کوردستانکوردستان

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی "باشترین هاندەری جیهان" لە یانەی زاخۆ دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هاوسۆزی و یەکدڵیی خەڵکی کوردستانە، هیواش دەخوازێت ئەو یەکدەنگییە بۆ ناو کایەی سیاسیش بگوازرێتەوە.

لە پەیامێکدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ، وەرزشی کوردستان و تەواوی خەڵکی کوردستان، بۆیە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە زاخۆی دەلال و هەمووان دەکات.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، شیرینی و خۆشی بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرهەمی هاوسۆزی و پاڵپشتی هەموو خەڵکی کوردستان بوو. دەشڵێت: "گەلی کورد کە بەو هەموو ستەم و سەرکوت و ئازارەی بەسەریدا هاتووە، هەر زیندووە و هەر بەرەوپێش دەچێت، بەرهەمی ئەو هاوسۆزی و یەکدڵییەی خەڵکە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی بەراوردێک لە نێوان خۆشییەکانی زاخۆ و کارەساتە سروشتییەکەی ئەم دواییە دەکات و دەڵێت: "لەم ماوەیەدا هەمووان یەکدڵ و یەکدەنگ پشتیوانیی زاخۆ بوون و ئەمڕۆش لە جەژن و خۆشیی زاخۆییەکاندا بەشدارن، هەروەکچۆن لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە ناخۆشیشدا هەمووان هاوسۆز و پشتیوانیی خەڵکی چەمچەماڵ و گەرمیان بوون."

لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی هیوا دەخوازێت ئەو هەستە پیرۆزەی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی و یەکدەنگییەی لەناو خەڵکی کوردستاندا هەیە، بگوازرێتەوە بۆ ناو سیاسەتیش، چونکە بە وتەی ئەو "ئەمە رێگە دروستەکەیە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەرەو دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو بنێت."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ هەریەک لە سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکەکانی پێشوو لە پۆستەکانیان بەخشران.

بەپێی فەرمانەکە، عەلی رەئوف وەک سەرۆکی نوێی شارەوانی چەمچەماڵ و هاوکار فازڵ وەک سەرۆکی شارەوانی شۆڕش دەستنیشانکراون و ئەمڕۆ بە رەسمی فەرمانی دەستبەکاربوونیان ئاڕاستە کراوە.

گۆڕانکارییەکان دوای رووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ و شۆڕش دێن، کە بەهۆیەوە بڕیاری بەخشینی هەریەک لە ئارام نەجات، سەرۆکی پێشووی شارەوانی چەمچەماڵ و بورهان ئەمین، سەرۆکی پێشووی شارەوانی شۆڕش لە پۆستەکانیان درا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی موچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغداد کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە (16ی کانوونی یەکەمی 2025)، تیمی تەکنیکی وەزارەت لیستی موچەی مانگی 12ی ئامادەکردووە و رەوانەی بەغدادی کردووە.

بڕیارە سبەی چوارشەممە، لیستەکە بە رەسمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت، تاوەکو دوای وردبینیکردن دەست بە ناردنی شایستە داراییەکان بکرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ خەڵاتی "باشترین هاندەری فیفا"یان بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا، ئەوەش وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییە مرۆییەی کە بۆ پشتیوانی لە منداڵانی نەخۆش ئەنجامیاندا و دەنگدانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە پاش ئەو هەوڵو بەشدارییە کارایەی کوردانی ناوە و دەرەوەی وڵات بۆ دەنگدان بە یانەی وەرزشی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین هاندەری جیهان، یانەی زاخۆ توانی ئەو نازناوە بەدەستبهێنێت.

سایتی رەسمی فیفا نووسیوێتی: روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 13ی ئایاری رابردوو، کاتێک پێش دەستپێکردنی یاری نێوان زاخۆ و یانەی حدود لە خولی ئەستێرەکانی عیراق، هاندەرانی زاخۆ هەزاران بوکەڵە و یاری منداڵانیان هەڵدایە ناو یاریگاوە. ئەو یارییانە دواتر لەلایەن یانەکەوە کۆکرانەوە و بەخشرانە ئەو منداڵانەی کە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن.

یانەی زاخۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "هەڵدانی یاری منداڵان بۆ ناو یاریگا، گیانێکی مرۆیی نموونەیی نیشاندا کە لەلایەن کۆمەڵگەی وەرزشی کوردستان، عیراق و ئاسیاوە ستایش کرا."

یانەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هاندەرانیان بڕبڕەی پشتی تیمەکەن و بەردەوام بە چالاکییە داهێنەرانەکانیان سەرنجی هەمووان رادەکێشن، هیوای خواستووە ئەو پشتیوانییە بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر.

هاندەرانی زاخۆ دوای کێبڕکێ لەگەڵ دوو کاندیدی دیکە، توانیان خەڵاتەکە بەدەستبهێنن. خەڵاتی هاندەری فیفا لە ساڵی 2016وە دابەش دەکرێت و تایبەتە بەو هاندەر یان گرووپانەی کە پابەندبوونێکی ناوازە یان هەڵوێستێکی کاریگەر لە جیهانی تۆپی پێدا تۆمار دەکەن، بەبێ رەچاوکردنی خول، رەگەز، یان نەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەمێک لەمەوبەر لە پیرمام، کۆبوونەوەی باڵای نێوان وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو.

بەپێی زانیارییەکان، وەفدی یەکێتی پێکهاتوون لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران. لە بەرامبەردا وەفدی پارتی لەلایەن هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.

تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوە کردەییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و داڕشتنەوەی بەرنامەی حکومەت، هاوکات پرسی یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە بەغداد و پرسە هەنووکەییەکانی دیکە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە بەغداد.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەنگاوە کردەییەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم تاوتوێ دەکرێن، لەگەڵ چۆنیەتی داڕشتنەوەی کارنامەی حکومەت بە شێوەیەک کە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت. هاوکات پرسی یەکخستنی دەنگی کورد لە بەغداد بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە سیاسییەکان بەشێکی دیکەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە دەبێت.

پێکهاتەی وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا بریتییە لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.

لە بەرامبەردا، وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، ناونسین بۆ تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی 'placement test' دەستپێدەکاتەوە و خوازیاران دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاشکرایکرد،؛ رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 تا 24-12-2025 ناونوسین بۆ تاقیکردنەوەی دیارکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی 'placement test' لە سێنتەری زمانی زانکۆکانی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم مەبەستە خوازیاران دەتوانن داواکارییەکانیان لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بکەن:

 

https://lc.digital.gov.krd/#/login

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەدەنگەوەهاتن و هاوکاریکردنی قوربانیانی کارەساتە سروشتییەکەی ئەم دواییە، گروپی کۆمپانیاکانی "ئێم جەی هۆڵدینگ" بڕی 500 ملیۆن دیناری وەک هاوکاریی بەپەلە بەخشی بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ.

زریان سەڵاح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی "ئێم جەی هۆڵدینگ" بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و ئەخلاقی بەرانبەر ئەو رەوشە نەخوازراوەی روی لە ناوچەکە کردووە، بڕیارمان دا بە بەخشینی بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ کەسوکاری زیانلێکەوتووانی قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی شۆڕش و ناوچەکانی دەوروبەری."

 ئەم هاوکارییە وەک بەدەنگەوەهاتنێک بۆ رەوشی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ، کە لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەو لافاوەی قەزاکەی گرتەووە زیانێکی  بە شارەکە گەیاند.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم ئاشکرایکرد، ئەو تەمومژەی ئێستا ناوچەکانی گرتوەتەوە تا سبەینێ بەردەوام دەبێت و مەوداوی بینین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.

 بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، کاریگەری دروستبوونی ئەو تەمومژەی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، لە هەندێک ناوچە مەودای بینین تەنها سەد مەتر دەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکرد، مەودای بینین لەناوچەکانی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت، لە هەولێر 200م، سلێمانی 10کم، شەمامک 100م، دهۆک 7کم، زاخۆ 6کم، چەمچەماڵ 10کم دەبێت.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ، پێشبینی دەکات هاتنی بەفربارین وبارانبارین بۆ سەر زۆربەی ناوچە ناوچەشاخاوییەکان هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق و وەفدی هاوڕێی.

لە دیدارێکدا کە  فەرمەرز ئەسەدی کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باس لە باردۆخی ناوچەکەو پێشهاتە نوێکان کرا لە عیراق و هەرێمی کوردستان، پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق و هەرێم تەوەری  گفتوگۆکان بوو.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند، خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کورد بە یەکگرتوویی لەبەغداد بێت و بەشداری لە حکومەتی نوێدا بکات، لە هەرێمی کوردستانیش هەرچی زووە کابینەی نوێ پێکبهێندرێت.

سەقامگیری ناوچەکەو پەیوەندییە سیاسیی و لەمێژینەییەکانی کورد و کۆماری ئیسلامی ئێران تەوەرێکی تری دیدارەکەبوو، جەختکرایەوە لە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە کولتووری و بازرگانی و مرۆییەکان لە نێوان هەردوو گەلی کوردو کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بوونی تەمێکی زۆرەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کاتێکی نادیار راگیرا.

پەیامنێری کوردسات نیوز: سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا و بوونی تەمێکی زۆرەوە بۆ کاتێکی نادیار راگیراوە.

لە بارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەدنییەکانی  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە  ئاسایییە و هیچ گەشتێک رانەگیراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کەشناسی عیراق رایگەیاندووە، لەبەرەبەیانی سبەینێوە تەمێکی زۆر سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە و بە تەواوەتی مەودای بینین کەمدەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمپانیای دانە غاز و نەوتی هیلال بڕی دوو ملیار و 800 ملیۆن دینار هاوكاری پێشكەش بە زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ دەكەن.

لە چوارچێوەی هاوكارییەكان بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ، هەردوو كۆمپانیای دانە غاز و نەوتی هیلال، بڕی دوو ملیار و 800 ملیۆن دیناریان وەك هاوكاری بۆ قەزای چەمچەماڵ تەرخانكرد.

هەردوو كۆمپانیاكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەو پارە پێشكەش دەكەن بە خێزانە زیانلێكەوتووەكانی چەمچەماڵ ئەوەش بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابەش دەكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دانە غاز لە عیراق رایگەیاندووە، وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مرۆیی و نیشتمانیی، ئەم دەستپێشخەرییەیان كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی پشکنینی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ داوا دەکات، زیانلێکەوتووان سبەینێ ئۆتۆمبێلەکانیان ئامادەبکەن بۆ دیاریکردنی رێژەی زیانەکان.

لیژنەی پشکنینی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، لە راگەیەنروێکدا ئاگاداری زیانلێکەوتووان دەکاتەوە، ئەوانەی فۆڕمیان پردوەتەوە سبەینێ ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شوێنانە ئامادەبکەن کە دیاری کراوە، بۆ ئەوەی پشکنین و دیاریکردنی رێژەی زیانەکانیان بۆ ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سەعات 8:30 لەو شوێنانەی دیاریکراوە پشکنینەکان ئەنجامدەدرێت.

 

شوێنەکان:

چەمچەماڵ / بەردەم پەیمانگەی تەکنیکی چەمچەماڵ

ناحیەی شۆڕش / بەردەم ناحیەی شۆڕش

ناحیەی تەکیە/ بەردەم ناحیەی تەکیە

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارێزگاری کەرکوک، لەبارەی زیانەکانی لافاو لە کەرکوک و چەمچەماڵ رایگەیاند، بەڵێنی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاو لە گوندەکانی کەرکوک دەدەین و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کاری زیاتر بۆ چەمچەماڵ دەکەین.

رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی زیانەکانی لافاو لە کەرکوک رایگەیاند: بەداخەوە کە بەهۆی لافاوەوە بەشێكی زۆری لادێكانی كەركوك تووشی زیانی گەورە بوون و بەڵێن دەدەین کە زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی كەركوك قەرەبوو بکرێنەوە.

هاوکات لەبارەی زیانەکانی لافاو لە چەمچەماڵیش ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق رێککەوتوین بۆ رەوانەکردنی نەوتی سپی بۆ چەمچەماڵ.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای لافاوەکەوە ئامێر و کارمەندمان بۆ چەمچەماڵ ناردوەو لە داهاتوویەکی نزیکدا کاری زیاتر بۆ چەمچەماڵ دەکەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) سەبارەت بە پرسی کورد، راپۆرتێکی ئامادەکردوە و ناڕەزایی توند دەردەبڕێت لە بەرانبەر خوێندن بە زمانی کوردی و بە قبوڵنەکراو ناوی بردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە خوێندن بە زمانی کوردی یەکێکە لە داواکارییەکانی کوردی باکور لە تورکیا.

راپۆرتەكەی مەهەپە، كە لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و بە دەستپێشخەری پڕۆسەی چارەسەری ناودەبرێت، داواكارییەكانی كورد لە باكوری كوردستان و پارتەكان بۆ خوێندن بە زمانی دایك رەت دەكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی میدیای توركیا، مەهەپە جەختیکردوەتەوە لەوەی خوێندن بە زمانی دایك بە هیچ جۆرێك رێگەپێدراو نییە و پێیان وایە  دامەزراندنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی فرەزمان لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی ناكۆكی و دابەشبوون.

مەهەپە دوپاتیکردوەتەوە، کە زمانی دەوڵەت تەنها زمانی رەسمییە و  خوێندنیش بەو زمانە رەسمییە دەبێت، بیانوشیان بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهاندا، خوێندن بە زمانێكی بیانی یان بە زمانی دایك بوونی نییە و زمانی زانست و خوێندن زمانی رەسمییە.

لە راپۆرتەکەدا،  مەهەپە بەکارهێنانی زمانی دایکی لە ژیانی رۆژانەدا بە مافێکی رەوا داناوە، بەڵام کردن بە رەسمی و خوێندنی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە هەموو سیوەیەک رەتکردوەتەوە و پێیان وایە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی نەتەوەیی لە تورکیا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم، بڵاویکردوەتەوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە هەرێم دەکات،  پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزن و لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانیش نمەباران دەبارێت، لە بارەی کەشی سبەینێشەوە ئاماژەیان بەوەکردوە؛ پلەکانی گەرما سێ بۆ پینج پلە بەراورد بە ئەمرۆ دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییەکانیش دەگاتە سفر پلەی سیلیزی.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەرێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی بۆ کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما  یەک بۆ دوو پلە دادەبەزن و لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانیش نمەباران دەبارێت، کەشی ئاسمانیش لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.

لە بارەی کەشی سبەینێ سێشەمەشەوە پێشبینی دەکەن، پلەکانی گەرما سێ بۆ پێنج پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزمببنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش دەگاتە سفر پلەی سیلیزی.

نمەبارانیش لەکاتەکانی بەیانی لەناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک بەردەوام دەبێت، دواتر کاریگەری شەپۆلەکە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزیش بەمشێوەیە دەبێت؛

هەولێر : 9 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 9 پلەی سیلیزی

دهۆک : 6 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 6 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 12 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی

سۆران: 7 پلەی سیلیزی

ئاکرێ : 4 پلەی سیلیزی

ئامێدی: 8 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 8 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7879808182...955