راگیراوە، لە دەڤەری باڵەکایەتی و چۆمانیش بەفر رێگەوبانەکانی گرتووە.

حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەستبەکار بووە و لە رێگەی تیمەکانەوە هاوکارییەکان دابەش دەکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کەوتووە و بە زووترین کات نۆژەنی دەکەنەوە.

وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتە و هۆڵەکانی خوێندنەوەش زیانیان پێگەیشتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی جددی دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن بە زووترین کات کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە.

حەمەی حەمە سەعید هاوخەمیی خۆیشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و سنوری پارێزگای کەرکوک دەربڕی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و رایگەیاند، دوو بڕیاری بەپەلەیان دەرکردووە کە یەکێکیان تایبەتە بە قەرەبووکردنەوە و ئەوی دیکەشیان پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەیە.

قوباد تاڵەبانی لە میانی بەسەرکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەکرد، قەبارەی وێرانکاری و زیانەکانی لافاوەکەی رۆژی رابردوو دڵتەزێنە، پرسە و سەرەخۆشی لەو خێزانانە دەکەن کە ئازیزانیان لەدەستداوە و پشتیوانی تەواوی زیانلێکەوتووان دەبن.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاشکرایکرد، بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی روداوی هاوشێوە، دوو بڕیاری بەپەلەیان دەرکردووە؛ بڕیاری یەکەم بریتییە لە دامەزراندنی یەکەیەکی فریاکەوتنی خێرای مرۆیی و چاکبوونەوە، کە ئەرکی دابینکردنی خێرای پێداویستییەکان، شوێنی حەوانەوە، خۆراک و ئاوی پاک دەبێت بۆ زیانلێکەوتووان، هەروەها هەماهەنگی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان.

لەبارەی بڕیاری دووەمیشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکان بکات و رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لەم جۆرە روداوانە لە داهاتوودا دیاری بکات.

قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دایە دانیشتوانی چەمچەماڵ، شۆڕش، پیریادیەکان و گەرمیان کە بە تەنها جێیان ناهێڵن و وتی: "ئەمڕۆ سەرنجمان لەسەر یارمەتیدانی گەلەکەمانە، سبەینێ بەدوای راستییەکاندا دەگەڕێین و لێپرسینەوە لە هەر کەمتەرخەمییەک دەکەین".
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی 2026 دوا بخات.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریان، وەزارەتەکەیان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی راسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی بڕیارەکە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندن لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی 1ی ساڵی 2026 دواخراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە بڕیاریانداوە سبەی پێنجشەممە دەوامی رەسمی لە سەرجەم فەرمانگەکان و ناوەندەکانی خوێندن رابگیرێت.

لە راگەیەندراوێکدا پارێزگاری کەرکوک ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکە سەرجەم خوێندنگە و کۆلێژ و فەرمانگەکانی پارێزگا دەگرێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پشووەکە تیمە خزمەتگوزارییەکان و شانەی قەیران و کارەساتەکان ناگرێتەوە و ئەوان لەسەر کارەکانیان بەردەوام دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی داواکارییەکی دانیشتوانی چەمچەماڵ و ناحیەکانی سنورەکەدا رایگەیاند، دەسەڵاتی داوە بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە رەچاوی دۆخی مامۆستایان و خوێندکاران بکەن.

رانکۆ بەکر، لە بەرنامەی (پرسی رۆژ)ـی کەناڵی کوردسات نیوز، داواکاری و نیگەرانیی هاووڵاتیانی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی سنورەکەی گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

لە وەڵامدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی رەسمی کوردسات نیوز وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و رایگەیاند: "گفتوگۆمان لەگەڵ مامۆستا نەژاد کردووە و دەسەڵاتمان پێداون کە رەچاوی دۆخەکە بکەن".

وەزیری پەروەردە جەختیکردووەتەوە، پێدانی ئەو دەسەڵاتە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی مامۆستایان و خوێندکارانی سنورەکەدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی بە مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، قوباد تاڵيبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی تۆمەتبەخشینەوە نییە و رۆژی ئەوەیە هەموومان چەمچەماڵی بین، جەختیکردەوە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ژیانی خەڵکی چەمچەماڵە و دواتر یارمەتیدانی ئەو کەسانەی زیانیان پێگەیشتوە.

ئەمرۆ چوارشەممە، لە کۆنفرانسکی رۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانن و بەڵێن بەخەڵکی چەمچەماڵ دەدەن لەگەڵیاندان و ناهێڵن لەوە زیاتر توشی نارەحەتیی ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەکەیەکی فریاگوزاری خێرایان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی چەمچەماڵ.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، دوو لیژنەیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە، یەکیان بۆ فریاگوزاری خێرا و لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روداوەکە و دوپاتیکردەوە هەرکەسێک کەمتەرخەم بووبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە کاتیش شوێنی گونجاو بۆ مانەوەی ئەو کەسانە دابین دەکەن، کە زیان بە ماڵەکانیان گەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پرسی خوێندنیش، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵن تا زیانەکان کاریگەریی لەسەر خوێندکاران دروست نەکات.

جەختیشیکردەوە سندوقێکی هاوکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دروست دەکەن، چونکە روبەڕوبوونەوەی ئەم جۆرە روداوانە پێویستی بەکاری هەرەوەزییە.

 لە کۆتاییشدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمە فریاگوزاریەکانی کرد و رایگەیاندك هەر ئەو کارانەیان لێ چاوەڕوان دەکرێت و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد، کە دەستی هاوکارییان بۆ چەمچەماڵ درێژ کردوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی نەجم هۆگر بڵاوکردەوە، رایگەیاندوە؛ بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی نەجمەدین تۆفیق عەلی، ناسراو بە (نەجم هۆگر)  زۆر غەمباربووم. و پرسەو سەرەخۆشش لەخێزانەکەی دەکات.

 

 دەقی راگەیەندراوەکەی خانمی یەکەمی عیراق:

خانمی یەکەمی عێراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی نەجم هۆگر بڵاوکردەوە، کەئەمە دەقەکەیەتی: 

بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی نەجمەدین تۆفیق عەلی، ناسراو بە (نەجم هۆگر) ، زۆر غەمباربووم. 

بەم کۆچە، گەلەکەمان ئەستێرەیەکی درەوشاوەی دنیای هونەر و دراما و شانۆ، شاعیر و نوسەرێکی بەتوانای لەدەستچوو کەدەیان شاکاری پێشکەشی کۆمەڵگە کردبوو. 

بۆ ئەم خەمە پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی ئەکەم، هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.

خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دوای دوو رۆژ لەو شەپۆلەی بارانبارینەی، کە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی گرتوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، لە 48 سەعاتی رابردودا، زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان زیادی کردوە، ئاماژەی بەوەش کرد تەواوی بەنداوە بچوکەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی  سەرڕێژیان کردوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز، رەحمان خانی بەرێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە 48 سەعاتی رابردودا هەرێمی گرتوەتەوە، ئاستی ئاویی هەریەکە لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بە شێوەیەکی باش بەرز بوەتەوە.

ناوبراو رایگەیاند، بەگوێرەی داتاکان تەنها لە 48 سەعاتی رابردودا  بەنداوی دوکان 70 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش 150 سانتیمەتر  ئاستی ئاوەکەیان بەرز بوەتەوە، تەنها لەو دوو بەنداوەدا زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو زیادی کردوە.

لەبارەی بەنداوە بچوک و  پۆندەکانیشەوە، رەحمان خانی رایگەیاندوە، هەر هەموویان پڕبون  و سەرڕێژیان کردوە.

ئەمە لە کاتیكدایە، کەشناسی هەرێم رایگەیاندوە، لە دوانیوەریۆی ئەمڕۆوە کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی گرتوەتەوە بەرەو کۆتایی دەچێت و نمە باران لە چەند ناوچەیەک بەردەوامی دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم  پێشبینی بۆ 24 سەعاتی داهاتووی کە‌شوهەوا بڵاوکردەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانیش کەشی ئەمڕۆی ناوچەکە بە گشتی ئاسمان هەور و هەندێ کات نیمچە هەور دەبێت، کاریگەری ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردوە بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام ناجێگیری کەشوهەوا لە چەند ناوچەیەک بەردەوامی دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاندوە؛ پلەکانی گەرما نزیکدەبن لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و شەپۆلی بارانبارینەکە بەرەو کۆتایی دەچێت  و ئەگەری باران بارین  لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە سنووری پارێزگای دهۆک لەکاتی جیا جیا دەبێت .

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ کاریگەری ئەم شەپۆلەی باران بارینە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتایی دێت و ئەوەی ئەمێنێتەوە ئەگەری نمە بارانە لە ناوچە جیاجیاکان.

لەبارەی کەشی سبەینێ پێنج شەممەشەوە کەشناسی رایگەیاندوە؛ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری نمە باران لە هەندێ کاتدا دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ کەمێک بەرزدەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزییش بەمشێوەیە دەبێت؛

هەولێر : 14 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی

دهۆک : 14 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 15 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی

سۆران: 10پلەی سیلیزی

ئاکرێ : 15 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی

ئامێدی: 10پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 دوای دوو رۆژی بەردەوام لە بارانبارین، کەشناسی سلێمانی رێژە بارانبارینی گشتی سلێمانی بۆ ئەمساڵ بڵاوکردەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانلە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 250 ملم بارانباریوە.

جەوهەر حەمەلاو، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە  کوردسات نیوزی راگەیاند، تەنها لە 24 سەعاتی رابردودا 122.7 ملم  لە سلێمانی باران باریوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی داتاکانیان، تا ئێستا کۆی گشتی بڕی بارانبارینی ئەمساڵی لە سلێمانی گەیشتەوەتە 258.7 ملم و ئەمەش رێژەیەکی باشە بۆ بڕی باران بارین.

ناوبراو راشیگەیاند، ساڵی پار ئەم کاتانە لە سلێمانی 145.3 ملم بارانباریوە و رەنگە تا درەنگانێکی ئەمشەو بڕیی بارانبارین لەسەنتەری پارێزگاکە بگاتە دوو هێندەی بڕی ساڵ پار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هاتووە؛  بەداخەوەن کە بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان کەوتوە بە تایبەت لە سنوری چەمچەماڵ و کەرکوک کە گیان لەدەستدانی لێ کەوتەوە

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ وێرای ئاراستەکردنی پەژارە وماتەمیان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، دەستخۆشیش لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن کە بەردەوامن لە کارەکانیان.

داواش دەکەن هەماهەنگی هەبێت لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکان و حکومەتی فیدڕالیش لە دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی  پێویست  بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە داهاتوودا.

 

دەقی راگەیەندراوەکە

راگەیەندراوێک  لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە

بەداخەوە کە ئەمرۆ لەم شەپۆڵی بارانبارین و لافاوەی شارەکانی کوردستانی گرتوەتەوە  زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و چەندین شوێنی گشتی  کەوتووە ، بەتایبەتی لە شاری چەمچەماڵ لە هەرێم و سنوری لەیلان لە کەرکوک  گەیشتە  گیان لە دەستدان و خنکان. 

وێڕای  ئاڕاستەکردنی  ماتەم و پەژارەی  خۆمان  بۆ کەسوکاری کۆستکەوتوان ، دەستخۆشی لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هیممەت بۆ چارەسەری لێکەوتەکانی لافاوەکە دەکەن، بە پەرۆشەوە داواکارین هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حکومەتی هەرێم ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەزگا ڕەسمییەکانی  حکومەتی  فیدڕاڵی لە دابیکردنی ئامێر و کەرەستەکانی پێویستن بگاتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو و بە زوویی کۆنترۆڵی  زیانەکان  بکرێن. بەتایبەتی کە ئەم شەپۆڵە ماوەیەک بەردەوام دەبێت و پێویستی بە کۆششی دەستەجەمعی و فریاگوزاری دەستبەجێ هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم راگەیەندراوێکی لەسەر روداوەکانی ئەمرۆ بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندوە؛ لەم رەوشە نەخوازراوەدا، پشتيوانيى ته‌واویان بۆ خه‌ڵكى خۆشه‌ويستى چه‌مچه‌ماڵ و زيانلێكه‌وتووانى لافاوه‌كه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه و  پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکات.

سەرۆکی هەرێم رایگەیاندوە؛ به‌ داخێكى زۆره‌وه‌ هه‌واڵى گيانله‌ده‌ستدانى دوو هاووڵاتى له‌ سنوورى  چه‌مچه‌ماڵ و هاووڵاتييه‌ك له‌ سنوورى له‌يلان له‌ كه‌ركووك پێگه‌يشوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپاردوە، تا به‌ هاناى لێقه‌وماوانه‌وه‌ بچن و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ پاراستنى گيان و ماڵى هاووڵاتيان بدەن

 

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێم:

به‌ داخێكى زۆره‌وه‌ هه‌واڵى گيانله‌ده‌ستدانى دوو هاووڵاتى له‌ سنوورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ و هاووڵاتييه‌ك له‌ سنوورى له‌يلان له‌ كه‌ركووك و برينداربوونى ژماره‌يه‌كى ديكه‌مان به‌هۆى لافاوه‌وه‌ پێگه‌يشت.

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵم ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانييان ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوخه‌ميانم. له‌ خواى مه‌زن داواكارم گيانى خوالێخۆشبووان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت، هه‌روه‌ها هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازم.

لەم دۆخە نەخوازراوەدا، پشتيوانيى ته‌واومان بۆ خه‌ڵكى خۆشه‌ويستى چه‌مچه‌ماڵ و زيانلێكه‌وتووانى لافاوه‌كه‌ دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌. لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاسپێردراون كه‌ به‌ هاناى لێقه‌وماوانه‌وه‌ بچن و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ پاراستنى گيان و ماڵى هاووڵاتيان و پێشكه‌شكردنى هاوكاريى پێويست، بده‌ن.


نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2025/12/9

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، لەسەر بارانبارینی بەخوڕ و هەڵسانی لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وێرای دڵتەنگی و هوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، داواش دەکات حکومەتی فیدڕاڵ هەماهەنگی بکات لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ بەهاناوەچونی هاووڵاتییان .

سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاندوە،  لە نزیکەوە چاودێری دۆخی گەلەکەیان دەکەن لە هەرێمی کوردستان دوای ئەو لافاو و بارانبارینە بەخوڕانەی کە چەند ناوچەیەکی گرتەوە، بەداخەوە جگە لە زیانی مادیی زیانی گیانی و برینداری لێکەوتەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی قووڵی ئەم روداوە دڵتەزێنانە، هاوسۆزی تەواوی سەرۆکایەتی کۆمار دووپات دەکەنەوە لەگەڵ کەسوکاری قوربانیەکان، لەگەڵ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کە زیانی ماددییان بەرکەوتووە.

داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی فیدراڵی دەکات، کە دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری پێویست، هەروەها هەوڵەکانی فریاگوزاری خێراتر بکەن و هاووڵاتییان بپارێزن.

 

دەقی راگەیەندراوەکە


ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی گەلەکەمان دەکەین لە هەرێمی کوردستان دوای ئەو لافاو و بارانبارینە بەخوڕەی کە چەند ناوچەیەکی گرتەوە، بەداخەوە زیانی گیانی و برینداری لێکەوتەوە، هەروەها زیانی ماددی بەرچاوی لێکەوتەوە.

وێڕای دەربڕینی دڵتەنگی قووڵی خۆمان بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە، هاوسۆزی تەواوی سەرۆکایەتی کۆمار دووپات دەکەینەوە لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان و بریندارەکان، و لەگەڵ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کە زیانی ماددییان بەرکەوتووە.

هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین کە دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری پێویست، هەروەها هەوڵەکانی فریاگوزاری خێراتر بکەن و هاوڵاتییان بپارێزن.

خوای گەورە قوربانیان بەر بەزەیی خۆی بخات و ئارامی بە کەسوکاریان  ببەخشێت، هیوای هەر چی زووە بۆ چاکبونەوەی برینداران دەخوازین. 
خوای گەورە عێراق و گەلەکەی لە هەموو زیانێک بپارێزێت.

سەرۆکایەتی کۆمار
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند،  لە گوندی خەتێ لە سنوری گوندی باڵیسان، هەورەبروسکە لە شەش پێشمەرگەی داوە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی رانییە کراون، ئاماژەی بەوەشکرد یەکیان تەندروستی ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، خالید ئەحمەدی پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەو پێشمەرگانەی هەورەبروسکە لێی داون،سەر بە  فەوجی سێین لە لیوای 712ن و لە کاتی روداوەکەدا لە ئەرکدا بوون.

بە گوێرەی زانیاریەکان روداوەکە کاتیك بووە، پێشمەرگەکان نانی نیوەرۆیان خواردوە و جگە لە زیانی گیانی هەورەبروسکەکە زیانی مادیشی هەبووە و بوەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شوێنی روداوەکە.

یەکێک لە پێشمەرگەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، روداوەکە لە کاتی نانخواردندا بوو، 12 پێشمەرگەبوون و شەشیان تەندروستیان خراپ بووە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو یەکێکە لەوانەی دەستی سوتاوە بەهۆی هەورەبروسکەکەوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، لە ئێستادا پێشمەرگەکان پێنجیان  تەندروستیان جێگیرە و لە فریاکەوتنی رانییە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، بەڵام یەکێکیان بەهۆی ناجێگیری تەندروستییەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

لەسەر هەڵوێستی هێزەکانی کۆماندۆ و هێزە ئەمنییەکان کۆمەڵەی خێندکاران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسیان دەکات و هەڵوێستەکەیان بە مێژویی ناودەبات

ئەمرۆ بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە، لە سنوری چەمچەماڵ، لافاو هەڵساو بەهۆیەوە ژمارەیەک خوێندکار لە یەکێک لە خوێندنگەکاندا گیریان خوارد، هێزەکانی کۆماندۆ و ئۆپراسیۆن چون بەهانایانەوە و توانیان رزگاریان بکەن.

كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێدا  سوپاسی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش و سەرجەم دەزگا ئەمنی و فریاگوزارییەكانی سنووری سلێمانی دەكات.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ لە لافاوەكەی ئەمڕۆدا ئەو هێزانە هەڵوێستێكی مێژووییان تۆماركرد و ژمارەیەكی زۆر خوێندكاریان لە خوێندنگەكان رزگاركرد و بەهانایانەوە چوون.

كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان هیوای سەلامەتی بۆ هەموولایەك دەخوازێت و بۆ هەر ئەركێكی پێویست تیمەكانمان ئامادەی هاوكاری و پشتیوانین.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8182838485...955