پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێک بەتۆمەتی کوشتنی براکەی دەستگیرکرا
سام
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە قەزای شارەزوور، هاووڵاتییەک کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـە، تۆمەتبارە بە کوشتنی براکەی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی شارەزووری سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزووری بەڕێوەبەرایەتیمان تۆمەتبارێکیان بەتۆمەتی کوشتنی براکەی دەستگیرکرد.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە: دوای ئەوەی لە روداوێکدا لە قەزای شارەزوور، تۆمەتبارێک بە چەقۆ برایەکی خۆی کوشت، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی روداوەکە و لەلایەن تیمەکانی بەڵگەی تاوان کەشف و هێڵکاری بۆ شوێنی روداوەکە ئەنجامدراو لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکرد و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت: سەرەنجام و دوای ناچارکردنی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە، تۆمەتباری روداوەکە بەناوی (ئـ، ئـ، ع لەدایکبووی 2006) خۆی رادەستی بنکەی پۆلیسی شارەزوور کرد و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (406) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە.



